تەنەف؛ زیاتر لە بنکەیەکی سەربازیی

١١ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ١١:٢٥ پێش نیوەڕۆ

بڵێسەی بەهاری عەرەبی لە کۆتایی ساڵی 2010 لە تونسەوە سەریهەڵدا، دوا وێستگەى ئەو بەهارە گەیشتە دەوڵەتی سوریا. بەهاری عەرەبی لە سوریا بە قورسترین قۆناغی خۆی هەژماردەکرێت.

لە 15ـى ئایاری 2011، شەڕ و ئاڵۆزی لەسەر خاکی سوریا دەستیپێکرد، هەر یەکە لە وڵاتانی ئێران، ڕوسیا، ئەمریکا و هەندێک لە وڵاتانی تر بوونە بەشێک لەو شەڕە. لە ناوەڕاستی ساڵی 2014 شەڕەکە گەیشتە ترۆپکی خۆی و بووە ژینگەیەکی زۆر گونجاو بۆ گەشەسەندن و بڵاوبوونەوەی داعش لە هەریەک وڵاتانی عێراق و شام، هەر بۆیە هاوپەیمانێتیەک بە سەرۆکایەتی ئەمریکا پێکهێنرا بە ناوی (هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش).

لەو ڕێگەیەوە هێزەکانی ئەمریکا بە مەبەستی ڕاهێنان و پاڵپشتی لە هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) چەندین بنکەی سەربازیان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دامەزراند، لەوانە: بنکەی سەربازی (العمر و کۆنکیۆ) بۆ پاراستنی کێڵگە نەوت و غازییەکان لە پارێزگای دێرەزوور، بنکەی سەربازی عەین عیسا لە پارێزگای ڕەقە، بنکەی سەربازی رومێلان لە پارێزگای حەسەکە.

بەڵام یەکێکی تر لە بنکە سەربازییە ستراتیجی و جێبایەخەکانی ئەمریکا لەسەر خاکی سوریا، کە گرنگیەکی گەورەی هەیە، چ لەسەردەمی حوکمی بەشار ئەسەد، چ لە پاش کەوتنی حوکمی بەشار ئەسەد و سەردەمی حکومەتی نوێی سوریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع، بەهۆی گرنگی جیۆپۆلیتیکی شوێنەکەی ئەویش (بنکەی سەربازی تەنەف)ـە.

بنکەی تەنەف دەکەوێتە سێگۆشەی سنوری نێوان هەریەک لە وڵاتانی سوریا و عێراق و ئوردن لە ناو خاکی سوریا، هەروەها تەنەف 24 کم دوورە لە دەروازەی سنوری وەلیدی سەر بە پارێزگای حمس. ئەم بنکەیە لە ساڵی 2014 لە لایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دامەزرا و کرا بە ناوەندێکی مەشق و ڕاهێنان بۆ سەربازانی سوپای ئۆپۆزسیونی سوریا بە ناوی سوپای سوریای ئازاد بە سەرۆکایەتی سالم توركی العنتری، ئەم سوپایە پاش دەستپێکردنی شەڕ لە سوپاکەی بەشار ئەسەد جیابوونەوە.


یه‌ك بنكه‌ و چه‌ندین ئامانج

دامەزراندنی ئەم بنکەیە لەو شوێنە هەر لە ساڵی 2014 بۆ کۆمەڵە ئامانج دەگەڕێتەوە لەوانە ڕێگریکردن لە جموجوڵی هێزەکان داعش لە سێگۆشەی سنوری نێوان سوریا و عێراق و ئوردن. 

ئامانجێکی تری ئەو بنکەیە بریتی بوو لە ڕێگریکردن لە فراوان بوونی میلیشیاکانی فاتمیون و زەینەبووینی سەر بە دەوڵەتی ئێران لە خاکی سوریای پێش ڕوخانی بەشار ئەسەد، هەروەها ئەمریکیەکان بەهۆی گرنگی ستراتیجیە جیۆپۆلەتیکەی ئەم پێگە سەربازیەی کە تەنەف هەیبووە لە زەمینەوە ڕێگری کراوە لە ئێرانیەکان بە گەیاندنی هاوکاری چەک و تەقەمەنی لە ئێرانەوە بۆ حیزبوڵڵاـى لوبنانی پێش ڕوخانی بەشار ئەسەد.


به‌رده‌وامبوونى گرنگییه‌كه‌ى له‌پاش ئه‌سه‌دیش
 
تەنەف بەهۆی گرنگی هەڵکەوتەی جوگرافیای شوێنەکەیەوە تەنانەت پاش ڕوخان و هەڵهاتنی بەشار ئەسەدی سەرۆکی پێشووی سوریا، لە 8ـى تشرینی دووەمی 2024، هێشتا بایەخ و گرنگی سەربازیی خۆی لەدەستنەدا و هەمان جێبایەخی پێشووی خۆی هەیە. هەر بۆیە ئەمریکییەکان ڕۆژ دوای ڕۆژ جێپێی خۆیان لە بنکەی تەنەف جێگیردەکەن، چونکە لە ڕێگەی بنکەی سەربازی تەنەفە ئەمریکییەکان ڕێگەیان لە دەوڵەتی ئێران گرتووە یارمەتی لۆجستی و سەربازی لە چەشنی چەک و تەقەمەنی بەڕێگەی وشکانیەوە بە خاکی سوریا بگەیەنرێتە حیزبوڵڵاـى لوبنانی و فراوانکردنی هیلالی شیعی کە ئەمەش ئامانجێکی گەورەی ئەمریکایە چ لە ئێستا یان لە ڕابردوو، چونکە لەم ڕێگەیەوە دەستی ئێران بڕدرا توانای گەیاندنی چەکی نەماوە.

ئامانجێکی تری ئەمریکییەکان لە بنکەی تەنەف، چاودێریکردن و پاراستنی سێگۆشەی سنوری نێوان سوریا، عێراق و ئوردنه‌ لە بازرگانی بە مادەی هۆشبەر و ڕێگریکردن لە جموجوڵ و ئەمبەر و ئەو بەرکردنی پاشماوە و خانە نوستوەکانی داعش لە نێوان سنور و خاکی ئەو سێ وڵاتە.


سنوورى "55 كیلۆمه‌تر"

هەر بەهۆی گرنگی ئەو بنکە سەربازییەوە لە ساڵی 2014، تاکو ئێستا ڕووبەڕووی چەندین هێرشی درۆنی و زەمینی بۆتەوە هەر بۆیە بە ناوی سنوری (55 کم) دەناسرێت چونکە لە ئایار 2017ـدا ئەمریکیەکان داوایان لە هێزەکانی روسیا و ئێران و سوپای سوریا کرد نابێت بە دووری (55 کم) زیاتر نزیک ببنه‌وه‌ لە بنکەی تەنەف.


گه‌وره‌كردنى ته‌نه‌ف له‌به‌رامبه‌ر ده‌ستبه‌رداربون له‌ هه‌سه‌ده‌ و سوپای ئازاد

سەرچاوە دیبلۆماسی و هەواڵییه‌کان باس لەوە دەکەن حکومەتی نوێی سوریا بەسەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع، لە ڕێگەی تۆم باراک نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا، کەوتوونەتە گفتوگۆی چڕ سەبارەت بە پێدانی ئۆفەری ئەوەی مانەوەی هێزی سەربازی ئەمریکا لەسەر خاکی سوریا بکات بە مانەوەیەکی یاسایی و بێگرفت، ئەمەش لە ڕێگەی فراوانکردنی بنکەی سەربازی تەنەف لەبەرامبەر چۆڵکردن و گواستنەوەی تەواوی هێز و بنکە سەربازیەکانی ئەمریکا لە ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بۆ بنکەی تەنەف، بەڵام تائێستا بەرپرسانی باڵای پنتاگۆن بەو داوایە ڕازی نەبوون.

بە پێی ڕونکردنەوە و لێکدانەوەکان بێت، حکومەتی نوێی سوریا بە فەرمی ڕادەستکردنی بنکەی تەنەف بە ئەمریکیەکان بۆ دوو فاکتەر دەگەڕێتەوە:

یه‌كه‌م: چۆڵکردنی و بەجێهێشتنی ناوچەکانی باکور و ڕۆژھەڵاتی سوریای ژێر دەسەڵاتی هەسەدە بۆ تەنەف بە مەبەستی ئەوەی هەسەدە و هێزەکوردیبەکان ناچار بە گفتوگۆیەکی نا هاوسەنگ بکات.

دووه‌م: ئامانجێکی تری ئەم داوایەی ئەحمەد شەرع بریتییە لە خۆبەدەستەوەدانی تەواوەتی هێزەکانی سوپای سوریای ئازاد بە وەزارەتی بەرگری سوریا، چونکە تائێستاش ئەو هێزە مەشق و ڕاهێنایان پێدەکرێت لە لایەن هێزەکانی سوپای ئەمریکاوە. هەرچەندە لە ئێستادا دەوترێت سوپای سوریا ئازاد بە فەرمی بوونەتە بەشێکن لە وەزارەتی بەرگری سوریا.


نوێترین شرۆڤەکان