کێشەی داهاتە نانەوتییەکان؛ هەرێم و بەغدا لەبەردەم ئەنجومەنی دەوڵەتدا
٢٠ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٤:١٣ پاش نیوەڕۆ
دوو کێشەی بنەڕەتی دەستوریی و یاسایی بەردەم ڕێکەوتنی هەرێم و بهغداد، یەکەمیان بابەتی هەناردەکردنی نەوت و داهاتە نەوتییەکانه، دووەمیشیان بابەتی داهاتی نانەوتییە لە نێوان هەردوو حکومەت دا.
پرسی یەکەمیان لە مادەی 13ـى یاسای بوجەی گشتی دا بە وردی باس کراوە و وا خەریکە لەسەر بنەمای ئەم مادەیە ڕێکەوتنی سێ قۆڵی هەرێم و ناوەند و کۆمپانیا نەوتیەکان ئەنجام ئەدرێت، لەبەرئەوەی تەوەری نوسینەکەمان نیە قسەی لەسەر ناکەین و دەچینە سەر بابەتی دووەم کە کێشەی داهاتی نانەوتییە.
دوای چەندین مانگ لە گفتوگۆ بەردەوامی ناکۆیی لە بابەتی داهاتی نانەوتی، دواجار حکومەتی ناوەند یەکلایکردنەوەی پرسەکەی ئاراستەی ئەنجومەنی دەوڵەت کرد، لێرەدا چەند پرسیارێکی سادە و پرسیارێکی جدی دروست دەبێت.
پرسیاری سادە لەم پرسەدا ئەوەیە کە ئایا ئەم پرسە لە تایبەتمەندی ئەنجومەنی دەوڵەتە یان دادگای فیدراڵی؟ ئایا ڕاڤەی ئەنجومەنی دەوڵەت پابەندکارە یان نا؟
وەڵامی ئەم دوو پرسیارە ڕوونە و زۆر نەبووەتە هۆی ڕاجیایی لە نێو شارەزایانی یاسادا، بهڵام بە کورتی دەڵێین بەڵێ لە بنەمادا یەکلاییکردنەوەی کێشەکانی نێوان هەرێم و بهغداد یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی دادگای باڵای فیدراڵی پشت بەست بە مادەی 93ـى دەستور، بەڵام دەتوانین بڵێن ئاراستەکردنی پرسەکە بۆ ئەنجومەنی دەوڵەت دژ نیە لەگەڵ ئەوەی باسکرا، چونکە ئەنجومەنی دەوڵەت لەم پرسەدا بڕیار نادات و تەنها ڕایەکی تهفسیری و ڕاوێژکاریی دەدات بە حكومەتی ناوەند لەسەر بنەمای مادەی (6/ بڕگەی 5) لە یاسای ئەنجومەنی دەوڵەت.
بەمانایەکی تر دەکرێ بڵێین لەم پرسەدا دژیەکی (التعارچ) دروست نابێت لەنێوان تایبەتمەندییەکانی دادگای باڵای فیدراڵی و ئەنجومەنی دەوڵەت دا، چونکە دادگای باڵای فیدراڵی یەکلاییکردنەوەی بابەتەکانی بەردەستی لە رێگەی داوا و بە بڕیاری کۆتایی دەبێت و پشت بە دەقی دەستوریی دەبەستێت و پابەندکارە بۆ سەرجەم دامەرزاوەکانی هەرێم و ناوەند، بەڵام لە ئەنجومەنی دەوڵەت پرسەکان بە دەربرینی ڕاوبۆچوونی ڕاوێژکاریی و تهفسیری یاساکان ڕوون دەکرێتەوە و پابەندکار نیە، تەنها لە حاڵەتێکدا نەبێت کە هەردوو لایەنی پرسەکە ڕێککەون لەسەر یەکلاییکردنەوەی پرسەکە لە ئەنجومەنی دەوڵەت ئەمەش بە بوونی کۆمەڵێک مەرجی یاسایی کە لە مادەی 6ـى یاسای ئەنجومەنی دەوڵەتدا هاتووە.
پرسیاری جدی ئەم بابەتە ڕاڤەکردنی ئەو داهاتە نانەوتییانەیە کە دەبێتە بەشێک لە بودجەی حکومەتی ناوەند
پرسیاری جدی ئەم بابەتە خۆی دەبینێتەوە لە ڕاڤەکردنی ئەو داهاتە نانەوتییانەی کە دەبێتە بەشێک لە بودجەی حکومەتی ناوەند، ئایا پێویستە سەرجەم داهاتەکان بگەڕێتەوە خەزێنەی حکومەتی ناوەند؟ یان نەخێر دەشێت هەندێک لە داهاتەکان لەژێر هەڵسوکەوتی حکومەتی هەرێم دا بێت بەبێ چاودێریی حکومەتی ناوەند؟ ئایا ئەو سەرچاوە یاساییانە کامانەن کە ئەنجومەنی دەوڵەت دەبێت بۆی بگەڕێتەوە لە دەربڕینی ڕاوبۆچوونی خۆی لە پرسەکەدا؟ پشت بە یاسای بودجەی گشتی دەبەستێت یان بە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی؟
لە بنەمادا بۆ پرسی داهاتەکان، نەوتی بێت یان نانەوتی، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ یاسای بودجەی گشتی فێدراڵی، چونکە یاساییەکی تایبەتە لەم پرسەدا بەبەراورد بە یاسای بەرێوەبردنی دارایی فیدراڵی کە دەبێتە یاساییەکی گشتی (الخاص یقید العام)، هاوکات یاسای بودجەی گشتی یاسایەکی نوێ ترە (الجدید یمسح القدیم) و لەمادەی 78/2ـى یاساکەدا هاتووە کە کار بەهیچ دەقێکی یاسایی ناکرێت کە دژ یەک بێت لەگەڵ دەقەکانی ئەم یاسایەدا.
بەگەڕانەوەمان بۆ یاسای بودجەی گشتی، دەبینین لە مادەی (12/ بڕگەی د)ـدا پرسی داهاتی نا نەوتی گەڕاندووەتەوە بۆ یاسای بەرێوەبردنی دارایی فیدراڵی، بەمەش دەتوانین بڵیین ئەنجومەنی دەوڵەت لە دەربڕینی ڕاوبۆچوونی یاسای خۆی لەسەر کێشەی داهاتی نانەوتی هەرێم، دەبێت بگەڕێتەوە بۆ یاسای بەرێوەبردنی دارایی فیدراڵی. دەقی مادەی (12/ د) لە یاسای بودجەی گشتی دەڵێت: "حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە ڕادەستکردنی داهاتی نانەوتی بەپێی یاسایی بەرێوەبردنی دارایی فیدراڵی".
بەگەڕانەوە بۆ یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵی، دەبینین لە مادەی 29ـدا چوارچێوەی یاسایی بۆ داهاتی نانەوتی داناوە، ههربۆیه تێگەیشتنی ئێمە لەم مادەیە بەم شێوەیەیە:
1. بەپێی مادەی (29 بڕگەی 1) بڕی (50%) لە داهاتی ڕسومات و باجی فیدراڵی کە لە هەرێم کۆدەکرێتەوە، بۆ هەرێم دەبێت بە ئاوارتهكردنى "استپناو کردنی" ئەو بڕەی کە وەک باج و رسوماتی گومرکی وەردەگیرێت.
2. هەرێم پشکی خۆی دەبێت لە داهاتی دەروازە سنورییەکان.
3. هەرێم پشکی دەبێت لەداهاتی پترۆ دۆلار.
4. هەر داهاتێک کە پشت بەست بە یاساکانی پەرلەمانی کوردستان بەدەستدێت مافی هەرێمە.
5. داهاتی شارەوانییەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان بەمافی هەرێم دادەنرێت.
بەڵام پێی مادەی (1/ 21) لە یاسای بودجەی گشتی بڕی (80%) لەو داهاتەی کە پێی دەوترێ (الرسوم و اجور الخدمات) بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت و دەبێت ئەر بڕەی تری کە بریتیە لە (20%) بدرێت بە خەزێنەی گشتی ناوەند، ئەمە لە کاتێکدا بە پێی مادەی 29ـى یاسای بەرێوەبردنی دارایی فیدراڵی (100%) بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت.
پشکی هەرێمی کوردستان لە داهاتی نا نەوتی 5 بەشی سەرەکی دەگرێتەوە
هەروەها پشکی هەرێم لە داهاتی دەروازە سنورییەکان کە لە مادەی 29ـى یاسای بەرێوەبردنی دارایی فیدراڵیدا باس کراوە، بەپێی مادەی (2/ 21) لە یاسای بودجەی گشتی بڕی (50%) دەبێتە پشکی هەرێم و نیوەکەی تری بۆ خەزینەی گشتی عێراق دەبێت.
بەنیسبەت پشکی هەرێم لە داهاتی پترۆدۆلار کە لە مادەی 29ـدا باسکراوە، بڕەکەی بەپێی رێنمایی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتی دیاریکراوە کە بریتیە لە (50%) لە داهاتی بترۆدۆلار، دەبێت ئەولەوییەت بدرێت بەو پارێزگا و شارانەی کە لە بەرهەمهێنای نەوت زەرەرمەند بوون.
لە ئەنجامدا و به پشتبەست بە یاساکانی بەرێوەبردنی دارایی فیدراڵی و یاسای بودجەی گشتی و ڕێنمایی جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتی، دەتوانین بڵێین پشکی هەرێمی کوردستان لە داهاتی نا نەوتی ئەمانەی خوارەوەیە:
1. 100% داهاتی شارەوانی و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان.
2. 100% ئەو داهاتانەی کە پشت بەست بەیاساکانی هەرێم وەردەگیرێن.
3. 50% لە داهاتی دەروازە سنورییەکان .
4. 50 % لە رسومات و باجی فیدراڵی.
5. 50 % لە داهاتی پترۆدۆلار.