لێککەوتەکانی داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین: چی دەگۆڕێت و چی ناگۆڕێت؟

٢٢ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٧:٥٦ پاش نیوەڕۆ

بەشێکی زۆر لە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا، لە نێویاندا بەڕیتانیا، فەرەنسا کەنەدا، ئۆسترالیا و پۆرتوگال، ڕایانگەیاند کە بە فەرمی دان بە دەوڵەتی فەڵەستین دا دەنێن، لەگەڵ ئەوانیشدا کۆمەڵێک دەوڵەتی دیکە وەکو بەلژیکا لوکسەمبۆرگ و ئەوانی دیکە ئاماژە دەدەن کە لە کاتی کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک ئەوانیش  بە هەمانشێوە دان بە دەوڵەتی فەڵەستیندا دەنێن. 

لە ڕاستیدا ئەمە گۆڕانکاریەکی گرنگی مێژووییە لە هەڵوێستی ئەم وڵاتانەدا و بە گەورەترین شکانی ڕێککەوتن و هاوهەڵوێستی دەیان ساڵەی ئەوروپا و ئەمریکا دێت کە لە زۆربەی بابەتە هەستیارەکاندا ئەوروپا هاوهەڵوێستی ئەمریکا بووە. 

بەڵام ئایا داننان بە دەوڵەتی فەڵەستین لەم کاتەدا هیچ لە بارودۆخەکە دەگۆڕێت؟

بەشێوەیەکی کورت، دانپێداننان لەم کاتەدا هیچ لە بارودۆخی فەڵەستینیەکان ناگۆڕێت، نە کۆڕیدۆڕی یارمەتی دەکاتەوە، نە ماڵەکان دووبارە دروست دەکات، نە کابینەیەکی فەڵەستینی ئامادە دروست دەکات بۆ بەڕێوەبردنی غەزە، ته‌نانه‌ت نە حکومەتی ئیسرائیل ناچار دەکات لە غەززە بکشێتەوە. ئەو وڵاتانەشی کە ئەم دانپێدانانە دەکەن لەوە دەگەن کەدەرئەنجامێکی ئەوتۆی نابێت دەنگەکانیان، بەڵکو شتێکی سیمبولیە و تەنها لە پێناوی ئەوەدایە کە حکومەتی ئیسرائیل لەوە زیاتر پەل نەکێشێت بۆ دەست بەسەراگرتنی ناوچەکانی تری فەڵەستین بەتایبەتی لە ناوچەی وێست بانک (کەناری ڕۆژئاوا) کە بەزۆری لەژێر هەژمونی حکومەتەکەی مه‌حمود عەباسدایە، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى پرسی دوو دەوڵەتی وەکو پرسێکی کراوە بهێڵنەوە.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە دەبێتە هۆکارێک بۆ پەناگیرکردنی زیاتری ئیسرائیل لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەرتەسککردنەوەی بژاردەکانی لە ئاستی نێودەڵەتیدا، هه‌روه‌ك ڕێکخستنەوەی زیاتری وڵاتانی ئەوروپا لەدەوری پرسی سەربەخۆی فەلەستیندا. 

ئەم دانپێدانانە دوو کاریگەری  گرنگ بەدوای خۆیدا دێنێت. یەکەمیان، کۆتایی بە خووی کۆنی خۆرئاوا دێنێت کە ئەوروپا و ئەمریکا هەمیشە لە یەک بەرە بوون و زیاتر ئەوروپا شوێن پێی سیاسەتی ئەمریکا کەوتبوو. بەریتانیا و کەنەدا و ئوسترالیا و فەرەنسا ئەم هەنگاوەیان بە شێوەیەکی پلانداڕێژراو کردوە، بۆ ئەوەی جیاوازی ڕوونی خۆیان لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا پیشان بدەن.

دووەمیان، ئەم وڵاتانە بەم هەنگاوەیان جۆرە هاوپەیمانیەتیەک درووست دەکەن کە بتوانن لە داهاتوودا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل مەرجداربکەن و لەو چواچێوەیەدا پەیوەندییەکانی خۆیان دروست بکەن کە پەیوەستدارە بە مەسەلەی دوو دەوڵەتیی و دەرکردنی زۆرەملێی فەڵەستینیەکان و کۆمەڵیک بابەتی هاوشێوە.

ئەم کارەیان کاریگەری ئەوتۆی ئەبێت یان نا، پەیوەندیدارە بە هەڵوێستی داهاتووی ئەم وڵاتانەوە لەسەر مەسەلەی سزا ئابورییەکان و بچڕانی پەیوەندی دیبلۆماسی لەگەڵ ئیسرائیل، چونکە قسەکردن بە تەنها هیچ کاریگەریەکی ئەوتۆی نابێت.

دانپێدانان بە شێوەیەکی پراکتیکی کۆمەڵێک لێککەوتەی گرنگی تریشی هەیە لەوانە:

پێگەی نوێنەرایەتی فەڵەستین لەو وڵاتانە بەرز دەکاتەوە. نوێنەرایەتیەکان دەبن بە باڵێۆزخانە و سەرۆکی نوێنەرایەتی دەبێتە باڵێۆز "سەفیر"، ئەمە لەگەڵ دەسەڵاتی تەواو بۆ بەستنی ڕێککەوتنامەی نێودەوڵەتی و دووقۆڵی لەگەڵ فەڵەستین لە بوارە جیاوازەکانی گەشەسەندن و بەرهەمهێنان بەشێوەیەکی یاسایی و دانپێدانراو. 

هەروەها ئەم دانپێدانانە کەیسی فەڵەستین لە دامەزراوە جیهانیەکاندا بەهێرتر دەکات. لەگەڵ ئەوەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان تاکو ئێستا ئەندامێتی تەواوی بە فەڵەستین نەبەخشیوە، کە هۆکاری ئەوەش ڤیتۆی ئەمریکایە، بەڵام وەکو چاودێر ئەتوانن بەشداربن. بەڵام ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان چەندین جار دووپاتی کردووەتەوە کە فەڵەستین شایستەی ئەندام بوونە و داوای لە ئەنجومەنی ئاسایش کردووە کە پێداچوونەوە بە بڕیارەکەیاندا بکەن. ئەم جۆرە دانپێدانانە زیاتر ئەمریکا پەناگیردەکات لەسەر کێشەی فەڵەستین و بەکارهێنانی ڤیتۆ لەسەر بەئەندامبوونی. 

خاڵێکی تر ئەوەیە کە ئەم دەوڵەتە بەهێزانە کاتێک دەڵێن فەڵەستین دەوڵەتە، بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لکانی کەناری ڕۆژئاوا بە ئیسرائیل و کۆچی زۆرەملێ لە غەزە ڕەتدەکەنەوە. کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆش هەر لەسەر هەمان بنەمایە کە دژی فراوانخوازی ئیسرائیل و بارودۆخی ناهەمواری مرۆی غەزەیە. 

بۆچی دانپێداننانی ئەمجارە جیاوازە لە دانپێدانانەکانی پێشوو؟

ئەوروپا بەزۆری پێشتری دانی بە فەڵەستیندا نابوو، بەڵام وەکو ئەمجارە نیە. لە 2024ـدا ئیسپانیا، ئێرلەندا و نەرویژ بەفەرمی دانیان بەدەوڵەتی فەڵەستیندا نا، هەروەها زیاد لە ١٤٠ ئەندامی تری نەتەوە یەکگرتووەکان دانیان بەفەڵەستیندا ناوە لەماوەکانی پێشتردا.

ئەوەی تازەیە ئەمجارە ئەوەیە کە ئەو دەوڵەتانە بەهاوپەیمانی سەرەکی ئەمریکا ئەژمێردرێن و پێکەوە ئەم کارە لەچواچێوەی هاوپەیمانیەتیکدا دەکەن. 

لەگەڵ ئەوەشدا حکومەتی ئیسرائیل زۆر نیگەرانە لە هەڵسوکەوتی ئەم وڵاتانەو بە دەسکەوتێکی گرنگی حەماسی ناو دەنێت و بەردەوامە لە پەرچەکردار و لەم کۆتایەنەدا هێرشەکانی چڕتر کردووەتەوە هەم بۆ غەزە هەم کەنارەکانی ڕۆژئاوا. 

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەم دانپێداننانە کۆمەڵێک کێشەی گرنگی فەڵەستین لەم کاتەدا چارەسەر ناکات. لە ئێستادا فەڵەستین بەتەواوەتی دابەشبوە کە بەشێکیان لەلایەن دەسەڵاتی فەڵەستینەوە "فه‌تح" بەڕێوە دەبرێت و بەشەکەی تریان کە غەزەیە لەلایەن حەماسەوە. ئەم دانپێدانانە کەبچێتە بواری جێبەجێکردنیشەوە ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشەی گەورە ئەبێتەوە، چونکە هەموو لایەناکان بەمەرجی دەست لەچەک هەڵگرتنی حەماس دانیان بە دەوڵەتی فەلەستیندا ناوە.

لەلایەکی ترەوە ئەم دانپێدانانە هیچ سنورێک دیاریی ناکات بۆ دەوڵەتی فەڵەستین. ئەوەی هەیە لە ئێستادا فەڵەستین بە کەنارەکانی ڕۆژئاواشەوە لەژێر هەژموونی ئیسرائیل دایە بەبێ هیچ ڕێککەوتنێک لە دیاریکردنی سنوری نێوانیان یان هەبوونی پایتەختێک بۆ دەوڵەتەکەیان.


* د. هۆگر تەرخانی، لێکۆڵەر و مامۆستای زانکۆیه‌ لە ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئەمه‌ریکا


نوێترین شرۆڤەکان