ڕێککەوتنی نەوت: واشنتن لەنێوان بەغدا و هەولێردا
٢٧ ئەیلوول ٢٠٢٥ - ٧:٥٦ پاش نیوەڕۆ
پشتیوانیکردنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، چەندین ڕەهەندی ستراتیژی و جیۆپۆلیتیکی لەخۆدەگرێت، کە تەنها لە چوارچێوەی میکانیزمی بەڕێوەبردنی نەوتدا قەتیس نابێتەوە، بەڵکو ئامانجی قووڵتر و فراوانتری هەیە بۆ سەقامگیری ناوچەکە و بەرژەوەندییەکانی واشنتۆن لەسەر ئاستی جیهانی.
ئەم هەنگاوە، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بە واتای تەسلیمکردنی تەواوی بەڕێوەبردنی نەوت بە حکومەتی فیدراڵی عێراق نایەت، بەڵکو زیاتر ئاراستەی دروستکردنی میکانیزمێکی هاوبەشە بۆ بازاڕکردن لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە، کە داهاتی فرۆشتنی نەوت سەرەتا لە بانکێکی ئەمریکی دادەنرێت و دواتر لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بەڕێوەدەبرێت.
ئەم مۆدێلە نوێیە، کە لەسەر بنەمای ڕێککەوتنێکی سێ قۆڵی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی فیدراڵی عێراق و کۆمپانیا نەوتییە کاراکانی هەرێم بنیات نراوە، ئامانجی سەرەکی دەستپێکردنەوەی پڕۆسەکانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنە. چاوەڕوان دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ، لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی، لەگەڵ ئاڵنگارییەکان و دەرفەتەکانی ئەم ڕێککەوتنە بە وردی ئاشکرا ببن. کۆمپانیا نەوتییەکان، بە لەبەرچاوگرتنی گرێبەستەکانی بەشداری بەرهەم و ئەو تێچووە زۆرەی لە پڕۆسەکانی دۆزینەوە دەرهێناندا خەرجیان کردووە، هەڵسەنگاندنێکی وورد بۆ قازانج و زیانەکانیان دەکەن، بەتایبەت لە سایەی نرخی شازدە دۆلار یان زیاتر بۆ هەر بەرمیلێک، کە وەک پاداشتێک بۆ خەرجییەکانیان و حەقدەستیان دیاریکراوە. ئەم پڕۆسەیە، سەرەڕای هەموو لایەنە ئەرێنییەکانی، پێدەچێت پرسگەلێکی ناوبژیوانی دادوەری و یاسایی نێودەوڵەتی، لەگەڵ پرسیارگەلی دارایی و شایستەکانی لێبکەوێتەوە، بەڵام سەرەڕای بەربەستە زۆرەکان لەبەردەم ڕێککەوتنەکەدا، وەک هەنگاوێکی یەکەمی کرداری دەستیپێکردووە و دەرئەنجامە سەرەتایی و کۆتاییەکانی لە داهاتوویەکی نزیکدا بە وردی ئاشکرا دەبن.
لەسەر ئاستێکی جیۆستراتیژی فراوانتر، ئەم پشتگیرییە ئەمریکییە لە حەوت ئامانجی سەرەکی ئەمریکا سەرچاوە دەگرێت:
یەکەم: پاراستنی ئاسایشی وزە و جێگیرکردنی بازاڕی جیهانی نەوت. لە سەردەمێکدا کە گۆڕانکاری خێرا بەسەر دابینکردنی وزە و خواست لەسەری دێت، بەردەوامبوونی نەوتی هەرێم بۆ بازاڕەکانی جیهان، دڵنیایی زیاتر بە بازاڕەکان دەدات و یارمەتیدەرە لە کەمکردنەوەی ناجێگیری نرخەکان.
دووەم: سەقامگیرکردنی عێراق و پاراستنی یەکپارچەیی خاکەکەی لە چوارچێوەی سیستەمێکی حکومڕانی فیدراڵیدا، کە ئەمریکا بە فاکتەرێکی سەرەکی دەزانێت بۆ ڕێگریکردن لە ململانێی ناوخۆیی و داڕمانی ئابووری، بەمەش ناوچەکە لە مەترسییە قووڵترەکان دەپارێزێت.
سێیەم: پاراستنی پڕۆسەکانی بەرهەمهێنان و وەبەرهێنانی کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتی کۆمپانیا ئەمریکییەکان، کە بەرژەوەندییەکی گەورە و ڕاستەوخۆیان لەم سێکتەرەدا هەیە و سەقامگیری بەرهەمهێنان گرنگە بۆ قازانجی ئەوان.
چوارەم: نیشاندانی کاریگەری دیپلۆماسی و ڕۆڵی نێوەندگیری ئەمریکا لە چارەسەرکردنی کێشە سیاسی و ئابوورییە ئاڵۆزەکانی ناوچەکە، کە وەک هێزێکی سەقامگیرکەر و چارەسەرکەر دەردەکەوێت.
پێنجەم: دابینکردنی بەدیلی زیاتر بۆ سەرچاوەکانی نەوت لە دژی هەژموونی ئێران و ڕووسیا لە بازاڕەکانی وزەدا، بەتایبەت بۆ بازاڕەکانی ئەوروپا، کە دەیەوێت وابەستەیی خۆی بە وزەی ڕووسییەوە کەمبکاتەوە و ئەمەش دەبێتە کارتێکی بەهێز بۆ ئەمریکا لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیدا.
شەشەم: بەردەوامیدان بە پەیوەندییە جیۆستراتیژییەکانی ئەمریکا لەگەڵ تورکیا، کە وڵاتێکی سەرەکییە لە ڕێڕەوی گواستنەوەی نەوتی هەرێم و هاوپەیمانێکی گرنگە لە ناوچەکەدا.
حەوتەم: چارەسەرکردنی کێشە سیاسی و دەستوورییەکان لە عێراقدا لە ڕێگەی پشتگیریکردن لە ڕێککەوتنێکی شەفاف و دادپەروەرانە، کە مافی هەموو پێکهاتەکان مسۆگەر بکات و کۆتایی بە ناکۆکییە درێژخایەنەکان بهێنێت.
بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم دەرفەتە لە ئێستادا دەبێتە کارتێکی بەهێز بۆ پەرەپێدانی زیاتری وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گازی سروشتیدا، هەروەها بەجێهێشتنی بەشێک لەو قەیرانە دارییانەی کە زیاتر لە یازدە ساڵە گیرۆدەی بووەو بە وەبەرهێنان لە سێکتەرەکانی تردا کە دەتوانێت داهاتێکی نوێ و جێگیر بۆ هەرێم دابین بکات و وابەستەیی بە نەوت کەمبکاتەوە. هاوکات، دەرکردنی یاسایەکی نوێی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراقدا، کە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە ماف و شایستەکانی هەرێم لە بەڕێوەبردنی سامانە سروشتییەکانیدا ڕەچاو بکات، زۆر گرنگە وەک بنەمایەک بۆ پەیوەندییەکی درێژخایەنی هەرێم و بەغداد.
ئەم یاسایە بەو شێوەیە دەکرێت یەکێک بێت لە مەرجە سەرەکییەکانی هەردوو حیزبی سەرەکی هەرێم، یەکێتی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ بەشداریکردن لە حکومەتی داهاتووی عێراق، بەتایبەت لە پاراستنی ڕۆڵ و مافەکانی هەرێمی کوردستان لە بەڕێوەبردن و خاوەندارێتی سامانی نەوت و گازدا. ئەمەش دەستەبەری داهاتوویەکی سەقامگیرتر بۆ هەرێم دەکات و پەیوەندییەکی باشتر لەگەڵ بەغدا بەڕێوەدەبات.
* دکتۆرا لە بەڕێوەبردنی نەوت و گاز