"لە پاشماوەی نەوتەوە بۆ بازاڕە جیهانییەکان"؛ هەرێمی کوردستان وەک بەرهەمهێنەرێکی قیر

٩ تشرینی یەکەم ٢٠٢٥ - ١٢:٤٩ پاش نیوەڕۆ

"لە پاشماوەی نەوتەوە بۆ بازاڕە جیهانییەکان"؛ هەرێمی کوردستان وەک بەرهەمهێنەرێکی قیر

په‌نجه‌ره‌

هەرێمی کوردستان، کە ناسراوە بە سەرچاوە دەوڵەمەندەکانی نەوت، لەم دواییانەدا هەنگاوێکی به‌رچاوى ناوە بەرەو ئه‌وه‌ى ببێته‌ بەرهەمهێنەر و هەناردەکارێکی سەرەکی قیر (ئەسفەلت) بۆ بازاڕە جیهانییەکان. ئەم گەشەسەندنە نوێیە نیشانەی قۆناغێکی نوێی پیشەسازییە لە هەرێم، ئه‌گه‌ر له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ ڕێكبخرێت و په‌ره‌ى پێبدرێت.


قیر چییە؟

قیر ماددەیەکی نەوتییە، شلگۆز و ڕەشباو، کە لە ڕێگەی پرۆسەی پاڵاوتنی نەوتی خاوەوە بەدەست دێت. ئەم پرۆسەیە لەژێر پەستان و پلەی گەرمای بەرزدا (تا 300 پلەی سەدی) ئەنجام دەدرێت. قیر چەندین جۆری هەیە کە بەپێی لینجی، چڕی و پلەی گەرمی توانەوە و بەستنیان، جیاوازن.

بەکارهێنانە سەرەکییەکانی قیر بریتین لە:

ڕێگەوبان و فڕۆکەخانە: وەک ماددەیەکی چەسپێنەر لەنێوان وردە بەردەکان (چەو) بەکاردێت کە دەبێتە هۆی دروستبوونی ماددەیەکی پتەو و کارا بۆ دروستکردنی ڕێگەوبانى هاتوچۆی ئۆتۆمبیل و هه‌روه‌ها فڕگه‌ى فڕۆکەخانەکان، 

داپۆشینی سەربان: بۆ ڕووپۆشکردنی سەربانی بیناکان بەکاردێت بۆ ڕێگریکردن لە دزەکردنی ئاو.


بەرهەمهێنانی قیر لە هەرێمی کوردستان

لە هەرێمی کوردستاندا، پرۆسەی بەرهەمهێنانی قیر بەمشێوەیە دەستپێدەکات:

نه‌وتى خاو له‌ كێڵگه‌كانى هه‌رێمه‌وه‌ ده‌نێردرێت بۆ پاڵاوگه‌ ناوخۆییه‌كان. کاتێک پاڵاوگەکان نەوته‌ خاوه‌كه‌ دەپاڵێون بۆ بەرهەمهێنانی سووتەمەنی و بەرهەمە نەوتییەکانی دیکە، پاشماوەی نەوتی خاوەکە (خڵتە نەوتییەکە) ڕەوانەی چەندین کارگە لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک دەکرێت. لەو کارگانەدا، ئەو خڵتە نەوتییە دەگۆڕدرێت بۆ جۆرەها قیر.

لە هەرێمدا چەندین جۆر قیر بەرهەم دەهێنرێت، لەوانە جۆرەکانی 40/50، 60/70، و 85/100، کە ئەم ژمارانە ئاماژەن بۆ پلەی لینجی قیرەکە. هەندێک لەم جۆرانە بۆ ناوچە ساردەکان گونجاون و هەندێکی تریشیان بۆ ئەو ناوچانەن کە پلەی گەرمیان بەرزە.

کۆمپانیاکانی "عنکاسن" و "فۆنێکس" بە دوو لە گەورەترین کارگەکانی بەرهەمهێنانی قیر لە هەرێم دادەنرێن، لەپاڵ چەندین کارگەی بچووکی دیکە.


هەناردەکردن و ڕەوانەکردنی قیر

قیر لە هەرێمی کوردستانەوە بە سێ ڕێگەی سەرەکی ڕەوانەی دەرەوە دەکرێت:

قیری شل بە تانکەر: قیری شل لە ڕێگەی تانکەری تایبەتەوە هەناردە دەکرێت کە پێویستە ئامێری گەرمکەرەوەیان تێدا بێت بۆ ئەوەی قیرەکە وشک نەبێتەوە و لە شێوەی شلیدا بمێنێتەوە.

قیری توند بە گونی (جەمبۆ): قیری توند کە شێوەی ڕەقترە، لەناو گونی (جەمبۆ) یان کیسەی تایبەتدا بار دەکرێت و هەناردە دەکرێت.

بەرمیل: بەشێکی تر لە قیر، بە بەرمیل ڕەوانەی دەرەوە دەکرێت.

ئەو قیرەی لە هەرێمەوە هەناردە دەکرێت، لە ڕێگەی ئێران و دوبەیەوە دەگاتە بازاڕە جیهانییەکان. وڵاتانی وەک: چین، ئەوروپا، هیندستان و ئەفغانستان لە کڕیارە سەرەکییەکانی قیری کوردستانن.


پێشخستنی پیشەسازی قیر و ئاسۆی داهاتوو

 شارەزا لە بواری وزە،  دانا نەقی، پێیانوایە کە هەناردەکردنی قیر هەنگاوێکی گرنگە لە گەشەی پیشەسازیی هەرێمدا، بەڵام هێشتا ئەم پیشەسازییە لە قۆناغی سەرەتاییدایە. 

ئەو جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەگەر گرنگی زیاتر بە بواری پیشەسازی قیر بدرێت، دەکرێت ببێتە دووەم سەرچاوەی داهات بۆ هەرێم لە دوای نەوت.

سەرەڕای ئەم به‌ره‌وپێشچوونه‌ زۆرە، کارگەکانی قیر لە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی چەندین کێشە دەبنەوە، لەوانە گرفتی دابینکردنی نەوتی خاو. هەندێک جار بەهۆی نەبوونی نەوتەوە، کارگەکان ناچار دەبن دابخرێن. بەم هۆیەشەوە، کۆمپانیاکانی قیر لە گفتوگۆدان لەگەڵ حکومەتی عێراق بۆ دابینکردنی نەوت و چاودێریکردنی کارەکانیان.

بە گشتی گەشەکردنی پیشەسازی قیر لە هەرێمی کوردستان دەکرێت کاریگەرییەکی ئەرێنی هەبێت لەسەر كه‌رتى پیشه‌سازیی و ئابووریی هەرێم، به‌ڵام به‌وته‌ى شاره‌زایان، ئه‌م كه‌رته‌ش وه‌كو زۆری تر، پێویستی به‌ ڕێكخستنه‌وه‌ و گرنگیپێدان و دانانى به‌رنامه‌ى تایبه‌ت هه‌یه‌ بۆ گه‌شه‌سه‌ندنى.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو