قەیرانی هورمز درزی نێوان حکومەت و سوپا لەئێران زیاتر دەکات

٢١ نیسان ٢٠٢٦ - ٩:١٩ پاش نیوەڕۆ

قەیرانی هورمز درزی نێوان حکومەت و سوپا لەئێران زیاتر دەکات

پەنجەرە

شیکردنەوەیەکی ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ـی ئەمریکی، تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی "درز" لە نێوان سەرکردە سیاسی و سەربازییە توندڕەوەکانی ئێراندا درووستبووە و ئەمەش بە بڕیارەکانیانەوە دیارە.

ڕۆژنامەکە لەم نێوەندەدا پشتی بە دۆسییەی پاشەکشەی خێرای ئێران لە کردنەوەی گەرووی هورمز بەستووە و ئاماژەی بەوەداوە تەنها ڕۆژێک دوای ئەوەی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران کردنەوەی گەرووەکەی ڕاگەیاند، سوپای پاسدارانی ئێران بۆ یەکەمجار لە ماوەی ئاگربەستەکەدا، تەقەی لە لانیکەم دوو کەشتیی بازرگانی لە کەنداو کرد، دواتریش بە فەرمی داخستنی گەرووەکەی ڕاگەیاند.

ئەم دەربڕینە ئاشکرایەی ناکۆکییەکان، ئاماژەیە بۆ ئەو سەختییانەی لە داهاتوودا لە مامەڵەکردن لەگەڵ ڕژێمی ئێراندا دێنە پێش، لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ، هەوڵدەدات هەندێک سازش بەدەستبهێنێت کە ڕێگەی پێ بدات وەک سەرکەوتوویەک کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت.

لە کاتێکدا نێوەندگیرەکان دەڵێن ئەمریکا و ئێران هەندێک نەرمییان لە وتووێژەکاندا نیشانداوە و ترەمپیش ڕایگەیاندووە گەیشتن بە ڕێککەوتن نزیکە، بەڵام ئەوەی دواتر سەبارەت بە گەرووەکە ڕوویدا، دەریدەخات ئەوانەی ئامادەیی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکە دەردەبڕن، ڕەنگە پشتگیریی تەواوی سەربازییە توندڕەوەکانی ئێرانیان نەبێت کە بەم دواییانە دەسەڵاتی خۆیان قایم کردووە.

محەمەد عامرسی، شارەزا لە کاروباری ئێران، دەڵێت: "ڕۆژئاوا بەزۆری وەها مامەڵە دەکات کە ئێران دەوڵەتێکە خاوەن زنجیرە فەرماندەییەکی ڕوونە."

ناوبراو ئاماژە بەوەدەکات کە دۆخەکە وانییە و هەژموونی کەسە سەربازییەکان لە ئێراندا بەزۆریی هەڵکشاوە.

هاوکات تریتا پارسی، جێگری سەرۆکی پەیمانگای کوینسی لە واشنتۆن، دەڵێت: "توندبوونی بەرگریی توندڕەوەکان دژ بە گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان زیادیکردووە، ئەمەش تەحەدایەکی سیاسی گەورە دروست دەکات."

ڕووداوی راگەیاندنی کردنەوە و دوبارە داخستنەوەی گەرووی هورمز، دوای ڕووداوێکی تری هاوشێوە هات کە دەرخەری بوونی ئەم "درزە"یە.

کاتێک مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران داوای لێبوردنی لە هێرشەکان بۆ سەر دراوسێکانی لە کەنداو کرد، لێدوانەکانی لەلایەن ڕەوتە توندڕەوەکانی ناو ئێرانەوە بەتوندیی ڕەتکرانەوە و هێرشەکان بەردەوام بوون.

بەپێی رۆژنامەکە، پەیوەندیی نێوان دەسەڵاتدارانی مەدەنی و سوپا ڕووبەڕووی سەختی زۆر بووەتەوە، بەتایبەتی دوای ئەو هێرشانەی بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەکانی ڕژێم و لە سەرووی هەموویانەوە ڕێبەری باڵا، عەلی خامنەیی.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو