بەتۆمەتی گەندەڵیی بەرپرسێک و پەرلەمانتارێکی پێشوو سزادران
١٠ ئەیلوول ٢٠٢٦ - ٧:٥١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دادگای دەستپاکی عێراق، سزای ٧ ساڵ زیندانیی بۆ هەریەک لە "تەلال زەوبەعی" ئەندامی پێشووی پەرلەمان و "عەلی مەعارج" بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت دەرکرد، ئەوەش بەهۆی تێوەگلان لە هەڵاوسانی سەروەت و سامان و دەستکەوتی نایاسایی.
سەبارەت بە تەلال زەوبەعی، دادگا بڕیاریداوە ناوبراو بڕی ٧٠ ملیار دینار (وەک دەستکەوتی نایاسایی و غەرامە) بگەڕێنێتەوە، هەروەها دەستبەسەر سێ خانوبەرەیدا لە عێراق و ئوردن گیراوە کە بەهاکەیان ٦ ملیار دینارە، لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی ئەو پارە و ئۆتۆمبێلانەی لە لای بوون.
لە دۆسیەی دووەمدا، عەلی مەعارج، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دابەشکردن، پابەندکراوە بە گەڕاندنەوەی ٥٣ ملیار دینار وەک بەهای دەستکەوتی نایاسایی و غەرامە. بڕیارەکە دەستبەسەرداگرتنی پارەی کاش، خشڵی ئاڵتوونی، ئۆتۆمبێل و خانوبەرەکانیشی گرتووەتەوە.
ئەم بڕیارانە لەلایەن دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەپێی ماددەی (١٩/ دووەم) لە یاسای دەستەی دەستپاکی ژمارە ٣٠ی ساڵی ٢٠١١ دەرکراون، دوای ئەوەی سەلمێنرا کە سەروەت و سامانی ئەم دوو بەرپرسە بە شێوەیەکی نایاسایی زیادی کردووە.
لە کۆتاییدا، دادگا بڕیاری داوە بە هێشتنەوەی دەستبەسەرداگرتنی سەرجەم موڵکە گوازراوە و نەگوازراوەکانی هەردوو سزادراوەکە، هەروەها مافی بە دەستەی دەستپاکی داوە کە داوای قەرەبووی زیانەکان بکات دوای ئەوەی بڕیارەکان پلەی کۆتایی وەردەگرن.