قاڵیباف؛ چوار دەیە لە نێوان سەربازگە، ئەمنییەت و سیاسەتدا
٢٣ ئازار ٢٠٢٦ - ٦:١٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە لێدوانەکانی ئەمڕۆی دۆناڵد ترامپ لەبارەی ڕاگرتنی هێرشەکانیان بۆ سەر کەرتی وزەی ئێران بۆ ماوەی (٥) ڕۆژ، ئاماژەی بەوەدا کە لەگەڵ بەرپرسێکی باڵای ئێراندا لە گفتوگۆدان.
بەدوای ئەم قسەیەوە، چەند سەرچاوەیەک باسیان لەوەکرد کە ئەو کەسە، محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی ئێستای پەرلەمانی ئێرانە.
لەم ڕاپۆرتەدا لەسەر ژیان و باکگراوەندی سیاسی ئەو دەوەستین.
لە بەرەکانی جەنگەوە بۆ ناوەندی بڕیار
قاڵیباف کە لە ساڵی ١٩٦١ لە مەشهەد لەدایکبووە، ژیانی پیشەیی گوزارشتە لە تێکەڵبوونی سێ کایەی جیاواز: سوپا، دامەزراوەی ئەمنی و کاری جێبەجێکردن.
هاوشێوەی زۆربەی نەوەی یەکەمی دەسەڵاتدارانی ئێستا، لە ڕێگەی جەنگی عێراق-ئێرانەوە چوونە ناو کایەی گشتی. ئەو لە تەمەنێکی گەنجدا پلە باڵاکانی لەناو سوپای پاسداراندا بڕی و پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ فەرماندە کاریگەرەکان دروستکرد.
دواتر سەرکردایەتی هێزی ئاسمانی پاسداران و پاشان پۆلیسی ئێرانی پێسپێردرا، کە تێیدا هەوڵیدا سیمایەکی مۆدێرن بە دەزگای پۆلیس بدات، بەڵام هاوکات ناوی ئەو بە ڕووداوە ئەمنییەکانی وەک سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییە خوێندکارییەکانی ١٩٩٩ و ٢٠٠٣ـوە گرێدراوە.
پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و سێبەری گەندەڵی
درێژترین قۆناغی کارگێڕیی قاڵیباف، ١٢ ساڵی سەرۆکایەتی شارەوانی تاران بوو. لەو ماوەیەدا پایتەختی ئێران گۆڕانکاری گەورەی لە ژێرخان و گواستنەوەدا بەخۆوە بینی.
بەڵام ئەم قۆناغە بێ مشتومڕ نەبوو؛ دۆسیەی گەورەی گەندەڵی دارایی وەک تێوەگلانی هەندێک لە یاریدەدەرە نزیکەکانی لە کێشەی دارایی، بوونە بەشێک لە کارنامەی سیاسی ئەو کە تا ئێستاش ڕەخنەگرانی وەک ئامرازێک دژی بەکاری دەهێنن.
هەروەها ڕووداوی "سیسمۆنی گەیت" کە بریتیی بوو لە گەشتی خێزانەکەی بۆ دەرەوە بەمەبەستی شت کڕین لەم ساڵانەی دواییدا، کاریگەری نەرێنی لەسەر وێنەی گشتی ئەو هەبوو.
ڕکابەری بۆ کورسی سەرۆکایەتی
قاڵیباف لە ساڵانی (٢٠٠٥، ٢٠١٣، ٢٠١٧ و ٢٠٢٤) هەوڵیدا بگاتە پۆستی سەرۆک کۆمار، بەڵام هەرگیز سەرکەوتوو نەبوو.
شارەزایان پێیانوایە ئەو لە نێوان دوو بەرەی جیاوازدایە؛ نە توانیویەتی متمانەی تەواوی توندڕەوەکان بەدەستبهێنێت و نە توانیویەتی دەنگی لایەنگرانی چاکسازی و چینی مامناوەندی شارەکان بۆ خۆی مسۆگەر بکات.
سەرەڕای ئەم شکستە بەردەوامانە، توانیویەتی پێگەی خۆی لەناو دەسەڵاتدا بپارێزێت و ئێستاش وەک سەرۆکی پەرلەمان، ڕۆڵێکی بەرچاو وازیی دکات.
ڕۆڵی لە کاتی قەیرانەکاندا
لە ساڵانی دواییدا و لە کاتی زیادبوونی گرژییە هەرێمییەکان و شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل، قاڵیباف وەک هەماهەنگکارێک لە نێوان دەزگا سەربازییەکان و حکومەتدا دەرکەوتووە.
مێژووە سەربازییەکەی لەناو پاسداران و پێگە یاساییەکەی وەک سەرۆکی پەرلەمان، وایلێکردووە ببێتە یەکێک لەو کەسانەی لە کاتی قەیرانە سیاسی و ئەمنییە گەورەکاندا ڕۆڵی گواستنەوەی پەیامەکان و ڕێکخستنی ناوخۆیی ببینێت.
لە کۆتاییدا، محەمەد باقر قاڵیباف کە دکتۆرای لە جوگرافیای سیاسییدا هەیە، وەک کارەکتەرێکی پراگماتی دەردەکەوێت کە هەمیشە هەوڵدەدات خۆی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی ناو جەستەی دەسەڵاتدا بگونجێنێت.
ئەو ئەگەرچی نەگەیشتە خەونی گەورەی کە سەرۆکایەتی کۆمار بوو، بەڵام وەک یەکێک لە پیاوە جێگیرەکانی سیستەمەکە، لە لوتکەی دەسەڵاتی یاسادانان و پرۆسەی بڕیارداندا؛ ماوەتەوە.