یەکێتی ئەوروپا: پەیوەندی راستەوخۆ لەنێوان پۆلیسی هەولێر و پۆلیسی هۆڵەندا هەیە
١٠ ئەیلوول ٢٠٢٦ - ٧:٤٧ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرۆکی نێردەی ڕاوێژکاریی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق، رالف شرودەر، جەختیکردەوە کە هیچ پەیوەندییەک لە نێوان نێردەکەیان و هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا نییە، کە چاوەڕوان دەکرێت کۆتایی مانگی ئەیلوولی داهاتوو لە عێراق بکشێنەوە. هەروەها ئاشکرایکرد کە ئامادەکاری دەکرێت بۆ دەستپێکردنی ئەرکێکی نوێ لە وڵاتەکەدا کە بۆ ماوەی دوو ساڵ دەخایەنێت و لە تشرینی دووەمی داهاتووەوە دەست پێ دەکات.
شرودەر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە هەولێر ڕایگەیاند، ئەو هاوکارییانەی پێشکەشی دەکەن لایەنی لۆجیستی ناگرێتەوە، بەڵکو تەنیا دەستگرتن دەگرێتەوە بە دەستپێشخەرییەکانی داڕشتنەوەی یاساکان و پێشکەشکردنی ڕاوێژی ستراتیژی سەبارەت بە بەرنامە و سیاسەتەکانی مەشق پێکردنی پۆلیس. ئاماژەی بەوەشکرد کە ئێستا پۆلیسی هۆڵەندا ڕاستەوخۆ لەگەڵ پۆلیسی هەولێردا هەماهەنگی دەکات.
سەبارەت بە مەترسییەکانی ڕێکخراوی "داعش" و کێشە ئەمنییەکانی ناوچە جێناکۆکەکان، سەرۆکی نێردەکە ڕوونیکردەوە کە دەسەڵات و ئەرکەکانیان تەنیا لە بواری ئاسایشی مەدەنیدایە، باسیلەوەکرد: "ئێمە هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆمان لەگەڵ سوپادا نییە، و لە هەرێمی کوردستانیش کارەکانمان تەنیا لە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیس و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆدا (ئاسایش) کورت دەبێتەوە".