چەکدارانی پەکەکە چەکەکانیان ڕادەستی حکومەتی هەرێم یان بەغدا دەکەن
١٠ ئەیلوول ٢٠٢٦ - ٧:٥٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
پەیوەست بە چەکدانانی چەکدارانی پەکەکە، رۆژنامەیەکی تورکی ئاماژە بە بوونی میکانیزمێکی نوێی ئەمنی دەکات لەنێوان ئەنقەرە، بەغدا، هەولێر و سلێمانیدا، دەشڵێت: چەکەکان یان ڕادەستی حکومەتی هەرێم، یان حکومەتی بەغدا دەکرێن.
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی "حورییەت"ـی نزیک لە حکومەتی تورکیا، ئەندامانی پەکەکە چەکەکانیان ڕادەستی یەکێک لە لایەنەکانی حکومەتی فیدراڵیی بەغدا، یان حکومەتی هەرێم (کە خۆی بە ئیدارەی هەولێر یان سلێمانی ناوی بردووە) دەکەن. بەشێوەیەک پرۆسەی ڕادەستکردنی چەکەکان بە وردیی تۆمار دەکرێت و دەزگای هەواڵگریی تورکیاش کۆپییەکی ئەو تۆمارانەی لای خۆی دەپارێزێت.
هاوکات لەگەڵ ئەم هەنگاوە، پرۆسەی چۆڵکردنی کەمپ و حەشارگەکانی پەکەکە لە ناوچەکانی (هەفتانین و گارە) لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات. دوای دڵنیابوونەوە لە چۆڵکردنی سەرجەم مۆڵگەکانیان و هەڵوەشاندنەوەی کادیرانی حزبەکە، دەزگای "میت" ڕاپۆرتێک ئاراستەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا دەکات، تاوەکو بە فەرمی "کۆتاییهاتنی بوونی پەکەکە" ڕابگەیەنرێت.
پلانەکە ڕێگە بە گەڕانەوەی ئەندامانی حزبەکە دەدات، بە مەرجێک سەرجەم چالاکییەکانیان لە عێراق، سووریا و ئەوروپا ڕابگرن. بەڵام ئەم بڕیارە ٢٣٠ سەرکردەی باڵای قەندیل ناگرێتەوە؛ کە بەپێی زانیارییەکان، ئەوان لە ناوچەیەکی ئارام لە سنووری سلێمانی دەمێننەوە.
هاوکات بڕیارە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئەو ئەندامانەی پەکەکەش بکرێت کە لە زیندانەکانی تورکیادان.
نەدیم شەنەر، نووسەری دیاری ڕۆژنامەی حورییەت، ئاماژەی بەوە کردووە، کە پێشبینی دەکرێت ٧ بۆ ٨ هەزار چەکداری پەکەکە لە عێراق و سووریاوە بگەڕێنەوە، ئەمەش دوای ئەوەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریادا تێکەڵ دەکرێن. هەروەها باس لە گەڕانەوەی نزیکەی ٨٠ هەزار لایەنگری پەکەکە لە ئەوروپاوە دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشداوە لە قۆناغی داهاتوودا پلانەکە ناوچەکانی شەنگال و مەخموور دەگرێتەوە؛ بە جۆرێک ٢٢٠٠ چەکداری پەکەکە دەچنە ناو ڕیزەکانی سوپای عێراق و نزیکەی ٨٠٠٠ کەسی سڤیلیش لە کەمپی مەخموورەوە (کە زۆربەیان خێزانی ئاوارەی باکووری کوردستانن) دەگەڕێنەوە بۆ تورکیا.