وەزارەتە سیادییەکان؛ لە ئامرازێک بۆ خزمەتەوە بۆ سەرچاوەی داهاتی حیزبی
٢١ نیسان ٢٠٢٦ - ٩:٢٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
دوای یەکلاییکردنەوەی کاندیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق، ململانێ لە نێوان هێز و لایەنە عێراقییەکان لەسەر ئەو وەزارەتانەی ناویان لێنراوە "سیادی"، دێتە ئاراوە.
چاودێران دەڵێن، وەزارەتە سیادییەکان سەرچاوەیەکی گەورەی داهاتن بۆ حزبەکان، بۆیە ململانێ لەسەریان دروست دەبێت بەتایبەت هەریەک لە رەوتی حیکمە و دەوڵەتی یاسا چاویان لەسەر وەزارەتی نەوتە.
وەزارەتەکانی ( دارایی، نەوت، بەرگریی، ناوخۆ و دەرەوە) ناویان لێنراوە وەزارەتی "سیادی" و هەموو جارێک لەکاتی پێکهێنانی حکومەت دا، زۆرترین مشت و مڕ لە نێوان لایەنەکان لەسەر ئەم وەزارەتانە دروست دەبێت.
سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی نوێنەران، رایگەیاند"ئەو وەزارەتانەی ناویان لێنراوە سیادی، لە ڕووی ئیمکانیەت و دەسەڵاتەوە لەوانیتر جیاوازترن، ئیشیان زۆر تێدایە."
زۆر جار لەلایەن پەرلەمانتارانی عێراقەوە، باسلەوە دەکرێت، هەندێک لەم وەزارەتانە کڕین و فرۆشتنیان پێوەدەکرێت، هەرچەندە ئەم زانیارییانە بە فەرمی پشتڕاست نەکراونەتەوە، بەڵام بەڕای چاودێران، ئەمە ئاماژەیە بۆ بەکارهێنانی وەزارەتەکان بۆ بەرژەوەندی شەخسی و حزبی.
مشتومڕی هێزە عێراقییەکان لەسەر وەزارەتە سەربازیی و داراییەکان و بەکارهێنانیان بۆ بەرژەوەندی حیزب و گروپ لە کاتێکدایە، ناڕەزایەتییەکی گەورە شەقامی عێراقی گرتووەتەوە، خەڵک ناڕازیین لە خراپی ژیان و گوزەرانییان و حزبەکانیش بە "تاڵانکردنی" سامانی گشتی تۆمەتبار دەکرێن.
پێشتر محەمەد حسێن شارەزای ئابووری رایگەیاندبوو: ناونانی هەندێک لە وەزارەتەکان بە "سیادی" نا لۆژیکییە و جەختیکردەوە"ئەو وەزارەتانەی ناویان لێنراوە سیادی، ژمارەی کارمەندیان زۆرە، بودجەی گەورەیان تێدا خەرج دەکرێ، خەڵکیان زۆر لێ دادەمەزرێنرێ، واتە سەرچاوەیەکی گەورەی داهاتن بۆ ئەو حزبانەی وەریان دەگرن."
روونیکردەوە"حزبەکان لەسەر ئەم وەزارەتانە هەمیشە ململانێ دەکەن، چونکە دەرفەتی پارە کۆکردنەوە تێیاندا بۆ حیزبەکان زۆرە، ئەگینا گەر حیزبەکان مەبەستیان خزمەت بێت، جیاوازییان نییە.
لە کاتی دابەشکردنی وەزارەتەکان بەسەر حزبەکاندا، پلە بەندی بۆ وەزارەتەکان دەکرێت، پلە بەندییەکەش لەسەر بنەمای ئیمکانیەت و دەسەڵاتی وەزارەتەکانە، بەو پێیەی هێزەکان ململانێیانە لەسەر ئەو وەزارەتانەی سەرچاوەی پارە و دەسەڵاتن.