ئایا ئاو و كاره‌با كۆتایی به ڕ‌ژێمى ئێران دێنن؟
٣ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ٥:٥٩ پاش نیوەڕۆ
په‌نجه‌ره
ئێران كه خۆی وه‌كو جه‌مسه‌رێكى سیاسی دیار له‌ناوچه‌كه‌دا وێنا ده‌كات، له‌ئێستادا ڕووبه‌ڕووی دوو قه‌یرانی گه‌وره بووته‌وه که هه‌ڕه‌شه له پایه‌کانی ده‌وڵه‌ت و داهاتووی کۆمه‌ڵگاکه‌ی ده‌که‌ن: قه‌یرانی که‌مئاوی و قه‌یرانی کاره‌با. ئه‌م دوو کێشه‌یه ته‌نیا بابه‌تێکی ژینگه‌یی و خزمه‌تگوزاری نین، به‌ڵکو بوونه‌ته بۆمبێکی ته‌وقیتکراوی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی که ڕه‌نگه ببێته هۆی هه‌ڵگیرسانی ناڕه‌زایه‌تییه‌کی سه‌رتاسه‌ری و کۆتاییهێنان به ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی.
"مایه‌پووچیی ئاو"؛ کارەساتێکی ژینگەیی بێوێنە
قه‌یرانی ئاو له ئێران، که شاره‌زایان به گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌ی ژینگه‌یی سه‌ر وڵاته‌که‌ی داده‌نێن، به‌رهه‌می ڕێکه‌وت نییه، به‌ڵکو ئه‌نجامی چه‌ندین ده‌یه سیاسه‌تی هه‌ڵه، گه‌نده‌ڵی، خراپ به‌ڕێوه‌بردنی سه‌رچاوه سروشتییه‌کان و به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ته.
ڕه‌گی کێشه‌که ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چه‌ند هۆکارێکی تێکه‌ڵاو، له‌وانه:
یه‌که‌م: گۆڕانی که‌شوهه‌وا و وشکه‌ساڵیی به‌رده‌وام که بۆ چه‌ندین ساڵه ئێرانی گرتووه‌ته‌وه و بووه‌ته هۆی دابه‌زینی ئاستی بارانبارین به ڕێژه‌یه‌کی مه‌ترسیدار.
دووه‌م: سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی دروستکردنی به‌نداوی زۆر و بێ پلان به‌تایبه‌تى له‌لایه‌ن سوپای پاسدارانه‌وه، که بووه‌ته هۆی وشکبوونی ڕووبار و زۆنگاوه‌کان.
سێیه‌م: به‌کارهێنانی له‌ڕاده‌به‌رى ئاوی ژێرزه‌وی بۆ کشتوکاڵی ناکارا و پیشه‌سازییه قورسه‌کان، که وایکردووه بیره‌کان بگه‌نه چینی ئاوه سوێره‌کان وچیتر به‌كه‌ڵك نه‌یه‌ن.
لێکه‌وته‌کانی ئه‌م قه‌یرانه ترسناکن. ڕووباره گه‌وره‌کانی وه‌ک "کارون" و "زایه‌نده‌ڕوود" وشکیان کردووه. دەریاچەی "ورمێ" که یه‌کێک بوو له گه‌وره‌ترین ده‌ریاچه سوێره‌کانی جیهان، زیاتر له 70%ـی ڕووبه‌ره‌که‌ی له‌ده‌ستداوه. به‌نداوه‌کانی دابینکه‌ری ئاوی تاران، وه‌ک به‌نداوی "که‌ره‌ج" و "لار"، به ڕێژه‌ی 93% و 99% به‌تاڵ بوون. ئه‌م کارەساته بووه‌ته هۆی له‌ناوچوونی کشتوکاڵ، بڵاوبوونه‌وه‌ی خۆڵبارین و گه‌رده‌لوولی خۆڵ و تۆز، کۆچی ژینگه‌یی به‌لێشاوی خه‌ڵک له گونده‌کانه‌وه بۆ شاره گه‌وره‌کان و زیادبوونی هه‌ژاریی و بێکاریی.
ئێران ئێستا به فه‌رمی ڕووبه‌ڕووی مایوپووچبوون "ئیفلاسی" ئاو بووه‌ته‌وه، به‌شێوه‌یه‌ك خواست له‌سه‌ر ئاو زۆر زیاتره له‌وه‌ی که له‌به‌رده‌ستدایه.
تاریکیی کاره‌با؛ قه‌یرانێک له‌ناو قه‌یرانه‌کاندا
قه‌یرانی ئاو ڕاسته‌وخۆ بووه‌ته هۆی قه‌یرانێکی دیکه‌ی کوشنده: که‌میی کاره‌با. وشکبوونی به‌نداوه‌کان واتای وه‌ستانی وێستگه کارۆئاوییه‌کانه، که سه‌رچاوه‌یه‌کی گرنگی وزه بوون. هاوکات به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌کانی گه‌رما وایکردووه خواست له‌سه‌ر کاره‌با بۆ به‌کارهێنانی ئامێره‌کانی فێنککه‌ره‌وه بگاته ئاستێکی پێوانه‌یی که تۆڕی کاره‌بای ئێران توانای دابینکردنی نییه، به‌شێوه‌یه‌ك ڕۆژی ئه‌وتۆ هه‌بووه كه كورتهێنانى به‌رهه‌م له‌چاو به‌كارهێنان، گه‌یشتووه‌ته نزیكه‌ى 18 هه‌زار مێگاوات.
هۆکاره‌کانی دیکه‌ی قه‌یرانی کاره‌با بریتین له کۆنبوون و داته‌پینی ژێرخانی وزه، نه‌بوونی وه‌به‌رهێنانی پێویست به‌هۆی گه‌مارۆ نێوده‌وڵه‌تییه‌کان و گه‌نده‌ڵییه‌وه، هه‌روه‌ها دیارده‌ی "ماینینگ"ـی دراوه دیجیتاڵییه‌کان (Cryptocurrency) که بڕێکی زۆر له وزه‌ی وڵات هه‌ڵده‌لوشێت و تائێستا حكومه‌ت نه‌یتوانیوه چاره‌سه‌رى بكات.
کێشه‌یه‌کی دیکه‌ش ئه‌وه‌یه که ئێران، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خاوه‌نی دووه‌م گه‌وره‌ترین یه‌ده‌گی غازی جیهانه، به‌ڵام له وه‌رزی زستاندا تووشی که‌میی غاز ده‌بێته‌وه، ئه‌مه‌ش واده‌کات وێستگه‌کانی به‌رهه‌مهێنانی کاره‌با په‌نا بۆ به‌کارهێنانی سووته‌مه‌نیی پیسکه‌ری وه‌ک "مازوت" به‌رن، که ئه‌ویش ده‌بێته هۆی پیسبوونی ژینگه و زیادبوونی نه‌خۆشی.
لێکه‌وته‌ی ئه‌م قه‌یرانه، بڕانی کاره‌بای به‌رنامه بۆ داڕێژراوه بۆ ماوه‌ی چه‌ندین کاتژمێر له ڕۆژێکدا له سه‌رتاسه‌ری وڵات. ئه‌م دیارده‌یه ژیانی ئاسایی خه‌ڵکی ئیفلیج کردووه، زیانی گه‌وره‌ی به که‌رتی پیشه‌سازی و ئابووری گه‌یاندووه و توڕه‌یی گشتیی لێکه‌وتووه‌ته‌وه.
ئه‌وه‌ى مایه‌ى سه‌رسوڕمانه ئه‌وه‌یه، سه‌ره‌ڕای ئه‌م قه‌یرانه ناوخۆییه، ئێران هێشتا به‌رده‌وامه له هه‌نارده‌کردنی کاره‌با بۆ وڵاتانی دراوسێ، که ئه‌مه‌ش زۆرجار وه‌ك بێباکی ده‌سه‌ڵات به‌رامبه‌ر به كۆژانى هاوڵاتیانی خۆی لێکده‌درێته‌وه.
بزوێنه‌ری ناڕه‌زایه‌تی؛ ئایا ئاو و کاره‌با ده‌سه‌ڵات ده‌ڕوخێنن؟
تێکه‌ڵبوونی قه‌یرانی ئاو و کاره‌با، ژیانی ڕۆژانه‌ی ملیۆنان ئێرانی سه‌ختكردووه. له‌ڕووی ئابوورییه‌وه، جوتیاران زه‌وییه‌کانیان جێده‌هێڵن، کارگه‌کان داده‌خرێن و زیانی ئابووریی وڵات ڕۆژ به ڕۆژ زیاتر ده‌بێت. له‌ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، کۆچی به‌کۆمه‌ڵ له ناوچه وشکه‌کانه‌وه بۆ په‌راوێزی شاره گه‌وره‌کان، فشارێکی زۆری له‌سه‌ر خزمه‌تگوزارییه‌کان دروست کردووه و بووه‌ته هۆی زیادبوونی گرژیی کۆمه‌ڵایه‌تی و نائارامی. نه‌بوونی ئاو و کاره‌با، ته‌ندروستیی هاوڵاتیانی خستووه‌ته مه‌ترسییه‌وه، به‌تایبه‌ت منداڵان، به‌ساڵاچووان و نه‌خۆشه‌کان.
ئه‌وه‌ی که ئه‌م دوو قه‌یرانه ده‌کاته هه‌ڕه‌شه‌یه‌کی جیددی بۆ سه‌ر ڕژێم، ئه‌وه‌یه که خه‌ڵک چیتر به چاوی کێشه‌یه‌کی سروشتی سه‌یریان ناکات، به‌ڵکو وه‌ک به‌رهه‌می ڕاسته‌وخۆی هه‌نگاوه‌كانى ده‌سه‌ڵات ده‌یبینێت.
خۆپیشاندانه‌کانی پێشووتر له پارێزگاکانی خوزستان و سیستان و بەلوچستان، که دروشمی سه‌ره‌کییان بریتی بوو له "ئاو، کاره‌با، ژیان؛ مافی ڕه‌وای ئێمه‌یه"، نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه که ئه‌م قه‌یرانانه توانای هه‌ڵگیرساندنی ئاگری ناڕه‌زایه‌تیی سه‌رتاسه‌رییان هه‌یه.
ئێستا ده‌سه‌ڵاتدارانى ئێرانى له‌به‌رده‌م دووڕیانێکی سه‌ختدان: یان ده‌بێت چاکسازییه‌کی ڕیشه‌یی و خێرا بکه‌ن که ئه‌مه‌ش به‌م دۆخه سیاسی و ئابورییه‌كه‌ى كه وڵاته‌كه هه‌یه‌تى به قورس ده‌بینرێت، یان ده‌بێت چاوه‌ڕێی ته‌قینه‌وه‌ی توڕه‌یی خه‌ڵك بێت. له‌م نێوه‌نده‌شدا وڵاتانى نه‌یاری ئێران له نمونه‌ى ئیسرائیل، زۆرجار ئاماژه به ئه‌م قه‌یرانانه به‌تایبه‌تى قه‌یرانى ئاو ده‌ده‌ن و داواى ڕاپه‌ڕینی خه‌ڵك ده‌كه‌ن.
هه‌ربۆیه له کۆتاییدا ڕه‌نگه ئاو و کاره‌با، نه‌ک چه‌کی ئه‌تۆمی و ململانێی سیاسی، ببنه ئه‌و هێزه‌ی که کۆتایی به ته‌مه‌نی کۆماری ئیسلامی ده‌هێنێت.