دەنگدانی تایبەت لە عێراق؛ سێبەری چەک لەسەر سندووقەکانی دەنگدان
٨ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ١١:٥٩ پێش نیوەڕۆ
پهنجهره
بڕیاره سبهینێ دهنگدانى تایبهت له هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەرانى عێراق بهڕێوهبچێت، پرسی بەشداریی هێزە چەکدارەکان لەم پرۆسەیەدا بووەتە جێگەی مشتومڕ و نیگەرانییەکی زۆر، چونكه ئهوهى لهبارهى ئهم هێزانهوه دهوترێت ئهوهیه كه ڕۆڵیان ههیه له چهسپاندنى زیاتری دهسهڵاتى پارته دهسهڵاتدارهكان و كهمكردنهوهى دهنگ و كاریگهریی پارت و لایهنهكانى دهرهوهى دهسهڵات.
ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت و ڕێژەی بەشداری پێشوو
ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 313 هەزار دەنگدەر، کە دابەشبوون بەسەر 809 بنکەی دەنگدان و 4 هەزار و 501 وێستگەی دەنگدان. ئەم ژمارەیە پێکهاتووە لە کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان (سوپا، پۆلیس، پێشمەرگە، حەشدی شەعبی و هێزەکانی ناوخۆ)، ئاوارەکان، زیندانیان، و نەخۆشەکانی نەخۆشخانەکان.
بەپێی داتاکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2021دا، ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت نزیکەی 1.2 ملیۆن کەس بووە و ڕێژەی بەشدارییان 68% بووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە هەڵبژاردنی 2018دا، ڕێژەی بەشداری 78% بووە، بەڵام ژمارەی دەنگدەران کەمتر بووە (نزیکەی 940 هەزار کەس). ئەمە ئاماژەیە بۆ زیادبوونی ژمارەی ئەو کەسانەی مافی دەنگدانی تایبەتیان هەیە، بەتایبەتی دوای یەکخستنی حەشدی شەعبی لە چوارچێوەی دامەزراوە ئەمنییە فەرمییەکاندا.
هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆ زۆرترین ژمارەی دەنگدەری تایبەتیان هەیە، نزیکەی 597 هەزار دەنگدەر، دواتر وەزارەتی بەرگری بە 298 هەزار دەنگدەر، وەزارەتی پێشمەرگە بە 145 هەزار دەنگدەر و دەستەی حەشدی شەعبی بە 128 هەزار دەنگدەر بەشداری دەکەن.
هێزە چەکدارە بەشداربووەکان و دابهشبوونیان
ژمارەیەکی زۆر لە هێزە چەکدارەکان، چ لە ڕێگەی لیستی تایبەت بە خۆیانەوە یان لە ڕێگەی هاوپەیمانێتی و لیستە سیاسییە گەورەکانەوە، بەشداری لەم هەڵبژاردنەدا دەکەن. ئەم بەشدارییە بە شێوەیەکی بەرچاوترە لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو. دیارترین ئەو هێزانەی بەشدارن بریتین لە:
یهكهم: هێزە کوردییەکان
پارتی دیموکراتی کوردستان: بە گەورەترین پارتی عێراق دادەنرێت لە ڕووی ژمارەی چەکدارەوە کە بەشداری هەڵبژاردن دەکات. ئەگەرچی هێزەکانی بە فەرمی بە حکوومی دادەنرێن، بەڵام بە شێوەیەکی ڕەها لە ژێر دەسەڵاتی پارتیدان.
یەکێتی نیشتمانی کوردستان: لە دوای پارتییەوە دێت لە ڕووی ژمارەی چەکدارەوە و هاوشێوەی پارتی، چەکدارەکانی لە هێزە جیاوازە سەربازی و ئەمنی و مەدەنییەکان مووچەخۆری حکوومەتن و لە ژێر فەرمان و کۆنترۆڵی یەکێتیی دان.
بە گشتی ژمارەی هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی سەر بە پارتی و یەکێتی نزیکەی 200 هەزار کەس دەبێت.
دووهم: هێزە شیعییەکان
ڕێکخراوی بەدر: بە سەرۆکایەتی هادی عامری، کە پێشتر لە چوارچێوەی هاوپەیمانی شیعەکان بەشداری دەکرد و ئەمجارە بە شێوەیەکی سەربەخۆ بەشداری دەکەن و کاریگەرییەکی بەهێزیان لە ناو وەزارەتی ناوخۆدا هەیە.
عەسائیبی ئەهلی حەق (سادقون): بە سەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی، کە پێگەیەکی بەهێزیان هەیە و لە هەڵبژاردنەکانی 2021دا کورسییەکانیان زیاد بوو.
کەتائیبی حیزبوڵڵا (هاوپەیمانی حقوق): بە سەرۆکایەتی ئەحمەد موحسین فەرەج حەمیداوی، کە لە 2021دا بۆ یەکەمجار 7 کورسییان بەدەستهێنا.
کەتائیبی سەید شوهەدا: بە سەرۆکایەتی ئەبو ئالا وەلائی، کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی "دەوڵەتی یاسا" بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی بەشدارن.
کەتائیبی جوند ئیمام: بە سەرۆکایەتی ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کاری ئێستای عێراق، کە لە 2021ـدا 6 کورسییان مسۆگەر کرد.
کەتائیبی ئیمام عەلی (لیستی خزمەتگوزارییەکان): بە سەرۆکایەتی شبل زەیدی.
بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا ئەوفیا: سەف وەتەنی "صف الوطني".
جگە لەمانە، فالح فەیاز (سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی) و ئەبو فەدەک (سەرۆک ئەرکانی حەشدی شەعبی) بە شێوەی جیاواز و لە چوارچێوەی لیستەکانی تردا بەشدار دەبن.
ژمارەیەکی دیکە لە لیواکانی حەشدی شەعبی و فەیلەقە چەکدارەکان لە لیستە جیاوازەکاندا بەشدارن، لەوانە هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی.
سێیهم: هێزەکانی سەر بە پێکهاتەکان
بزووتنەوەی بابلیون: لیوای 50 / کەتائیبی بابل (بابلیون)، کە پێکهاتەیەکی حەشدی مەسیحییەکانە و بە سەرۆکایەتی ڕەیان سالم کەلدانی.
حەشدی شەبەک: لیوای 30ـی حەشدی شەعبی.
کاریگەریی هێزە چەکدارەکان لە پرۆسەی هەڵبژاردندا
بەشداری هێزە چەکدارەکان لە هەڵبژاردندا چەندین کاریگەری نەرێنی جدديان لەسەر پرۆسەی دیموکراسی و بڕیاردانی سیاسی لە عێراقدا هەیە، بهتایبهتیش به دوو ئاراستهدا:
ئاراستهى یهكهم: کاریگەری لەسەر ئاراستەی دەنگدان و فشاری ناڕەوا
ژمارەیەکی بەرچاو لە کارمەندانی هێزە سهربازیی و ئەمنییەکان مووچەخۆری دەوڵەتن، بەڵام دڵسۆزییان بۆ لایەنە سیاسییەکانیانە. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی لایەنە سیاسییەکان بە شێوەیەکی ناڕەوا فشار بخەنە سەریان بۆ دەنگدان بە لیست و کاندیدی دیاریکراو.
بەپێی زانیارییەکان، هەندێک لە کارمەندانی هێزە سهربازیی و ئەمنییەکان هەڕەشەی دوورخستنەوەیان لە کارەکانیان لێکراوە لە ئەگەری دەنگنەدان بە لایەنی دیاریکراو.
هەندێک کاندید و سەرکردەی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن کە هەڕەشەی سوتاندنی کارتی دەنگدانی ئەو کەسانە دەکرێت کە دڵنیا نین لە دەنگدانیان بۆ لایەنی دیاریکراو.
ئەم فشارانە کاریگەری ڕاستەوخۆیان دەبێت لەسەر ئیرادەی دەنگدەران و ئاراستەی دەنگدانەکان دەگۆڕن، چونکە ترس لە لەدەستدانی کار یان سزادان وایان لێدەکات بە ویستی خۆیان دەنگ نەدەن.
ئاراستهى دووهم: بەکارهێنانی هێزە چەکدارەکان
حزب و لایەنە باڵادەستەکان، بەتایبەتی ئەوانەی باڵی چەکداریان هەیە یان کۆنترۆڵی دامەزراوە ئەمنییەکانیان لەدەستدایە، هێزە چەکدارەکان بە کاردەهێنن وەک کارتی فشار بۆ مسۆگەرکردنی دەنگ.
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان تا ئێستا هیچ کاندیدێکی بەهۆی پەیوەندی بە گرووپە چەکدارەکانەوە دوورنەخستووەتەوە، لە کاتێکدا یاسای ژمارە 36ـى ساڵی 2015ـى عێراق بە ڕوونی ڕێگری لە بەشداری ئەو حزبانە دەکات کە باڵی چەکداریان هەیە. ئەمەش خاڵی لاوازی کۆمسیۆن و نەتوانینی حکوومەت لە جێبەجێکردنی یاساکان نیشان دەدات.
ماددەی 32ـى یاسای حزبەکان باس لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو حزبانە دەکات کە چالاکیی سەربازی یان نیوەسەربازی دەکەن یان چەک و تەقەمەنی لە بارەگاکانیاندا هەیە. بەڵام ئەم یاسایە، وەک زۆرێک لە یاساکانی دیکەی عێراق، پەکخراوە.
هەندێک لە شیکەرەوە سیاسییەکان پێیانوایە کە نزیکەی نیوەی دەنگەکانی تایبەت دەچێت بۆ ئەو هێزانەی کۆنترۆڵی دامەزراوە ئەمنییەکانیان لەدەستدایە، لەم دۆخەشدا هێزە چەکدارەکان دەبنە ئامرازێک بۆ حزبە باڵادەستەکان بۆ پاراستنی نفوزی سیاسی خۆیان و بەردەوامیدان بە کۆنترۆڵی دهسهڵات.