"شه‌ڕى هاوسەنگی نێوان دەرەوە و ناوەوە"؛ ئایا سوودانی خولی دووەم بەدەستدەهێنێت؟
٢٢ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ - ٦:٠٨ پاش نیوەڕۆ
په‌نجه‌ره
دوای هەڵبژاردنەکانی خولی شه‌شه‌مى پەرلەمانی عێراق، پرسی دووبارە بوونەوەی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی ئێستا، بە سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ خولێکی دیکە، بووەتە تەوەرێکی سەرەکی لەم گۆڕەپانە سیاسییە پڕ لە ئاڵۆزییەدا.
ڕێگایه‌كى ناهەموار بۆ خولی دووەم
پێدەچێت ڕێگای محەمەد شیاع سوودانی بۆ خولی دووەمی سەرۆک وەزیران بوون، ناهەموار بێت، چاودێران ئاماژە بە ڕازییبوونى ئه‌مه‌ریكا له مانه‌وه‌ى ده‌كه‌ن، له‌به‌رامبه‌ردا "ڤیتۆی ئێرانی و هاوبه‌شه‌كانى له‌عێراق" هه‌یه، ئه‌مه سه‌رباری ململانێی سه‌ركردایه‌تى شیعه له ئاستى ناوخۆیی دا.
عەبدولغەنی غەزبان، شارەزای ستراتیژیی، دەڵێت: "سوودانی ئێستا ڕووبەڕووی ڤیتۆیەکی ئێرانی ئاشکرا بووەتەوە سەبارەت بە تەواوکردنی خولی دووەم."
چاودێران له شرۆڤه‌ى هۆكارى ڤیتۆی ئێرانى له‌سه‌ر سوودانى، ئاماژە بە چەند دۆسێیه‌ك دەکەن، دیارترینیان بریتین لە: ڕێکارەکانی چاکسازی بانکیی کە جوڵەی گواستنەوەی سنووردار کرد و ڕێڕەوەکانی قاچاخچێتی دۆلاری بەرەو تاران کەمکردەوە، جگە لە کرانەوەی سوودانی بەسەر واشنتۆن و پایتەختە عەرەبییەکان بە شێوازێک کە لەناو بازنەکانی کاریگەری ئێران‌دا بە "دەرچوون لە چوارچێوەی نەریتی پەیوەندییەکە" دادەنرێت.
دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە کۆتاییەکانی هەڵبژاردن، سوودانی بە خێرایی بەشداریی کۆبوونەوەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کرد، بەڵام ئەم هەنگاوە زنجیرەیەک پرسیاری لەسەر چارەنووسی "خولی دووەم" وروژاند.
عەبدولغەنی غەزبان، ئاماژە بەوەدەکات کە "هەڵبژاردنەکان ئەنجامێکی شۆککەری بۆ سوودانی هەبوو کە ئاواتی بەدەستهێنانی ١٠٠ کورسی بوو، بەڵام تەنها ٤٥ کورسی بەدەستهێنا. ئەمەش توانای لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا لاواز کرد و گەڕاندییەوە بۆ پێگەی بەشداربوو نەک بڕیاردەر، بەتایبەت کە حزبی فوراتەین کە خۆی سەرۆکایەتی دەکات، تەنها نۆ کورسی بەدەستهێنا."
ڤیتۆی ناوخۆیی
هەندێک لە هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ڕەتیده‌كه‌نه‌وه سوودانی خولی دووه‌م وه‌ربگرێت، لە پێشەوەیاندا هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی، ڕێکخراوی بەدر بە سەرۆکایەتی هادی عامری و هاوپەیمانی خزمەتگوزارییەکان بە سەرۆکایەتی شبل زەیدیی.
لە بەرامبەردا، هێزەکانی دیکەی چوارچێوەی هه‌ماهه‌نگی، ناوچەیەکی خۆڵەمێشییان گرتووەتەبەر، وەک "تەیاری حیکمە" بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم و "عەسائیبی ئەهلی حەق" بە سەرۆکایەتی قەیس خەزعەلی، کە پشتیوانییەکی ئاشکرا یان ناڕەزایەتییەکی ڕوون نیشان نادەن.
ئه‌وه‌یشی واده‌كات هێشتا سوودانى به چانس بێت، ئه‌وه‌یه كه ڕكابه‌رێكى به‌هێزى ئه‌وتۆی نییه بۆ پۆسته‌كه و هاوكات هێزه شیعه‌كانیش دابه‌ش بوون له‌ناوخۆی خۆیاندا له‌باره‌ى ئه‌م پرسه‌وه.
محەمەد عەلی حەکیم، شرۆڤه‌كارى سیاسی، دەڵێت: ترسی هەندێک له هێزه شیعه‌كان، لە گەشەسەندنی جەماوەری سوودانییە، ئه‌وان بەدوای سەرۆک وەزیرانێکدا دەگەڕێن کە زیاتر لەگەڵ ئاراستەکانیاندا بگونجێت.
هاوكات زۆربەی پارتە کوردی و سوننەکان هیچ تێبینییەکیان لەسەر بەردەوامبوونی سوودانی لە پۆستەکەیدا نییە، ئه‌وان زیاتر پرسه‌كه به پرسی ناوخۆیی ماڵی شیعه ده‌زانن و تائێستا ده‌ستیان تێوه‌رنه‌داوه.
واشنتۆن؛ پاڵپشتیكارێكى ڕاڕا
به‌گشتى تێڕوانینی واشنتۆن بۆ سوودانى ئیجابی و باشه، به‌ڵام هێشتا له دۆسییه‌ى دووباره كردنه‌وه‌ى به سه‌رۆك وه‌زیران، زۆر ڕاشكاو نییه.
پەیمانگای واشنتۆن، پێیوایە سوودانی لە ماوەی دەسەڵاتیدا زنجیرەیەک هەنگاوی بەرچاوی به ئاراسته‌ى ئه‌مه‌ریكا ناوە، له‌وانه: دروستکردنی پەیوەندییەکی جێگیر لەگەڵ واشنتۆن، هاندانى وەبەرهێنانی ئەمریکی له عێراق له‌نمونه‌ى كۆمپانیاكانى "ئێکسۆ‌ن" و "شێڤرۆن"، خواستى بۆ مانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له عێراق، کەمکردنەوەی پشتبەستنی عێراق بە ئێران، به‌هێزكردنى پەیوەندییەکانی بەغداد لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ى هێڵی نەوتی کوردستان، ڕێککەوتنە ئاویی و ئه‌منییه‌كانى لەگەڵ ئەنقەرە و ڕێگریكردن له‌تێوه‌گلانى عێراق له شه‌ڕى غه‌زه و شه‌ڕى ئیسرائیل- ئێران.
نوێکردنەوە بۆ سوودانى؛ حیساباتێک لە دەرەوەی پەرلەمان
ئه‌وه‌ى تائێستا یه‌كلا بووه‌ته‌وه ئه‌وه‌یه كۆتا شوێن كه بڕیار له پرسی دووباره دانانه‌وه‌ى سودانى ده‌دات، په‌رله‌مانه؛ به‌ڵكو زۆر ئاست و فلته‌رى دیكه هه‌ن بۆ بڕیاردان له‌م دۆسییه‌یه.
ئه‌گه‌رچی له ئاسته ناوخۆییه‌كه‌دا، هیچ كۆده‌نگییه‌ك نییه به ئاراسته‌ى دانانه‌وه‌ى یان دانه‌نانه‌وه‌ى سوودانى، به‌ڵام ئه‌وه‌ى وایكردووه ئه‌م فاكته‌ره زۆر به‌هه‌ند وه‌رنه‌گیرێت، ئه‌وه‌یه كه ئاسته ناوخۆییه‌كه پاشكۆی ئاسته هه‌رێمایه‌تى و نێوده‌وڵه‌تییه‌كه و ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌سته به هه‌ڵوێستى ئه‌مه‌ریكا و ئێرانه‌وه.
وه‌ك پەیمانگای واشنتۆن له ڕاپۆرتێكیدا ئاماژه‌ى بۆ ده‌كات، ململانێ لەسەر نوێکردنەوەی سوودانی، بەشێکە لە شەڕێکی فراوانتر لە نێوان تاران و واشنتۆن.