تۆم باراک لە ناوچەی سەوز: ئەگەری شەڕی داهاتوو

٣ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٦:٣٢ پاش نیوەڕۆ

د. سەردار عەزیز

یەکشەممەی ڕابوردوو، پیاوێکی بە تەمەنی باڵابەرز، بە سەردانێکی کوتوپڕ گەیشتە بەغدا. تۆم باراک، کە نێردەی ترەمپە بۆ کاروباری سوریا و لوبنان و هەروەها باڵوێزی ئەمریکایە لە تورکیا، سەرقاڵی عێراق نیە. بەڵام بۆچی لەو ڕۆژەدا، کە بەغدا لە کڵپە کڵپی دوای هەڵبژاردندایە، بە کوتوپڕی دێتە بەغداو  سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەر دەبینێت و دەگەڕێتەوە؟

سەردانەکەی لە ناوچەی سەوز لە کۆشکی سەرۆک وەزیران، لە دانیشتنێکی نیمچە دیپلۆماسیدا، بەوەی دوو بە دوو بۆ ماوەی حەفتا خولەکە هەردوو کەسایەتییەکە گفتوگۆیان کرد.

ئەوەی پێش هەموو شتێک دەتوانین بیخەینە لاوە، ئەوەیە کە تۆم باراک بۆ پرسی عێراق و دیاریکردن و دانانی سەرۆک وەزیران و ئەو کارانە نەهاتبوو. دەنگۆی ئەوە هەیە کە دوو هەفتەی تر، مارک سەڤایا بۆ ئەو پرسە بێتە عێراق.

وەک لە پرسیارەکانی دیار کوردەی پەیامنێری کەناڵی ڕووداو لە ترەمپ بەڕونی دەردەکەوێت، ترەمپ بە هیچ شێوەیەک ئاگاداری بارودۆخی عێراق نیە.  بەڵام ئایا ئامانجی باراک چیە؟

وەک ئەوەی کە باراک بە خێرایی هاتوە و تەنها یەک کەسی دیوە و پاشان گەڕاوەتەوە، ئامانجی کاروباری عێراق نیە، بەڵکو بە هەموو دەرکەوتەکانی وەها دیارە کە پەیامێکی گەیاندبێت. 

بەپێی دیپلۆماتێکی ئەوروپی لە واشنتۆن، تۆم باراک سودانی ئاگادارکردوەتەوە کە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵا حەتمیە، ئەگەر میلیشیا عێراقییەکان دەستوەردان بکەن، ئەوا ئەمریکا ڕێگریی لە ئیسرائیل ناکات بەوەی هێرش بکاتە سەریان. 

ئەم پەیامە داواکاریی نیە بۆ مانەوەی میلیشیاکان بە بێلایەن، بەڵکو مەرجە. 

ئەم سەردان و پەیام و ئەگەری شەڕە، دەمانخاتە بەردەم کۆمەڵێک پرسی کراوە.

پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ئایا ناوچەکە دەچێتە نێو گەڕێکی تر لە شەڕەوە؟

بۆ ئەنجامدانی ئەم شەڕە، هەوڵدەدرێت جەنگەکان بە سنورداریی بمێننەوە. ئەمە هەمیشە یەکێک بوە لە ترسەکانی شەڕ لە ڕابردوودا، بەوەی ئایا شەڕ بۆ سەر لایەک لە میلیشیاکان دەبێتە مایەی شەڕێکی بەرفراوان؟ سودانی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا شانازی بەوەوە دەکرد کە عێراقی لە شەڕ پاراستوە، بەڵام پاراستنەکە بە مەرجی خۆ بەدوورگرتنی میلیشیا عێراقییەکان بوو. بەڵام ئەمجارە شەڕەکان بۆ کۆتاییهێنانە بە حیزبوڵڵا، ئەمە بۆ نوخبەی سیاسی شیعەی عێراق سەختە کە دەستوەستان لە تەلەفزیونەکانەوە تەماشای یەکێک لە نزیکترین دۆستەکانیان بکەن لە ناودەچێت. چۆن و چی دڵنیایی دەدات بەوەی کە ئەمان بە ئامانج ناگیرێن؟ ئایا بە نیشتمانییکردنی میلیشیاکان، وەک چۆن ئەحمەد شەرع قاعیدە و داعشی گۆڕی بە هێزێکی نیشتمانی، مایەی ئەوەیە کە پاشان بێنە ناو سیستەمی سیاسی ناوچەکەوە؟

بەڵام ئەمانە وەرچەرخانی سەختن، چونکە جیهادی قاعیدە، جیاوازە لە هاوسۆزیی شیعە. 

لەم ڕوانگەیەوە ئایا حیزبوڵڵا ئامادەیە ببێت بە هێزێکی سیاسی لوبنانی؟ 

با بگەڕێینەوە سەر سەردانەکە. تۆم باراک خۆی هیچ شتێکی دەربارەی سەفەرەکەی بۆ عێراق بڵاونەکردەوە. ئەوەی کردی، بڵاوکردنەوەی پەیامەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بوو کە لە هەژماری تویتەری باڵوێزییەکەی شێری کرد. تۆم باراک دوو هەژماری تویتەری هەیە، یەکێکیان وەک شەخسی خۆی، ئەویتریان وەک پۆستەکەی. ئەمە دەلالەتی دەسەڵاتیی و هەروەها گرنگی یاسایی هەیە

سەرۆک وەزیرانی عێراق دوو پەیامی بڵاوکردوە دەربارەی سەفەرەکە، پەیامێکیان بە زمانی عەرەبی، ئەویتریان بە زمانی ئینگلیزی. هەردوو پەیامەکە لەیەکەوە نزیکن. بەڵام بە جیاوازییەکی کەمەوە. 

پەیامەکە بە هیچ شێوەیەک باس لە لوبنان ناکات. بەڵام باس لە ڕێگریی دەکات لە هەر تەنگژەیەکی زیاتر لە ناوچەکە، کە زیان بە سەقامگیری و ئابوری عێراق بگەیەنێت.

تویتەکەی سودانی لە ڕوانگەی عێراقەوە کراوە. وەک یەکێک لە دروشمەکانی بانگەشەی سودانی لە کاری هەڵبژاردن، عێراق پێش هەموان. بەڵام لە تویتەکەدا ناوی سوریا هاتووە. دەکرێت وەک ڕوپۆشێک بێت بۆ  پرسە سەرەکیەکە. چونکە باراک نێردەی سوریایە، بۆیە دەبێت باسی سوریا بکات. بەڵام پەیامە سەرەکیەکە کە باس نەکراوە، لوبنانە. 

لەمبارەوە پێشهاتێک جێگای ئاماژە پێدانە کە ئەگەری شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵڵا زیاتر دەکات. 

کۆمپانیای ڕافائیلی ئیسرائیلی ئەوەی ڕاگەیاند کە چەکێکی بەرگریی نوێی دروستکردوە کە ڕێگریی دەکات لە هەموو ڕۆکێت و هێرشێک، بە توانایەکی زۆر زیاتر لە سیستەمەکانی پێشوی. ئەم سیستەمە لەیزەرییە کە ناوی IRON BEAM توانای ١٠٠ کیلۆ واتی هەیە. بە خێرایی ڕوناکی دەڕوات و لە دووری چەند سەد مەترێک یان چەند کیلۆمەترێک  ئامانجەکەی دەپێکێت و مەخزەنێکی زۆر گەورەی هەیە. 

وەها چاوەڕوان دەکرێت لە سەرەتای ئەم مانگەوە سوپای ئیسرائیلی ئەم چەکەی هەبێت.

ڕەنگە یەکێک لە ئامانجەکانی شەڕەکە تاقیکردنەوەی ئەم چەکە بێت.

لە کاتێکدا شەڕ وەک حەتمی دەبینرێت، میلیشیاکانی عێراق هەرچییەک بکەن، ناتوانن خۆیان لە پریشکی ئەو شەڕە و دەرئەنجامەکانی بپارێزن. وەک لە پرسی حەماسدا دەردەکەوێت، ڕەنگە ئاسان بێت بۆ ئیسرائیل حیزبوڵڵا لاواز بکات، بەڵام ئاسان نییە بتوانیت لە ناوی بەرێت. لە کاتێکدا کە حیزبوڵڵا خۆی لە دووڕیانی مان و نەماندا دەبینێتەوە.


نوێترین شرۆڤەکان