گرێکوێرەی گومرگ؛ ئەو ململانێیەی بازرگانان باجەکەی دەدەن

١٨ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥ - ٧:٣١ پاش نیوەڕۆ

گرێکوێرەی گومرگ؛ ئەو ململانێیەی بازرگانان باجەکەی دەدەن

پەنجەرە

کێشەی گومرگ و دەروازە سنوورییەکان لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق، یەکێکە لە ئاڵۆزترین دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی دوای ساڵی ٢٠٠٣.

ئەم پرسە تەنها ڕەهەندێکی ئابووری نییە، بەڵکو پەیوەستە بە پرسی سەروەریی، دەسەڵاتی کارگێڕیی و دابەشکردنی سامانی گشتی.


مێژووی کێشەکە لە سەرەتاوە

ڕەگی کێشە گومرگییەکان بۆ ساڵانی دوای ڕوخانی ڕژێمی پێشوو دەگەڕێتەوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٤ و دوای بڕینی بودجەی هەرێم، ئەم کێشەیە قووڵتر بوویەوە.

گرژییەکان لە ساڵی ٢٠١٧ و دوای ڕیفراندۆم گەیشتنە لوتکە، کاتێک بەغدا هەوڵی کۆنترۆڵکردنی تەواوی دەروازە سنوورییەکانی دا.

لە ساڵی ٢٠٢٣ـەوە، بەهۆی پەسەندکردنی یاسای بودجەی سێ ساڵە (٢٠٢٣-٢٠٢٥)، کێشەکە چووە قۆناغێکی یاسایییەوە. بەپێی یاساکە، دەبێت هەرێم ٥٠٪ـی داهاتە نانەوتییەکان (کە گومرگ بەشە سەرەکییەکەیەتی) ڕادەستی بەغدا بکات.

تاوەکو سەرەتای ساڵی ٢٠٢٥، کێشەکە لە قۆناغی "تەکنیکی"ـدا بوو، بەڵام دواتر کێشەکە بوو بە "دیجیتاڵی".

حکومەتی عێراق جەخت لەسەر یەکخستنی پێناسەی گومرگی و بەستنەوەی ئەلیکترۆنیی دەروازەکان دەکاتەوە. ئەو دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی سیستەمی "ئەسیکۆدا" (ASYCUDA)، بەڵام هێشتا سیستەمەکە لەهەرێمدا کارا نییە و کێشەکەش بەردەوامیی هەیە.


لێکەوتە و کاریگەرییەکان لەسەر عێراق و هەرێم

ئەم کێشە بەردەوامە کاریگەریی ڕاستەوخۆی کردووەتە سەر چەند سێکتەرێک، لەوانە:

١. پەککەوتنی بازرگانی و "دووجار باج وەرگرتن":
یەکێک لە خراپترین لێکەوتەکان بۆ بازرگانان، بوونی خاڵە گومرگییە ناوخۆییەکان بووە لە نێوان شارەکانی هەرێم و پارێزگاکانی عێراق (وەک کەرکوک و موسڵ). ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی بازرگانان ناچار بن دووجار باجی گومرگی بدەن، کە لە کۆتاییدا بارگرانییەکە دەکەوێتە سەر شانی بەکاربەر و دەبێتە هۆی گرانبوونی کاڵاکان.

٢. زیانی بودجەی گشتی:
بەپێی ڕاپۆرتەکانی دیوانی چاودێریی دارایی عێراق، نەبوونی هەماهەنگی دەبێتە هۆی بەهەدەردانی ملیارەها دینار لە داهاتی گشتی. ئەمەش وایکردووە بەغدا زۆرجار وەک فشارێک، ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەستێتەوە بە ڕادەستکردنی داهاتی دەروازەکان.

٣. کێبڕکێی ناتەندروست:
جیاوازی لە پێناسەی گومرگی و ئاسانکارییەکان لە دەروازەیەک بۆ دەروازەیەکی تر، وایکردووە بازرگانان ڕێگای دوورتر بگرنە بەر تەنها بۆ ئەوەی گومرگی کەمتر بدەن، ئەمەش زیانی بە دەروازەکانی هەرێم و ڕێڕەوی ئاسایی بازرگانی لە هەرێم گەیاندووە.


چی بکرێت؟

وەکو چارەسەری تەکنیکی و ئسوڵی، خاڵی زۆر هەن؛ بەڵام کێشە ئەوەیە 
 ئەم پرسە هەر تەکنیکی نییە، بەڵکو راستەوخۆ پەیوەستە بە پرسی دەسەڵاتی هەرێم و بەغدا و هەروەها شادەماری ئابووری و پرسی بازرگانی نایاسایی و بەرژەوەندی حزبە دەسەڵاتدارەکان و… هتد.

بەڵام ئەگەر بڕیارە لە چوارچێوە تەکنیکی و ئسوڵییەکاندا بمێنینەوە، ئەوا دوکرێت ئەم چەند خاڵە وەکو چارەسەر کاریان لەسەر بکرێت:

١. یەکخستنی ئەلیکترۆنی:
جێبەجێکردنی سیستەمی "ئەسیکۆدا" لە هەموو عێراق و بەستنەوەی داتاکانی هەرێم بە ناوەندی زانیارییەکانی بەغدا. ئەمە هەم چارەسەری کێشەی گومرکی باری هاتو لە هەرێم دەکات، هەمیش ڕێگە لە گەندەڵی و تێپەڕاندنی نایاسایی کاڵاکان دەگرێت.

٢. کاراکردنی "تاک پەنجەرەی بازرگانی":
پێشنیازکراوە کە بازرگانان تەنها لە یەک شوێن و بە یەک پسووڵە مامەڵە داراییەکانیان ئەنجام بدەن، کە لە هەردوو لا (هەولێر و بەغدا) دانی پێدا بنرێت.

٣. هەماهەنگی لە وەرگرتنی پێناسەی گومرگی:
پێویستە لیژنەیەکی هاوبەشی هەمیشەیی هەبێت بۆ نوێکردنەوەی لیستی ئەو کاڵایانەی کە باجیان لەسەرە، بۆ ئەوەی هیچ جیاوازییەک نەمێنێت کە ببێتە هۆی ڕاکێشانی بازرگانان بۆ دەروازەیەک لەسەر حیسابی دەروازەیەکی تر.

٤. جێبەجێکردنی یاسای بودجە:
لەمادەی ١١ـی بودجەی (٢٠٢٣-٢٠٢٥)ـدا میکانیزمی دابەشکردنی داهاتە نانەوتییەکان بە ڕێژەی ٥٠٪ بە ٥٠٪ دیاریکراوە (نیوەی بۆ هەرێم و نیوەکەی تری بۆ بەغدا)، بە مەرجێک بەغداش پابەندبێت بە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو