گراهام و کورد و نیوەی ڕێگا
٢٨ کانوونی دووەم ٢٠٢٦ - ٤:٢٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
تویتەکانی سێناتۆری کۆماری لیندزی گراهام گرنگ بوون. ئەگەر ببوایە مایەی ئەوەی کە کۆنگرس بڕیارێکی بۆ پاراستنی کورد دەربکردایە هەنگاوێکی گەورە دەبوو. بەڵام تەلەفونی ترەمپ و شەرع و سەردانی کورد بۆ دیمەشق، بونە مایەی ئەوەی ئەو هەنگاوەی کۆنگرس نەنرێت.
هەندێک لە ئەمریکا وەها گراهام تاوانبار دەکەن کە هەڕەشە دەکات، بەڵام جێبەجێی ناکات.
هەڕەشەکانی گراهام زێدە گرنگ بوون. بەڵام لە هەمانکاتدا ڕەهەندێکی نوێی لە سیاسەتی کوردیدا کردەوە، ئەویش هێنانە ناوی وڵاتی سعودیەیە، یەکەمجارە کە پرسی کورد ڕاستەوخۆ بە سعودیەوە ببەسترێت.
کەنداو بە گشتی لە پرسی کورددا لە باشور هاوسۆزن، هەرچەندە بە کاڵی، بە تایبەتی پاش گرتنی کوێت. بەڵام لە پرسی سوریادا، لە سەرەتادا مەیلیان هەبوو، بەڵام کاتێک شەرع چوو بەرەوە سعودیە، ئەو پەیوەندییە زۆر پتەوبوو، بە تایبەتی بۆ دژایەتی ئێران.
ڕۆژئاڤا بمێنێتەوە دەبێتە موعجیزە، چونکە لە کاتێکدا هەموو شتێک لە باربوو بۆی لە ساڵانی ڕابوردودا، لە پڕ کەوتە ژێر گەلەکۆمەیەکی گەورە.
ئەوەی بێئەندازە گرنگ بوو، یەکبونی کورد بوو، بە خەڵک و حیزب و بەشەکانی.
هەرچەندە دەبێت هەموو شتێک بکرێت بۆ هیورکردنەوە، بەڵام نابێت هەرگیز متمانە بە شەرع بکرێت.
لە ماوەی ڕابوردودا دۆخێکی قانگدراو بە کینە دروست بوو، کات و هەوڵی زۆری دەوێ هەتا بڕەوێتەوە.
ئێستا دەنگۆی ئەوە هەیە کە کورد خاک و چەکی دەبێت، ئەمانە لە ئێستادا زۆر گرنگن. هەروەها لە خواستی فیدراڵیەوە دابەزین بۆ ئیدارەی لۆکاڵی، کە بەرنامەی ئۆجەلان بوو لە سەرەتادا. گەر کورد خۆشی پاشەکشێ لە فیدڕاڵی دەکات دەبێت پشتیوانی فیدڕاڵی دروز و عەلەوی بێت ئەگەر خوازیاری بن.
ئەوەی بیستومانە کە سوریا جۆرێک لە فیدراڵی دەبێت، بە بەخشینی دەسەڵاتی زۆر بە پارێزگاکان بەڵام بەبێ ناونانی بەوجۆرە. بەڵام کێشەی سوریا ئیداریی نیە، کە گرنگە، بەڵکو شوناسییە.