مشتومڕی درامای "حەمدییە" لەعێراق؛ درامایەک پێش نمایشکردن قەدەغە کرا
١٨ شوبات ٢٠٢٦ - ٨:٣٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە بڕیارێکدا کە دەنگدانەوەیەکی زۆری لە ناوەندە هونهری و سیاسییەکانی عێراقدا دروستکرد، دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندنی عێراق لە ١٨ـی شوباتی ٢٠٢٦ بڕیاریدا بە قەدەغەکردنی پەخشی زنجیرە درامای "حەمدییە" لە کەناڵی "MBC Iraq"، کە بڕیاربوو لە مانگی ڕەمەزاندا پێشکەش بکرێت.
ئەم بڕیارە دوای شەپۆلێکی ناڕەزایەتی جەماوەری و پەرلەمانی هات کە دراماکەیان بە سوکایەتیکردن بە کۆمەڵگەی عێراقی تۆمەتبار کرد.
چیرۆکی "حەمدییە" و پێکهاتەی ستافەکەی
ڕووداوەکانی دراماکە لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو دەگوزەرێن، لە نێوان گوندەکانی باشوور و شاری بەغداد.
کەسایەتی سەرەکی زنجیرەکە "حەمدییە"یە، کە ژنێکی لادێیی بەهێزە و ڕووبەڕووی ململانێی چینایەتی دەبێتەوە. بەڵام گرێکوێرەی کێشەکە لەوەدایە کە دراماکە وێنەی ژیان لەنێوان "یانە شەوانەکان" و "سەردانی مەزارگە پیرۆزەکان" تێکەڵ دەکات؛ نەیارانی دەڵێن نیشاندانی کەسایەتییە نەرێنییەکان کە مەزارگە ئایینییەکان بۆ کارە نایاساییەکانیان بەکاردەهێنن، سوکایەتییەکی ڕاستەوخۆیە بە پیرۆزییەکان.
درامای "حەمدییە" لە نووسینی "نور بەدری" و دەرهێنانی دەرهێنەری سووری "پێر قەلام"ـە. کۆمەڵێک ئەکتەری دیاری عێراقی تێیدا بەشدارن، لەوانە: جەواد شەکرچی، ڕەیام جەزائیری، ڕوەیدە شاهین، ئومەیمە جەواد شەکرچی، ئەمیرە جەواد و … هتد.
هۆکارەکانی قەدەغەکردن؛ لە سوکایەتییەوە بۆ فیتنەی تائیفی
دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن چەند خاڵێکی سەرەکی وەک پاساو بۆ قەدەغەکردنی دراماکە خستە ڕوو، لەوانە:
بێڕێزی بە ژنی عێراقی:
دەستەکە پێیوایە ناوەڕۆکی دراماکە وێنەی ئافرەتی عێراقی، بەتایبەتی ژنانی باشوور و ناوچە گوندنشینەکان، دەشێوێنێت.
نانەوەی فیتنە:
تۆمەتی ئەوە دراوەتە پاڵ کارەکە کە پەیامی "پێچراو (مغلف)" و تائیفی تێدایە کە دەبێتە هۆی دابەشبوونی کۆمەڵگە.
پێشێلکردنی ئادابی گشتی:
بڵاوبوونەوەی پرۆمۆی دراماکە مشتومڕێکی زۆری نایەوە، بەهۆی بوونی دیمەنگەلێک کە بە "بوێرانە" و "نەشیاو بۆ مانگی ڕەمەزان" و "پێچەوانەی دابونەریتی عێراق" لەقەڵەم دران.
ڕەگوڕیشەی کێشەکە؛ نووسەرێکی مشتومڕاویی
بەشێکی زۆری ناڕەزایەتییەکان بۆ سەرچاوەی چیرۆکەکە دەگەڕێتەوە. دراماکە لە ڕۆمانێکی نووسەر "قەدوری دوری"ـیەوە وەرگیراوە. نەیارانی دراماکە دوری بەوە تۆمەتبار دەکەن کە خاوەن "نەفەسێکی بەعسییانە"ـیە و بە "قینەوە" باسی ئەو پێکهاتە کۆمەڵایەتییانە دەکات کە دژی ڕژێمی پێشوو بوون.
ڕەخنەگران دەڵێن دوری لە نووسینەکانیدا وێنەیەکی نادروست و نەرێنی لەسەر ناوچەکانی باشوور نیشان دەدات.
کاردانەوەکان؛ لە نێوان پابەندبوون و ناڕەزایەتیدا
بەڕێوەبەرایەتی کەناڵی MBC Iraq ڕایگەیاند کە بە تەواوی پابەندی بڕیارەکانی دەستەی ڕاگەیاندن دەبن، هەرچەندە جەختیان کردەوە کە کارەکە پێشتر مۆڵەتی فەرمی لە سەندیکای هونهرمەندانی عێراق وەرگرتووە.
ئەمەش لەکاتێکدایە پەرلەمانتارانی شیعەی وەکو مستەفا سەنەد و عەلی کینانی ڕۆڵی سەرەکییان هەبوو لە ڕاگرتنی دراماکە و داوای لێکۆڵینەوەیان لە ستافی کەناڵەکە کرد.
لە ئاستی شەقامیشدا، ڕایگشتی دابەش بووە؛ بەشێکیان بڕیارەکە بە "سەرکەوتن بۆ بەها نیشتمانییەکان" دەبینن، بەشەکەی تریش پێیانوایە ئەمە جۆرێکە لە "بەرتەسککردنەوەی ئازادیی هونهریی".
بەگشتیش دۆخەکە ئەوە پیشاندەدات لەعێراقی ژێر چەپۆکی دەسەڵاتی پارتە تائیفییەکان، زەحمەتە هونەر بتوانێت ئازادانە باس لە ئالەنگاریی و کێشەکان بکات، بەبێ ئەوەی لە بابەتی تائیفی نەگلێت یان نەگلێنرێت.