شەمەر؛ هەسەدەیان چوو و خەریکە دیمەشقیش لەدەستدەدەن
١٩ شوبات ٢٠٢٦ - ٧:٣٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە نەخشەی ئاڵۆزی ڕووداوەکانی سوریادا، هۆزی "شەمەر" وەک یەکێک لە گەورەترین و کاریگەرترین هێزە کۆمەڵایەتی و سەربازییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە دەردەکەوێت.
ئەم هۆزە کە ساڵانێک لەژێر چەتری "هێزەکانی سوریای دیموکرات - هەسەدە"ـدا بوو، ئێستا لەبەردەم وەرچەرخانێکی مەترسیداردایە.
دوای ئەوەی پشتیان لە کوردەکان کرد و ڕوویان لە دیمەشق کرد، ئێستا خۆیان لەناو ململانێیەکی سەختدا دەبیننەوە لەگەڵ حکومەتی نوێی سوریا، ململانێیەک کە ناونیشانەکەی "نەوت و چەک"ـە.
"سامان و سەروەریی"؛ کێشەی ئێستای نێوان دیمەشق و شەمەر
دوای ئەوەی پشتیان لە هەسەدە و ڕوویان لە شەرع کرد، پەیوەندییەکانی دیمەشق و هۆزی شەمەر ماوەیەک باش بوو، بەڵام لە ئێستادا ڕۆژ دوای ڕۆژ بەرەو گرژیی دەڕوات. کێشەکان تەنها سیاسی نین، بەڵکو ڕەهەندی ئابووری و سەربازی قووڵیان هەیە، لەوانە:
دۆسیەی نەوت و بیرەکانی یەعربیە:
حکومەتی ناوەندیی داوا دەکات سەرجەم بیرە نەوتییەکانی ناوچەی "یەعربیە" لە جەزیرەی سوریا ڕادەستی دەوڵەت بکرێنەوە. لە بەرامبەردا، هۆزی شەمەر بە توندی ئەمە ڕەتدەکاتەوە و داوای "پشکی جێگیر" لە داهاتی ئەو نەوتە دەکات کە لە زەوییەکانی ئەواندا دەردەهێنرێت.
ئەم ململانێیە لە شوباتی ٢٠٢٦ گەیشتە ئاستی پێکدادانی چەکداری لە دەوروبەری کێڵگە نەوتییەکان.
چارەنووسی "هێزەکانی سەنادید":
سەنادید، هێزێکی سەربازیی بوو کە لەژێر باڵی هەسەدەدا بوو. ئەم هێزە کە باڵی سەربازی هۆزی شەمەرە، ئێستا بوەتە خاڵی سەرەکی ناکۆکییەکە.
دیمەشق داوای هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی ئەم هێزە یان توانەوەی تەواوەتییان دەکات لەناو سوپای سوریادا، بەڵام سەرۆک هۆزەکانی شەمەر سوورن لەسەر هێشتنەوەی سەنادید وەک هێزێکی سەربەخۆ، تا ئەو کاتەی گەرەنتی سیاسی و ئابووری وەردەگرن.
شەمەر و هەسەدە؛ جیابوونەوەیەکی تاڵ
پێش ئەوەی ببنە ئەم هێزە تۆکمەیە، چەکدارانی شەمەر ئەو پێگەیەیان نەبوو، هەتا ئەوەی چوونە ژێر باڵی هەسەدە.
پەیوەندی نێوان هۆزی شەمەر و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) سەرەتایەکی شیرین و کۆتاییەکی تاڵی هەیە.
لە ساڵی ٢٠١٥ـەوە، "هێزەکانی سەنادید" بە سەرۆکایەتی شێخ حومەیدی دەهام ئەلهادی، هاتنە نێو هەسەدە و بوون بە هاوپەیمانێکی سەرەکی لە شەڕی دژی داعش.
شەمەر بەهۆی ئەم هاوپەیمانییەوە توانی پێگەی خۆی لە حەسەکە و یەعربیە بەهێز بکات و پاڵپشتی نێودەوڵەتیش (هاوپەیمانان) بەدەستبهێنێت.
بەڵام لە کۆتایی ٢٠٢٥ و سەرەتای ٢٠٢٦، شەمەر بڕیارێکی ستراتیژییدا بە کشانەوە لە هەسەدە و ڕاگەیاندنی لایەنگری بۆ حکومەتی ناوەندی دیمەشق.
ئەم هەنگاوە خۆیان وەک هەوڵێک بۆ "پاراستنی یەکپارچەیی سوریا" ناویان برد، بەڵام بابەتەکە پەوەندی هەبوو بە گۆڕینی هاوسەنگی هێز و ئەو گەلەکۆمەیەی لە هەسەدە کرا.
ئەم هەنگاوە لەلایەن هەسەدەوە بە خیانەت وێناکرا. مەزڵوم عەبدی، لە دواین چاوپێکەوتنی لەگەڵ ماڵپەڕی ئەمارگی، ئاماژەی بەوەداوە کە عەرەبەکان هاوپەیمان و خەڵکی دڵسۆزیان تێدایە، وەکچۆن هەندێکیشیان خیانەتیان کرد. وای لێدەخوێنرێتەوە کە مەبەستی لە خیانەتکاران، هاوپەیمانە کۆنە شەمەرییەکانیان بووبێت.
شەمەر و چارەنووسێکی تەمومژاوی
لە ئێستادا دۆخی شەمەر لە نێوان بەرداشی حکومەتی دیمەشق و واقیعی نوێی سوریادایە.
چاودێران پێیانوایە حکومەتی ڕاگوزەری سوریا هیچ جۆرە "ئۆتۆنۆمییەکی عەشایەری" قبوڵ ناکات کە شەمەر خەونی پێوەدەبینێت. پێکدادانەکانی ئەم دواییەی حەسەکە، نیشانەی ئەوەن کە دیمەشق ئامادەیە هێز بەکاربهێنێت بۆ کۆنترۆڵکردنی بیرە نەوتەکان.
سەرەڕای ئەوەی بنەماڵەی "ئەلجەربا" کە سەرکردایەتی هۆزەکە دەکەن، جەخت لە چارەسەری ئاشتییانە و یەکپارچەیی سوریا دەکەنەوە، بەڵام حکومەت وادیارە هیچ سازشێک لەسەر پرسی "نەوت" ناکات، چونکە دیمەشق هەم بۆ بژێوی وڵات پێویستی بەو سەرچاوانە هەیە، هەم بۆ لایەنی سەروەرییش.
پێشبینی زاڵ ئەوەیە ئەگەر شەمەر نەتوانێت لەگەڵ دیمەشق بگاتە ڕێککەوتن، ئەوا لە لایەکەوە ڕێگەی گەڕانەوەیان بۆ لای هەسەدە نییە، لە لایەکی تریشەوە بەلای زۆرەوە ڕووبەڕووی هێرشی سوپای سوریا دەبنەوە.
ئەوان ئاماژە بەوەدەکەن (شەرع) دەیەوێت وێنەی دەوڵەتێکی بەهێز نیشان بدات، کە هیچ میلیشیایەک تێیدا باڵادەست نەبێت.
گەشبینییەکی خاو و کۆتاییەکی تاڵ
"ئەویشم چوو، ئەمیشم چوو"؛ ڕەنگە ئەم پەندە کوردییە پڕ بە پێستی دۆخی هۆزی شەمەر بێت، چونکە لەکاتێکدا دەستبەرداری هەسەدە بوون لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان لەلایەن دیمەشقەوە، وائێستا خەریکە دیمەشقیش لەدەست دەدەن.
ئەوان لەپێناو پاراستنی دەسەڵات و پێگەی خۆیان، پشتیان لە هەسەدەی دۆستی دە ساڵەیان کرد، پێدەچێت ئێستاش لەگەڵ دۆستە نوێیەکەیاندا نەک پارێزگاریی، بەڵکو هەموو ئەو پێگەیە بدۆڕێنن کە لەگەڵ هەسەدەدا بەدەستیانهێنابوو.