زەنگی چەک یان کەمبوونەوەی یەدەگ؛ نرخی نەوت بەرزترین ئاست تۆمار دەکات
٢١ شوبات ٢٠٢٦ - ١:٢٤ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەگەڵ پەرەسەندنی ململانێ جیۆسیاسییەکان و دروستبوونی مەترسی لەسەر هێڵەکانی دابینکردنی وزە لە جیهاندا، بازاڕەکانی نەوت ئەمڕۆ (٢٠ـی شوباتی ٢٠٢٦) ناجێگیرییەکی گەورەیان بەخۆیانەوە بینی و نرخەکان بەڕادیەکی بەرچاو بەرزبوونەوە.
لەم ڕاپۆرتەدا تیشکدەخەینە سەر قەبارەی بەرزبوونەوەکە، هۆکارە شاراوە و ئاشکراکانی بەرزبوونەوەکە و ئایندەی.
ریکۆردێکی نوێی نرخەکان
بەپێی دوایین داتا و ئامارەکانی بازاڕی جیهانیی وزە، نرخی نەوت بازدانێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە کە لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا بێ وێنە بووە. ڕێژەی بەرزبوونەوەکە نزیکەی %٢ بووە لە یەک ڕۆژدا. بەمشێوەیە:
خاوی برێنت (پێوانەی جیهانی): نرخەکەی گەیشتە بەرزترین ئاست و بەربەستی ٧٢ دۆلاری شکاند و لە ئێستادا لە دەوروبەری ٧١.٩ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوە دەکرێت.
خاوی تەکساسی ئەمەریکی (WTI): نرخەکەی بەرزبووەتەوە بۆ نزیکەی ٦٦.٧ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
ئەم نرخانە بەراورد بە چەند هەفتەی ڕابردوو بەرزبوونەوەیەکی خێران و وایان لە وەبەرهێنەران کردووە هەڵسەنگاندنێکی نوێ بۆ مەترسییەکانی کڕین و فرۆشتنی نەوت بکەن.
هۆکارەکانی بەرزبوونەوەکە؛ شەڕێک لە ئاسۆدا
ئەم بەرزبوونەوەیە چەند هۆکارێکی سەرەکی و لاوەکی لەپشتە، بەڵام بزوێنەری سەرەکی بریتییە لە ترس و دڵەڕاوکێی جیۆسیاسی. بەمشێوەیە:
١. قەیرانی ئەمەریکا- ئێران:
هۆکاری سەرەکیی و کاریگەر، پەیوەستە بەو مۆڵەتە ١٥ ڕۆژەیەی کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا داویەتییە ئێران بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی، بەپێچەوانەوە هەڕەشەی لێکەوتەی قورس دەکات.
لەمبارەیەوە ئەندرو لیپۆ، سەرۆکی کۆمپانیای (Lipow Oil Associates)ـی تایبەتمەند بە بازاڕی نەوت، بە ڕاشکاوی ڕایدەگەیەنێت: "بەرزبوونەوەی نرخەکان دەگەڕێتەوە بۆ گرژییە جیۆسیاسییەکان و ئەو ترسەی کە پێدەچێت بەمزووانە ئەمەریکا گورزێکی سەربازی لە ئێران بوەشێنێت."
ترسی گەورەی بازاڕەکان لە "گەرووی هورمز" دایە کە %٢٠ـی نەوتی گواستراوەی دەریایی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت.
دەزگای زانیاریی وزەی ئەمەریکی (EIA) لە بەیاننامەیەکدا هۆشداری دەدات و دەڵێت: "گەرووی هورمز گرنگترین خاڵی تێپەڕبوونی نەوتە لە جیهاندا، هەر هەڕەشەیەک لەسەری، وادەکات بازاڕەکان باجێکی زیادە بخەنە سەر نرخی نەوت کە پێی دەوترێت (باجی مەترسیی جیۆسیاسی)، تەنانەت ئەگەر هیچ پچڕانێکی ڕاستەقینەش لە هەناردەدا ڕووینەدابێت."
٢. هۆکارە تەکنیکی و ئابوورییەکان:
جگە لە مەترسییەکانی جەنگ، چەند هۆکارێکی دیکە نرخی نەوتیان بەرزکردووەتەوە، لەوانە:
* کەمبوونەوەیەکی کتوپڕ و چاوەڕواننەکراو لە یەدەگی نەوتی خاوی ئەمەریکادا بە بڕی ٩ ملیۆن بەرمیل، کە نیشانەی بەرزیی خواستە.
* پابەندبوونی هاوپەیمانیی (ئۆپێک پڵەس) بە بڕیاری سڕکردنی زیادکردنی بەرهەمهێنان بۆ چارەکی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦.
د. ئەنەس ئەلحەجی، شارەزای دیاری بواری وزە، لە شیکارییەکدا ئاماژە بەوە دەکات: "کەمبوونەوەی خستنەڕووی نەوت بە بڕی زیاتر لە ٣ ملیۆن بەرمیل لە سەرەتای ساڵەوە، بزوێنەرێکی جەوهەرییە بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکان."
لێکەوتە و ئەگەرەکان؛ ئایا نەوت دەگاتە ١٠٠ دۆلار؟
بازاڕی نەوت لە ئێستادا لە دۆخی ئامادەباشیی و چاوەڕوانیی دایە تا ئەو مۆڵەتەی واشنتۆن بە تارانی داوە کۆتایی دێت.
لەمڕووەوە پێشبینییەکان بەسەر دوو سیناریۆدا دابەش دەبن:
سیناریۆی یەکەم: زیادبوونی گرژییەکان و ئەگەری شەڕ
ئەگەر مۆڵەتەکەی ئەمەریژا کۆتایی بێت و پێکدادانی سەربازی ڕووبدات یان گەرووی هورمز دابخرێت، ئەوا نرخی نەوت سنورەکان دەشکێنێت.
ئاژانسی بلومبێرگ لە زاری شرۆڤەکارانییەوە هۆشداری دەدات کە: "ئەگەر پشێوییەکانی پەیوەست بە ئێران بەردەوام بن، لە کۆتایی ئەمساڵدا ڕەنگە نرخی نەوت بگاتە ٩١ دۆلار."
تەنانەت هەندێک پێشبینی دەکرێت لە حاڵەتی جەنگی کراوەدا، نرخی بەرمیلێک نەوت بگاتە سەروو ١٠٠ دۆلار (وەک ئەوەی لە کاتی شەڕی ئۆکرانیا لە ٢٠٢٢ ڕوویدا).
سیناریۆی دووەم: هێوربوونەوەی دۆخەکە
لە ئەگەری کەمبوونەوەی هەڕەشەکان، وەبەرهێنەران دەستدەکەن بە فرۆشتنی گرێبەستەکانیان و بەوەش مەترسییەکان کەمدەبنەوە و نرخەکان دادەبەزن.
دەزگای زانیاریی وزەی ئەمەریکی (EIA) پێشبینی دەکات کە سەرباری ئەم بەرزبوونەوەیەی ئێستا، تێکڕای نرخی نەوتی برێنت بۆ تەواوی ساڵی ٢٠٢٦ لە دەوروبەری ٥٨ دۆلاردا جێگیر بێت.
لەلایەکی دیکەوە، ئەلێکساندەر نۆڤاک، جێگری سەرۆک وەزیرانی ڕووسیا، گەشبینە بە جێگیریی بازاڕەکان و دەڵێت: "پێشبینی دەکەین لە مانگەکانی ئازار و نیسانەوە خواستی جیهانی لەسەر نەوت زیاتر بەرز ببێتەوە، کە ئەمەش پاڵپشتییەکی باش دەبێت بۆ هێشتنەوەی جێگیریی نرخەکان لە ئێستادا."
بەگشتی تا سیاسەت و چەک قسەی یەکلاکەرەوە بکەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەوا نرخی نەوت لە ژێر ڕەحمەتی لێدوانە سیاسییەکاندا بە ناجێگیریی دەمێنێتەوە.
هەر هەواڵێکی نوێ لە واشنتۆن یان تارانەوە، دەتوانێت ئاراستەی بۆرسەکانی جیهان بە تەواوی بگۆڕێت.