ئەگەری داخستنی گەرووی هورمز؛ سیناریۆیەکی کارەساتبار بۆ ئابووریی عێراق و هەرێمی کوردستان
٢١ شوبات ٢٠٢٦ - ١:٣١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەگەڵ هەڵکشانی گرژییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئێران، یان هەر گرژییەکی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یەکێک لەو پرسانەی دەستبەجێ دێتە بەر باس، ئەگەری داخستنی گەرووی هورمزـە. ئەم مەرەزە ئاوییە کە شادەماری وزەی جیهانە، داخستنی تەنها کێشە بۆ وڵاتانی زلهێز دروست ناکات، بەڵکو دەبێتە هەڕەشەیەکی وجودیی بۆ وڵاتێکی وەک عێراق.
لەم ڕاپۆرتەدا تیشکدەخەینە سەر گرنگیی گەرووەکە و لێکەوتەکانی داخستنی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان.
گەرووی هورمز چییە و بۆچی دادەخرێت؟
گەرووی هورمز، ڕێڕەوێکی ئاویی تەسک و ستراتیژییە لە باشووری ڕۆژئاوای ئاسیا، کە کەنداوی "عەرەبی/ فارسی" بە دەریای عومان و زەریای هیندییەوە دەبەستێتەوە. دەکەوێتە نێوان کەناراوەکانی باشووری ئێران و باکووری سوڵتاننشینی عومان.
بەپێی ئامارەکانی فەرمانگەی زانیاریی وزەی ئەمەریکا (EIA)، لە تەسکترین خاڵیدا پانییەکەی تەنها ٣٣ کیلۆمەترە، و پانیی ئەو ڕێڕەوەی کە کەشتییەکان بە کردارەکی پێیدا تێدەپەڕن لە هەر ئاراستەیەکدا تەنها ٣ کیلۆمەترە.
بۆچی گرنگە؟
ئەم گەرووە تاکە دەرچەی دەریاییە بۆ هەناردەی نەوتی وڵاتانی کەنداو (عێراق، کوەیت، قەتەر، ئیمارات و بەشێکی سعودیە). ڕۆژانە نزیکەی ٢٠٪ـی کۆی نەوتی بازرگانیی جیهان و بڕێکی زەبەلاح لە غازی سروشتیی شلی قەتەر بەم ڕێڕەوەدا تێدەپەڕن.
هەر پەککەوتنێک لەم گەرووەدا، دەستبەجێ دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، گرانبوونی تێچووی دڵنیایی و گواستنەوە، داڕمانی بازاڕەکانی بۆرسە و سەرەنجامیش تێکچوونی ئاسایشی وزە لە ئاسیا و ئەورووپا.
بۆچی ئێران هەڕەشەی داخستنی دەکات و ئایا دەتوانێت؟
ئێران ئەم گەرووە وەک کارتی فشارێکی ستراتیژی بەکاردەهێنێت. لە کاتی سەپاندنی سزای قورسی ئابووری، بەئامانجگرتنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی، یان هێرشی ڕاستەوخۆی سەربازی، بەرپرسانی ئێران پەیامی ئەوە دەدەن: "ئەگەر نەوتی ئێران هەناردە نەکرێت، ڕێگە نادەین نەوتی کەسی دیکەش هەناردە بکرێت."
لە ڕووی سەربازییەوە، ئێران خاوەنی بەلەمی خێرا، مینی دەریایی، مووشەکی کەناراوەکان و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە و کۆنتڕۆڵی چەند دوورگەیەکی ستراتیژیی ناو گەرووەکەی کردووە (وەک قشم، هورمز و ئەبو موسا).
بەڵام لەبەرامبەردا، گەرووەکە ڕێڕەوێکی نێودەوڵەتییە و کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمەریکا لە بەحرەین جێگیرە بۆ پاراستنی، بۆیە هەر داخستنێکی تەواوەتی بە واتای هەڵگیرسانی جەنگێکی گشتگیر دێت.
لێکەوتەکانی لەسەر عێراق چی دەبێت؟
لێکەوتەکانی داخستنی گەرووی هورمز بۆ عێراق تەنها قەیرانێکی ئاسایی نییە، بەڵکو ئیفلیجبوونێکی کوشندە و هەڕەشەیەکی وجودییە.
ئابووریی عێراق بە ڕێژەی زیاتر لە ٩٠٪ پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت و زۆربەی ڕەهای نەوتەکەشی لە ڕێگەی بەندەرەکانی باشوورەوە بەو گەرووەدا تێدەپەڕێت.
بەڕای شرۆڤەکاران، لێکەوتەکانی ئەم داخستنە بەمشێوەیە دەبن لەسەر عێراق:
داڕمانی هەناردە و داهات:
ڕۆژانە هەناردەی نەوتی عێراق لە (٣.٤ ملیۆن بەرمیلەوە) دادەبەزێت بۆ تەنها (٢١٠ هەزار بەرمیل). تەنانەت ئەگەر نرخی بەرمیلێک نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بۆ ١٥٠ تا ٣٠٠ دۆلاریش بەرز ببێتەوە، عێراق سوودمەند نابێت، چونکە ناتوانێت نەوتەکەی بفرۆشێت.
بەمشێوەیەش داهاتی مانگانەی عێراق لە ٧ ملیار دۆلارەوە بۆ کەمتر لە یەک ملیار دۆلار دادەبەزێت.
قەیرانی مووچە و دارایی:
ئەو داهاتە کەمەی دەمێنێتەوە تەنها بەشی ١٤٪ـی مووچەی فەرمانبەران دەکات. یەدەگی دراوی عێراق لە ماوەی یەک ساڵ بۆ ساڵ و نیوێکدا بەتەواوی دادەڕوخێت و دەبێتە هۆی ئیفلیجبوونی تەواوەتیی ئابووری.
تەقینەوەی هەڵئاوسان و قەیرانی کۆمەڵایەتی:
نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار بەرز دەبێتەوە. بەهۆی پچڕانی هێڵی کەشتیوانییەکان، عێراق ڕووبەڕووی کەمیی خۆراک، دەرمان و سوتەمەنی دەبێتەوە کە لێکەوتەکەی هەڵئاوسانێکی زۆر توند و دابەزینی توانای کڕینی هاووڵاتییان دەبێت.
لێکەوتەکانی لەسەر هەرێمی کوردستان چی دەبێت؟
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، کاریگەرییەکان بە هەردوو جۆری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەردەکەون.
کاریگەریی ڕاستەوخۆ ئەوەیە کە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان (لە حاڵەتی ئاساییدا) بە گەرووی هورمزدا تێناپەڕێت، بەڵکو لە ڕێگەی بۆریی نەوتی (کەرکوک-جەیهان)ـەوە بەرەو تورکیا دەڕوات. بۆیە لە ڕووی لۆجستییەوە گەرووەکە نابێتە ڕێگر لەبەردەم نەوتی هەرێم و ڕەنگە لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوتیش سوودمەند ببێت ئەگەر هەناردەکردنی بەردەوام بێت.
هەرچی کاریگەریی ناڕاستەوخۆشە، ئەوا کارەساتبارە، لەبەر ئەوەی ئابووریی هەرێمی کوردستان ئێستا بەشێوەیەکی گەورە گرێدراوی بەغدایە، هەرێم زۆرترین زەرەرمەند دەبێت.
ئەگەر بەغدا تووشی ئیفلیجیی دارایی ببێت و نەتوانێت مووچە و بودجە دابین بکات، بە دڵنیاییەوە هیچ پشکێک و شایستەیەکی دارایی ڕەوانەی هەرێمی کوردستانیش ناکات. ئەمەش قەیرانێکی گەورەی دارایی لە هەرێم دروست دەکات، سەرباری گرانبوونی نرخی کاڵا و خۆراک لە بازاڕەکانی کوردستان بەهۆی تێکچوونی زنجیرەی دابینکردنی کاڵا لەسەر ئاستی ناوچەکە.
عێراق پلانی جێگرەوە و بەدیلی چی دەبێت؟
وەڵامە کورتەکە ئەوەیە: عێراق هیچ جێگرەوەیەکی ئامادەکراوی نییە.
بە پێچەوانەی وڵاتانی وەک سعودیە و ئیمارات کە خاوەنی بۆریی نەوتین بۆ دەرەوەی گەرووەکە، عێراق لە دۆخێکی لاوازیی مەترسیداردایە.
بەپێی شیکردنەوەی د. نەبیل مەرسوومی، شارەزای ئابووری و هەروەها ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، عێراق تەنها ئەم چەند ڕێگە سنووردارەی لەبەردەستدایە کە ناتوانن جێگەی هەناردەی باشوور بگرنەوە:
١. هێڵی بۆری کەرکوک-جەیهان (تورکیا): توانای هەناردەکردنی زۆر سنووردارە و بەپێی مەزەندەکان تەنها دەتوانێت ڕۆژانە نزیکەی ٢٠٠ بۆ ٥٠٠ هەزار بەرمیل بگوازێتەوە، ئەویش کێشەی تەکنیکی و سیاسیی لەسەرە.
٢. گواستنەوەی وشکانی (ئوردن): گواستنەوەی نەوت لە ڕێگەی تانکەرەوە بۆ ئوردن کە بڕەکەی تەنها دەگاتە ١٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، کە بڕێکی زۆر کەمە و هیچ کاریگەرییەکی نابێت.
لە کۆتاییدا، وەک شارەزایان ئاماژەی پێدەدەن، لە ئەگەری داخستنی گەرووی هورمزدا، عێراق تەنها دەتوانێت پشت بە "قەدەر" ببەستێت، چونکە لەسەر زەوی هیچ پلانێکی ستراتیژی و بەدیلی بۆ دەربازبوون لەو ئیفلیجییە ئابوورییە نییە.