بەقەزاکردنی جەلەولا؛ پاساوی خزمەتگوزاریی عەرەب و هۆشداریی بێ کاردانەوەی کورد
٢٢ شوبات ٢٠٢٦ - ٢:٣٢ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەگەڵ بەردەوامیی ململانێ سیاسی و ئیدارییەکان لەسەر ناوچە جێناکۆکەکان، حکومەتی عێراق بڕیاریدا بە گۆڕینی ناونیشانی ئیداریی ناحیەی جەلەولا (گوڵاڵە) بۆ قەزا.
ئەم بڕیارە کە لەلایەن بەرپرسانی عەرەبی پارێزگای دیالەوە وەک "دەستکەوتێکی ئیداری و خزمەتگوزاری" وەسف دەکرێت، لەلایەن بەرپرسانی کوردەوە بە "هەنگاوێکی نادەستووری و مەترسییەکی گەورەی دیمۆگرافی" لێکدانەوەی بۆ دەکرێت، بەتایبەت کە پێشتریش هەنگاوی هاوشێوە لە ناوچەکە نراوە.
وردەکاریی بڕیاری بەقەزاکردنەکە
دوای چەند مانگێک لە هەوڵ و چاودێریکردن لەلایەن بەرپرسانی پارێزگای دیالەوە، وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە فەرمی ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی کارگێڕیی جەلەولا لە "ناحیە"وە بۆ "قەزا"، بەمەش جەلەولا بووە نۆیەمین قەزا لەسەر نەخشەی کارگێڕیی پارێزگای دیالە.
بەپێی لێدوانی عومەر کروی و موزەر کروی (بەرپرسان و نوێنەرانی عەرەبی دیالە)، بڕیارەکە دوای تەواوکردنی سەرجەم ڕێکارە یاساییەکان دراوە، پاساوی سەرەکیش بۆ ئەم هەنگاوە دەگەڕێتەوە بۆ زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی جەلەولا کە لە ئێستادا زیاترە لە ١٤٠ هەزار کەس، هەروەها فراوانیی ڕووبەرەکەی.
بەرپرسانی دیالە پێیانوایە ئەم بڕیارە دەبێتە هۆی باشترکردنی ژێرخانی ئابووری، فراوانکردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و دامەزراندنی فەرمانگەی زیاتر لە شارەکەدا.
جەلەولا (گوڵاڵە) بە دووریی ٧٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی بەعقوبە، پێکهاتەیەکی هەمەڕەنگی هەیە لە کورد، عەرەب و تورکمان، لە ساڵی ٢٠١٤شدا بۆ ماوەیەک کەوتە دەست چەکدارانی داعش پێش ئەوەی لەلایەن پێشمەرگەوە کۆنترۆڵ بكرێتەوە.
لێکەوتە و کاریگەرییەکانی بە قەزاکردنی جەلەولا
ئەم بڕیارە تەنیا گۆڕانکارییەکی کارگێڕیی سادە نییە، بەڵکو ڕەهەندێکی سیاسیی و جوگرافیی قووڵی هەیە. جەلەولا بەشێکی گرنگە لە ناوچە کێشەلەسەرەکان (جێناکۆکەکان) و چارەنووسی بەستراوەتەوە بە جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ـی دەستووری عێراقەوە.
گەورەترین کاریگەریی ئەم هەنگاوە، دابڕاندنی یەکجاریی جەلەولایە لە ڕووی کارگێڕییەوە لە قەزای خانەقین، کە بە دڵی ناوچە کوردستانییەکانی دیالە دادەنرێت.
ئەمە یەکەمین هەنگاوی لەم شێوەیە نییە؛ پێشتریش حکومەتی عێراق بە هەمان پاساوی ئیداری، ناحیەی (قەرەتەپە)ـی کردە قەزا و لە خانەقینی جیاکردەوە.
لێکەوتەی ئەم جۆرە بڕیارانە لاوازکردنی پێگەی قەزای خانەقینە لە ڕووی جوگرافی و دیمۆگرافییەوە، هەروەها سەپاندنی (ئەمری واقیع)ـە لەلایەن بەغداوە بۆ گۆڕینی نەخشەی ئیداریی ناوچە جێناکۆکەکان بەر لەوەی ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت، کە ئەمەش ڕاستەوخۆ کار دەکاتە سەر کەمکردنەوەی هەژموونی کورد لەو ناوچانە و پچڕاندنی پەیوەندییە مێژوویی و کارگێڕییەکانی نێوان شارۆچکە کوردنشینەکان.
هەڵوێستی کورد.. "هەنگاوێکی نادەستووری و مەترسیدار"
لە بەرامبەر ئەم هەنگاوەی بەغدا، لایەنی کوردی بە توندی هاتە دەنگ و بڕیارەکە بە ئامانجگرتنی ناسنامەی کوردستانیی ناوچەکە دەزانێت.
فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لە ڕاگەیەنراوێکدا هۆشداریی توند دەدات و دەڵێت: "گۆڕینی ناونیشانی ئیداریی جەلەولا بێ گەڕانەوە بۆ بڕیاری هاوبەشی هەردوو حکومەتی هەرێم و عێراق، هەوڵێکی ترە بۆ گۆڕانکاری لە دیمۆگرافیای ناوچە کوردستانییەکان".
بەرپرسەکەی حکومەتی هەرێم ئەم بڕیارە بە "پێچەوانەی بێ چەندوچوونی بنەماکانی مادەی ١٤٠" ناودەبات و ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم هەنگاوە تاکلایەنانەی بەغدا بەڵگەیەکی ڕوونە لەسەر ئەوەی حکومەتی فیدراڵی نییەتی جدیی نییە بۆ پابەندبوون بە دەستوور و لێکتێگەیشتنە هاوبەشەکان.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، فەهمی بورهان زەنگی مەترسی بۆ نوێنەرانی کورد لە بەغدا لێدەدات و ڕایدەگەیەنێت: "ئەگەر نوێنەرانی کوردستان لە بەغدا ڕێگری لەم هەڵوێست و بڕیارانە نەکەن، ئەوا لە ئایندەدا ڕووبەڕووی بڕیاری خراپتر و مەترسیی زیاتر دەبینەوە".
بەقەزاکردنێک بێدەنگانە تێپەڕی
بەقەزاکردنی جەلەولا، درێژکراوەی ئەو سیاسەتە ئیدارییەیە کە پێشتر لە قەرەتەپە جێبەجێ کرا. لە کاتێکدا عەرەب و لایەنە عێراقییەکان وەک پەرەپێدانی شارەکان وێنای دەکەن، کورد وەک پلانێکی سیستماتیک بۆ بچووککردنەوەی قەزای خانەقین و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە جێناکۆکەکان دەیبینێت.
ئەم پرسە دەکرا ببێتە خاڵێکی جێ مشتومڕ و ناکۆکیی قووڵی نێوان هەولێر و بەغدا، بەڵام لەکاتێکدا لایەنە کوردییەکان هێشتا لەنێو خۆیاندا شەڕیانە لەسەر بەشکردنی کێکی پۆست و دەسەڵات، ئەوا ڕەنگە هەر بە دەردی دۆسییەکەی قەرەتەپە، ئەمیش بە بێدەنگی و بەبێ هیچ کاردانەوەیەکی سیاسیی ئەوتۆ، تێپەڕێت.