هاشم رەفسەنجانی؛ ئەو سەرۆکەی خواستی گۆڕانکاری لە لوتکەی دەسەڵات خستییە خوارەوە

٢٤ شوبات ٢٠٢٦ - ٣:٤٦ پێش نیوەڕۆ

هاشم رەفسەنجانی؛ ئەو سەرۆکەی خواستی گۆڕانکاری لە لوتکەی دەسەڵات خستییە خوارەوە

پەنجەرە

یەکێک لە کەسایەتییە بەهێز و کاریگەرەکانی ئێران بوو لەدوای رووخانی رژێمی پاشایەتی لە ئێران لە ساڵی ١٩٧٩، بەڵام مردنەکەی مشتومڕی بەدوای خۆیدا هێنا و بە مردنێکی گوماناوی وەسفکرا.

هاشم رەفسەنجانی، لە ساڵی ١٩٨٩ تاساڵی ١٩٩٧ سەرۆک کۆماری ئێران بوو، بەڵام کاتێک لە ساڵی ٢٠١٧ لە مەلەوانگەیەکی تاران کۆچی دوایی کرد گومان لەسەر مردنەکەی دروستکرا.

ئەو لەساڵی ١٩٣٤ لە گوندی "نوج" لەناوچەی رەفسەنجانی پارێزگای کرمان لە باشوری رۆژهەڵاتی ئێران لەدایکبووە، باوکی جوتیار بووە بەڵام خۆی گەیشتە لوتکەی دەسەڵاتی ئێران.

رەفسەنجانی لە قوتابخانەی ئاینی دەستی بەخوێندن کردووە و لە قوم درێژەی بەخوێندن داوە، لەسەر دەستی خومەینی لە کۆتایی پەنجاکانی سەدەی رابردوودا نازناوی "حجەتولئیسلام"ـی پێدراوە، کە پلەیەک لە خوار "ئایەتوڵڵا"وەیە.


رەفسەنجانی؛ لە لوتکەی دەسەڵاتدا 

ڕەفسەنجانی لە دژایەتیکردنی محەمەد ڕەزا شای پەهلەوی، شوێنپێی خومەینی هەڵگرت، بۆیە زیاتر لە جارێک بە تاوانی جوڵەی سیاسی دەستبەسەر کراوە و نزیکەی سێ ساڵ لە زینداندا (١٩٧٥-١٩٧٧) هێڵراوەتەوە.

دوای ڕووخانی شا و گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن خومەینی، رەفسەنجانی لە ئەنجومەنی شۆڕش دەست بەکاربوو، لە ساڵی ١٩٨٨ تا ١٩٨٩ سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران بوو.

ئەوکات ڕەفسەنجانی ڕووبەڕووی ڕەخنەی بەرفراوان بووەوە بەهۆی ئەو ڕێککەوتنەی لەگەڵ ئیدارەی رۆناڵد ریگان ئەنجامیدابوو، ناوەڕۆکەکەی بریتی بوو لە بەدەستهێنانی چەک لەبەرامبەر ئازادکردنی بارمتە بیانییەکان.

دوای کۆچی دوایی خومەینی لە ساڵی ١٩٨٩، ئەزموونە سیاسی و رێبازە میانڕەوییەکەی هاندەر بوو بۆ ئەوەی بەدەنگی ٩٥٪ ـی دەنگدەران ببێتە سەرۆک کۆماری ئێران.

ناوبراو هەوڵیدا لەرێگەی کرانەوە بەڕووی جیهاندا، هەروەها گرتنەبەری بنەماکانی بازاڕی ئازاد و ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی، کار بۆ کەمکردنەوەی قەیرانە ئابوورییەکانی وڵاتەکەی بکات.

لە گەرمەی شەڕی کەنداودا لە ساڵی ١٩٩١، ڕەفسەنجانی وڵاتەکەی لە تێوەگلانی ڕاستەوخۆ لە ململانێ ناوچەییەکان دوورخستەوە. دوای شەڕیش  هەوڵیدا باڵانس لەنێوان داخوازی نەریتخوازەکان و پێشکەوتنخوازەکاندا رابگرێت.

رەفسەنجانی لایەنگری دروستکردنی پەیوەندی بوو لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا ، هەروەها لە برەودان بە پەیوەندی نێوان چین و ئێرانیش رۆڵی هەبوو.

ڕەفسەنجانی دوو خول سەرۆک کۆماری ئێران بوو کە وادەی سەرۆکایەتییەکەی لە ساڵی ۱۹۹۷ کۆتایی هات، دواتر نەیتوانی بۆ خولی سێیەم خۆی کاندید بکات، بەو پێیەی دەستووری ئێران رێگەی پێنەدا.

دوای کۆتایی هاتنی وادەی سەرۆکایەتی محەمەد خاتەمی لە ساڵی ٢٠٠٥، هاشمی رەفسەنجانی هەوڵیدا پۆستی سەرۆک کۆمار بەدەست بهێنێتەوە، بەڵام لە کێبڕکێکردن لەگەڵ مەحمود ئەحمەد نەژاد شکستی هێنا.


رەفسەنجانی؛ لە لوتکەی دەسەڵاتەوە بۆ رەخنەگرتن

رەفسەنجانی دواتر بووە یەکێک لە سەرکردە رەخنەگرەکان لە سیاسەتی وڵاتەکەی، ئەوەی نەدەشاردەوە کە ئێران لە قەیراندایە و رەخنەشی لە مامەڵەی وڵاتەکەی لەبەرامبەر ناڕەزایەتییەکان دەگرت.

بەهۆی پاڵپشتیکردنی لە سەرکردەکانی ریفۆرمخوازەکان، رەفسەنجانی لە ساڵی ٢٠١١ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی شارەزایانی لەدەستدا کە یەکێکە لە پۆستە باڵاکانی ئێران.


رەفسەنجانی و مردنێکی گوماناویی

وەکچۆن ئێستا دانوستانەکان لەگەڵ ئەمەریکا ئێرانییەکانى کردووە بە دووبەشەوە و بەشێک لەگەڵ دانوستان و بەشێکى دیکەیان دژین، کاتێک رەفسەنجانی لەژیاندا بوو ئەم دابەشبوونە هەر هەبوو، ئەو لەگەڵ کرانەوەی وڵاتەکەیدا بوو بەرووی دونیادا.

دژە دانوستانەکان لە سەردەمی حەسەن رۆحانیدا سەریانهەڵدا و لە هەڵبژاردنەکانی ساڵانی رابردووی سەرۆککۆماری وڵاتەکەش، هەموو هەوڵێکیاندا سەعید جەلیلی بەربژێری نەریتخوازەکان، بەرامبەر پزیشکیان سەرکەوتن بەدەست بهێنێت، کە دژ بە ئەمریکایە.

دژبەرانى دانوستان لەگەڵ ئەمریکا نەک تەنیا لە ناو بەرپرسان، بەڵکو شەقام و چین و توێژەکانى گۆمەڵگەی ئێرانیشى گرتووەتەوە، بە گوێرەی میدیایی ئێران بەشێک لە مامۆستایانی ئایینی لە سەرانسەری ئێران بە گشتی هەڵوێستێکی نەرێنییان بەرامبەر بە دانوستانەکان هەیە.

لەکاتێکدا دانیشتوانی ئێران ماندووی دەست ناکۆکی نێوان وڵاتەکەیان و رۆژئاوان، بەهۆی خراپی دۆخی دارایی و خراپیی ژیان و گوزەرانیانەوە، بەشی هەرە زۆریان لەگەڵ دانوستان و رێککەوتندان.

سەرباری ئەوەی بەشێکی زۆر لە سیاسەتمەدار و دانیشتوانی ئێران لەگەڵ دانوستاندان، بەڵام دەسەڵات لای دژە دانوستانەکانە بۆیە زۆرجار فشار لەسەر ئەو کەسانە دروست دەبێت کە پشتتگیری دانوستان دەکەن.

لەیەکێک لە خۆپیشاندانە خوێندکاری دژە دانوستانەکانی چەند ساڵی رابردوودا، خۆپیشاندەران هاواریان کرد:” ئەی ئەو کەسانەی دانوستان دەکەن، مەلەوانگەی فەرەح چاوەڕێتان دەکات"، کە ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەو مەلەوانگەیەیە، کە هاشمی رەفسنجانی تیایدا گیانى لەدەستدا.

ئەم دروشمە سەلمێنەری ئەوەیە هێشتا بەشێکی زۆر لە ئێرانییەکان گومانیان لەسەر شێوازی مردنی رەفسەنجانی هەیە، ئەگەرچی بەرپرسانی وڵات مردنەکەی بۆ جەڵتەی دڵ دەگێڕنەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو