خاتەمیی؛ لە میراتی چاکسازییەکی ناکامەوە تا هاوار بۆ ئازادکردنی خۆپیشاندەران

٢٤ شوبات ٢٠٢٦ - ٨:٠٧ پاش نیوەڕۆ

خاتەمیی؛ لە میراتی چاکسازییەکی ناکامەوە تا هاوار بۆ ئازادکردنی خۆپیشاندەران

پەنجەرە

لەکاتێکدا ناوخۆی ئێران و ناوچەکە بە قۆناغێکی هەستیار و پڕ لە گرژیدا تێدەپەڕێت، جارێکی دیکە دەنگی محەمەد خاتەمیی، سەرۆک کۆماری پێشووتری ئێران و باوکی ڕۆحیی ڕەوتی چاکسازیی لەو وڵاتە، وەک دەنگێکی ڕەخنەگر و هۆشداریدەر دەبیسترێتەوە.

خاتەمی کە ساڵانێکە لەژێر گەمارۆیەکی توندی میدیایی و سیاسیدایە، بێدەنگی دەشکێنێت و داوای ئازادکردنی خۆپیشاندەران دەکات.

"خۆپیشاندەران ئازادبکەن"

لە کۆبوونەوەیەکی ئەم دواییەدا لەگەڵ تیمێک لە ڕاوێژکارانی، محەمەد خاتەمی بەتوندی هاتە دەنگ سەبارەت بە بارودۆخی ناوخۆیی ئێران و مامەڵەی دەسەڵات لەگەڵ ناڕەزایەتییەکان.

خاتەمی بەڕوونی داوای ئازادکردنی سەرجەم ئەو خۆپیشاندەرانەی کرد کە "هیچ تاوانێکیان ئاراستە نەکراوە جگە لە بێزاری لە سەختی ژیان و ناڕەزایەتی دەربڕین". ئەو هاوسۆزیی خۆی بۆ خێزانی قوربانیانی ڕووداوەکانی ئەم دواییە دەربڕی.

هەروەک داوای لە دەسەڵاتداران کردوە کە گێڕانەوەیەکی ڕوون، شەفاف و جێگەی متمانە بۆ ڕای گشتی بخەنەڕوو سەبارەت بەوەی لە وڵاتدا ڕوویداوە، هەروەها دیاریکردنی ئەو کەسانەی کە کەمتەرخەم یان بەرپرس بوون لە توندوتیژییەکان.

سەبارەت بە دانوستانەکانی جنێڤ و گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن، هۆشداریدا لە ململانێی سەربازی و هیوای خواست ڕێڕەوی دێپلۆماسی ببێتە هۆی کەمکردنەوەی نەهامەتییەکانی گەلی ئێران. 

خاتەمیی کێیە؟

محەمەد خاتەمیی، لەدایکبووی ١٩٤٣ لە پارێزگای یەزد، پیاوێکی ئایینیی و بیرمەندێکی دیاری ئیسلامییە. پێنجەمین سەرۆک کۆماری مێژووی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە بۆ دوو خولی لەسەریەک (لە ئابی ١٩٩٧ تا ئابی ٢٠٠٥) ئەو پۆستەی بەڕێوەبردووە.

پێش ئەوەی ببێت بە سەرۆک لەساڵی (١٩٨٢-١٩٩٢) وەک وەزیری کلتوور و ئیرشادی ئیسلامی کاری کردووە، لەو سەردەمەدا بە کەسێکی کراوە ناسرابوو کە باوەڕی بە ئازادیی زیاتر هەبوو، هەر ئەمەش وایکرد بەهۆی فشاری نەریتخوازەکانەوە (کۆنەپارێزان) دەست لەکار بکێشێتەوە.

لەساڵی ١٩٩٧، بە بەدەستهێنانی نزیکەی ٧٠٪ـی دەنگەکان، سەرکەوتنێکی مێژوویی و شۆکهێنەری لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماردا بەدەستهێنا. 

دوای تەواوبوونی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی، خاتەمیی وەک باوکی ڕۆحیی ڕەوتی چاکسازی مایەوە و تا ئەمڕۆش وەک مەرجەعێکی مەعنەوی بۆ ئەو ڕوتە سەیر دەکرێت.

ڕۆڵی لە چاکسازی سیاسی و ڕێگرییەکانی بەرامبەری

محەمەد خاتەمی بە سەرۆکێکی "چاکسازییخواز و باوەڕ بە گفتوگۆ" ناسراوە.

دیارترین هەوڵ و بیرۆکەکانی بیرتییبوون لە:

دیالۆگی شارستانییەتەکان: لە وەڵامی تیۆریی "پێکدادانی شارستانییەتەکان"ـی ساموێل هەنتینگتۆن، خاتەمی پڕۆژەی "دیالۆگی شارستانییەتەکان"ـی هێنایە ئاراوە، کە نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی ٢٠٠١ـی بەناوی ئەو بیرۆکەیەوە ناونا.

کۆمەڵگەی مەدەنی و ئازادی: لە سەردەمی ئەودا، سەدان ڕۆژنامەی سەربەخۆ و چاکسازی مۆڵەتیان پێدرا، هەروەها پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ ئەوروپا و وڵاتانی عەرەبی بەرەوپێشچوونی گەورەی بەخۆیەوە بینی.

ڕێگریی و ناکامییەکان

سەرەڕای ئەو پشتیوانییە جەماوەرییە گەورەیە، خاتەمی ڕووبەڕووی سیستەمێکی ئاڵۆز بووەوە کە دەسەڵاتی ڕاستەقینەی لە دەست ڕێبەری باڵا و دامەزراوەکانی وەک ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور (شورای نگهبان) و دەسەڵاتی دادوەریدا بوو.

لە گرنگترین ئەو ئاستەنگانەی ڕووبەڕووی بوونەوە:

داخستنی ڕۆژنامەکان و سەرکوتی ئازادی: لە ماوەیەکی کورتدا، دەسەڵاتی دادوەری (کە سەر بە ڕێبەری باڵایە) زیاتر لە ١٠٠ ڕۆژنامە و گۆڤاری سەردەمی خاتەمی داخست و دەیان ڕۆژنامەنووسی زیندانی کرد، بێ ئەوەی سەرۆک کۆمار بتوانێت ڕێگرییان لێ بکات.

کوشتنی زنجیرەیی بیرمەندان: لە کۆتایی نەوەدەکاندا، دەیان بیرمەند و نووسەری چاکساز لەلایەن ئەندامانی دەزگای هەواڵگرییەوە تیرۆرکران، ئەمەش سەلماندی کە خاتەمی تەنانەت کۆنترۆڵی بەسەر دامەزراوە ئەمنییەکانی حکومەتەکەی خۆشیدا نییە.

خۆپیشاندانەکانی خوێندکاران (١٩٩٩): کاتێک خوێندکارانی زانکۆی تاران ناڕەزایەتییان دەربڕی، لەلایەن هێزەکانی بەسیجەوە بە سەختی سەرکوتکران. دەسەڵاتنەبوونی خاتەمی لە پاراستنی خوێندکاران، بێئومێدییەکی گەورەی لای لایەنگرانی دروستکرد.

ڤیتۆی دەستووری: ئەنجومەنی پاراستنی دەستوور ڕێگەی لە زۆربەی پڕۆژەیاساکانی خاتەمی و پەرلەمانتارە چاکسازەکان دەگرت و لە هەڵبژاردنەکانیشدا هەزاران کاندیدی چاکسازیان دوورخستەوە.

گۆشەگیریی و قۆناغی پەرواوێزخستن

لە دوای ساڵی ٢٠٠٩ و پشتیوانیکردنی بۆ ناڕەزایەتییەکانی (بزووتنەوەی سەوز)، دەسەڵاتی ئێران بایکۆتێکی میدیایی بێپێشینەی خستە سەر خاتەمی. بڵاوکردنەوەی وێنە، ناو و لێدوانەکانی قەدەغە کرا، حیزبەکەی (بەرەی بەشداری) هەڵوەشێنرایەوە و خرایە دۆخێکەوە کە لە "ئیقامە جەبریی"ـیەوە نزیکە.

هێشتا خاتەمی وەک "سەرۆکێکی بیرمەند" سەیر دەکرێت؛ کەسایەتییەک کە هەوڵیدا ئیسلام و دیموکراسی ئاوێزان بکات و چاکسازیی لەکۆمەڵگاکەیدا دەستپێبکات، بەڵام هەوڵەکەی بە ناکامیی کۆتاییهات.

ئەو وتەیەکی لێ دەگێڕنەوە لە وەسفی ئەوەدا لەئێراندا بڕیار لای رەهبەر (خامنەیی)ـیە نەک سەرۆک، کاتێک وتویەتی: "سەرۆک کۆمار لە ئێراندا وەک شۆفێری شەمەندەفەرێکە کە کلیلی بزوێنەرەکەی لا نییە".


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو