قەیرانی نەخشە ئاوییەکان؛ هۆکاری ناکۆکییەکانی ئەم چەند ڕۆژەی نێوان عێراق و کوەیت چییە؟

٢٥ شوبات ٢٠٢٦ - ٢:٤١ پێش نیوەڕۆ

قەیرانی نەخشە ئاوییەکان؛ هۆکاری ناکۆکییەکانی ئەم چەند ڕۆژەی نێوان عێراق و کوەیت چییە؟

پەنجەرە

لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا کێشەیەکی جوگرافی لەنێوان عێراق و کوەیت دا درووستبوو پەیوەست بە سنوورە ئاوییەکانی نێوان هەردوو وڵاتەوە، کە سەریکێشا بۆ کاردانەوەی وڵاتانی دیکەش.


کێشەکە لەسەر چییە؟
 
کێشەکە کاتێک ڕوویدا، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە (١٩ـی کانوونی دووەم و ٩ـی شوباتی ٢٠٢٦) نەخشە و پۆتانە جوگرافییەکانی (الإحداثيات) نوێی سنوورە ئاوییەکانی خۆی ڕادەستی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.

ئەم بەڵگەنامانە دیاریکردنی هێڵەکانی بنچینەییەکان، ئاوە هەرێمییەکان، ناوچەی ئابووریی تایبەت و قەراغی ناوچەی ئاویی عێراق لەخۆدەگرن.

لەنێو نەخشەکاندا، هەندێک ناوچە هەن کە کوەیت بە هی خۆی دەزانێت و پێیوایە عێراق مافی نییە بیانکات بەهی خۆی.

بەڵام بەغدا پێیوایە ئەم هەنگاوە مافێکی سەروەریی و یاسایی خۆیەتی بەپێی ڕێککەوتنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یاسای دەریاکان (UNCLOS 1982)، کە ئامانج لێی نوێکردنەوەی زانیارییەکانی ساڵی ٢٠١١ـە بۆ پتەوکردنی پێگەی یاسایی خۆی لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی وەک "بەندەری فاوی گەورە" و "ڕێگەی گەشەپێدان".

هاوکات ئەم هەنگاوە بووەتە هۆی توڕەبوونی توندی کوەیت. کوەیت پێیوایە عێراق بەبێ ڕاوێژکردن ئەم هەنگاوەی ناوە و نەخشە نوێیەکان دەستدرێژین بۆ سەر سەروەریی ئەو، هەر بۆیە وەزارەتی دەرەوەی کوەیت بانگهێشتی بەرپرسی کاروباری عێراقی کرد و یاداشتێکی ناڕەزایەتیی فەرمیی پێدا.


وردەکاریی و خاڵە ناکۆکەکانی نێوانیان

کێشەی دیاریکردنی سنووری دەریایی نێوان ئەم دوو وڵاتە چەندین ڕەهەندی ئاڵۆزی هەیە کە دەکرێت لەم خاڵانەدا چڕبکرێنەوە:

ناوچە ئاوییەکانی فەشتی قەید و فەشتی عەیج (فشت القيد و فشت العيج):
نەخشە نوێیەکانی عێراق ئەم دوو بەرزاییە ئاوییە دەگرێتەوە، لەکاتێکدا کوەیت جەخت دەکاتەوە کە ئەم ناوچانە بەتەواوی دەکەونە ژێر سەروەریی ئەوانەوە و هەرگیز جێگەی ناکۆکی نەبوون.

ناوچەی دوای هێمای سنووریی (١٦٢):
ئەمە دوایین خاڵی سنوورییە کە پێش ساڵی ١٩٩٠ لەنێوان هەردوو وڵاتدا دیاریکراوە. کێشەکە لەوەدایە دوای ئەم خاڵە بەرەو دەریای کراوە، سنوورەکان یەکلایی نەکراونەتەوە، ئەمەش وایکردووە ببێتە "ناوچەیەکی خۆڵەمێشی" و بەردەوام کێشەی لەسەر دروست ببێت.

بڕیاری ٨٣٣ـی ئەنجومەنی ئاسایش:
کوەیت پێیوایە بڕیاری ٨٣٣ـی ئەنجومەنی ئاسایش کە لەساڵی (١٩٩٣) دەرچووە، کۆتایی بە کێشەی سنووری هێناوە، بەڵام عێراق دەڵێت بڕیارەکە کێشەی ڕێڕەوە ئاوییە قووڵەکانی دوای خاڵی ١٦٢ـی یەکلایی نەکردووەتەوە.

بنەمای دیاریکردنی سنوور:
ئەمە کێشەیەکی تەکنیکیی گەورەیە؛ کوەیت داوا دەکات بنەمای "هێڵی ناوەڕاست (خط المنتصف)" پەیڕەو بکرێت بۆ دابەشکردنی ناوچەی خۆر عەبدوڵڵا، بەڵام عێراق داوای بنەمای "قووڵترین خاڵ" دەکات لە ڕێڕەوە ئاوییەکەدا، چونکە ئەمە ڕووبەری زیاتر دەدات بە عێراق و خزمەت بە جووڵەی کەشتییەکان دەکات بەرەو بەندەری فاو.

ڕێککەوتنی خۆر عەبدوڵڵا:
لە ساڵی ٢٠٢٣، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق یاسای پەسەندکردنی ڕێککەوتنی ڕێکخستنی کەشتیوانیی لە خۆر عەبدوڵڵا (کە لە ساڵی ٢٠١٢ لەگەڵ کوەیت واژۆ کرابوو) هەڵوەشاندەوە. ئەمەش بۆشاییەکی یاسایی دروستکرد و دۆسیەکەی گەڕاندەوە خاڵی سفر.


لێکەوتە و کاردانەوە و چارەسەرەکان

ئەم ناکۆکییە تەنها لە نێوان عێراق و کوەیتدا نەماوەتەوە، بەڵکو کاردانەوەی هەرێمیی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە و دەشێت لێکەوتەی درێژخایەنی هەبێت.

وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو (سعودیە، ئیمارات، قەتەر، بەحرەین و عومان) بەتەواوی پشتگیریی خۆیان بۆ کوەیت ڕاگەیاند و داوایان لە عێراق کرد نەخشەکان بکێشێتەوە. لە بەرامبەردا، میسر هەڵوێستێکی بێلایەنانەتری نواند و داوای بەکارهێنانی "زمانی عەقڵ و گفتوگۆ"ـی کرد.

ئەم پرسە بۆ عێراق پەیوەندی بە ئاسایشی نەتەوەیی و ئابوورییەوە هەیە، چونکە ئەم ناوچەیە تاقە دەرچەی دەریایی عێراقە بۆ جیهان و چارەنووسی پڕۆژەی بەندەری فاوـی پێوە بەندە.

لەبەرامبەریشدا بۆ کوەیت، بابەتەکە پەیوەندی بە سەروەریی نیشتمانیی و هەستیاریی مێژوویی دوای جەنگی ساڵی ١٩٩١ـەوە هەیە کە عێراق ئەو وڵاتەی داگیرکرد.

بەڵام سەرەڕای ئەم کێشانە و توندیی لێدوانە دیپلۆماسییەکان، چاودێران پێیانوایە کێشەکە ناگاتە ئاستی لێکترازانی تەواوەتی، بەڵکو هەردوو وڵاتە هەوڵی دروستکردنی دۆسیەیەکی یاسایی تۆکمە دەدەن.

پێشبینی دەکرێت لە کۆتاییدا چارەسەرەکە لەڕێگەی لیژنەی تەکنیکیی هاوبەش، یان پەنابردن بۆ نێوەندگیریی نەتەوە یەکگرتووەکان، یانیش دادگای دادی نێودەوڵەتی یان دادگای نێودەوڵەتیی بۆ یاسای دەریاکان بێت؛ هەرچەندە ئەم پرۆسە یاساییە ڕەنگە چەندین ساڵ بخایەنێت تا دەگاتە ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو