هاوپەیمانێتی شیعەکان لەباشوورەوە تەقەی تێکەوت
٢٦ شوبات ٢٠٢٦ - ٣:٢٨ پێش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لەکاتێکدا لەبەغدادا لە مشتومڕ و ململانێیەکی قووڵدان لەسەر پرسی سەرۆک وەزیران، ماڵی شیعە پشێوییەکی تری بەخۆیەوە بینی. پشێوییەکە ئەمجارە لە باشوورەوەیە و هێندەی تر ئەم هاوپەیمانێتییەی پەرت کرد.
پارێزگای موسەنا، کە بە یەکێک لە هەژارترین پارێزگاکانی عێراق دادەنرێت، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کەوتە نێو گێژاوێکی یاسایی و سیاسییەوە، کە شەڕی نفووز و دەسەڵاتی لەناو ماڵی سیاسی شیعەدا هێندەی تر زەقکردەوە.
چی ڕوویدا؟
لە ٢٤ـی شوباتی ٢٠٢٦، ئەنجومەنی پارێزگای موسەنا بە شێوەیەکی کتوپڕ ڕایگەیاند کە دەستلەکارکێشانەوەی پارێزگار (موهەند عەتابی) پەسەند کردووە. تەنها چەند کاتژمێرێک دوای ئەوە، دەرگای خۆپاڵاوتنی کردەوە و (ئەحمەد مەنفی جودە)ـی بە ١٠ دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنەکە لەکۆی ١٢ دەنگ، وەک پارێزگاری نوێ هەڵبژارد.
ڕەهەندەکانی کێشەکە
لایەنی ڕکابەر دەڵێن پارێزگار پێش دەستپێکردنی دانیشتنی لێپرسینەوەی کە بڕیار بوو لەسەر دۆسێی گەندەڵی ئەنجام بدرێت، بۆ ڕاکردن لە بەرپرسیارێتی یاسایی، دەستی لەکارکێشاوەتەوە.
لەبەرامبەردا پارێزگار- موهەند عەتابی، بە توندی هەموو دەستلەکارکێشانەوەیەکی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند: "ئەوەی ڕوویداوە کودەتایەکی سیاسی و پێشێلکارییەکی یاساییە".
دوای تانەی یاسایی عەتابی، دادگا لە ٢٥ـی شوباتدا فەرمانێکی سالاریی "وەلائی" دەرکرد بۆ ڕاگرتنی هەموو ڕێکارەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ تا کاتی یەکلاکردنەوەی دۆسییەکە. حکومەتی ناوەندیش لە بەغدا تائێستا "مەرسومی کۆماریی" بۆ پارێزگارە نوێیەکە دەرنەکردووە، ئەمەش پارێزگاکەی خستووەتە ناو بۆشاییەکی ئیدارییەوە.
تۆمەتەکانی سەر پارێزگار؛ گەندەڵی یان تەسفیەی سیاسی؟
ئەو تۆمەتانەی کە بڕیار بوو عەتابی لەسەریان لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت و دواتر بوونە هەوێنی لادانی، بریتین لە چوار تەوەرەی سەرەکی:
١. دۆسیەی "چەک"ـی بەڵێندەران: تۆمەتبارکردنی پارێزگار بەوەی کە ڕێگری کردووە لە خەرجکردنی پارەی بەڵێندەران و کۆمپانیاکان و مەرجی بۆ داناون کە دەبێت "سەرانە" و "بەرتیل" بدەن بە کەسانی نزیک لە خۆی.
٢. دامەزراندن و گرێبەستەکان:
گومان دەکرێت ٦٠٠٠ پلەی وەزیفی کە بۆ پارێزگاکە تەرخانکرابوو، بۆ بەرژەوەندی حزبەکەی پارێزگار (حزبی فەزیلە) بەکارهێنرابێت و بەسەر لایەنگرانی خۆیدا دابەشی کردبن.
٣. دۆسیەی زەویوزار:
تەرخانکردنی زەوی نایاب لە ناوەندی شارەکان بۆ کەسایەتییە دەستڕۆیشتووەکان و بێبەشکردنی چینە شایستەکان.
٤. تاکڕەوی لە دەسەڵات:
گۆڕینی بەڕێوەبەری فەرمانگەکان بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجومەن و پێشکەش نەکردنی ڕاپۆرتی دارایی شەفاف دەربارەی خەرجییەکانی پارێزگا.
بەرامبەر بەمە، عەتابی دەڵێت ئەم تۆمەتانە تەنها "چەواشەکاریین" بۆ ئەوەی لایەنە سیاسییەکان دەستیان بگات بە بودجە و پڕۆژەکانی پارێزگا.
ئاماژە سیاسییەکانی ڕووداوەکە
ئەنجومەنی پارێزگای موسەنا لە ١٢ ئەندام پێکدێت، کە زۆربەیان سەر بە "چوارچێوەی هەماهەنگی (الإطار التنسيقي)"ـن.
هەریەکە لە هاوپەیمانی هێزە دەوڵەتییەکان (حیکمە و نەسر)، هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا (نوری مالیکی) و هاوپەیمانی نەبنی (عامری و خەزعەلی) یەکی ٣ کورسییان هەیە، هاوپەیمانی "ابشر يا عراق" دوو کورسی و هاوپەیمانی "جمهور المثنی" یەک کورسییان هەیە.
بەڕای چاودێرانی سیاسی، ئەم کێشەیە چەند ڕاستییەکی لەبارەی دۆخی ناوخۆیی شیعەکان تۆخکردەوە، دیارترینیان ئەوەیە کە هاوپەیمانێتییەکەیان هێندە بەهێز نییە و لەهەر کاتێکدا دەشێت سەربکێشێت بۆ هەڵوەشاندنەوە.
هاوکات دەریخست شەڕەکانیان زیاتر لەسەر "بەشە کێکە"یە و هەر لایەنە و بەشی خۆی لە بودجە و پڕۆژەکان دەوێت نەک خزمەتگوزاریی.