بۆری کوردستان؛ لە کێشەیەکی سیاسییەوە بۆ بەرگری نیشتمانی
١٣ ئازار ٢٠٢٦ - ٧:٠٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
لە سێبەری ئاڵۆزییە جیۆپۆلەتیکییەکانی ناوچەکەدا، بازاڕی وزەی جیهانی بەردەوام لەژێر کاریگەریی کێشە سیاسی و سەربازییەکاندا بووە و یەکێک لە هەستیارترین خاڵە ستراتیجییەکانیش گەرووی هورمزە. ئەم گەرووە نەک تەنها بۆ وڵاتانی کەنداو، بەڵکو بۆ عێراقیش وەک دەمارێکی سەرەکی ژیان وایە، چونکە بەپێی ئامارە فەرمییەکان نزیکەی نەوەد لە سەدی نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە ڕێگەی ئەم گەرووەوە دەگەیشتە بازاڕە جیهانییەکان. توندوتیژییەکان یان بڕیارە سیاسییەکان بۆ داخستنی ئەم دەروازە ئاوییە، عێراقی خستوەتە بەردەم مەترسییەکی گەورەی دارایی و ئابووری، چونکە داهاتی سەرەکی وڵاتەکە لەسەر فرۆشتنی نەوتی خاو وەستاوە و پەککەوتنی ئەم پڕۆسەیە بە واتای ئیفلاسبوونی بودجە و لێکترازانی خزمەتگوزارییە گشتییەکان دێت.
لەم کاتەدا، بوری نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا لە پڕۆژەیەکی ئابووریی هەرێمییەوە دەگۆڕێت بۆ بژاردەیەکی ستراتیجی نیشتمانی بۆ هەموو عێراق. ئەم بورییە کە بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ گواستنەوەی نەوتی کێڵگەکانی هەرێم دروستکراوە، دەبێتە تاقە هیوای بەغدا بۆ گەیاندنی نەوتەکەی بە دەریای ناوەڕاست و بازاڕەکانی ئەوروپا. ئەگەرچی خاوەندارێتی ئەم بۆرییە کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتن، ڕەنگە بەکارهێنانی عێراق ڕوبەروی ئاڵنگاری یاسایی و بەڕێوەبردن بکاتەوە و ئەو وڵاتە ڕوبەڕووی چەند مەرجێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکاتەوە، بەڵام لە کاتی قەیرانی هورمزدا، پێویستییەکی توندی عێراق بە دۆزینەوەی ڕێگەی بەدیل، هێزی گفتوگۆی هەرێمی کوردستان بەرامبەر بەغدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات و هاوکێشە سیاسییەکە لە "داواکەر"ەوە بۆ "پێشکەشکاری چارەسەر" دەگۆڕێت.
ئەم دۆخە نوێیە دەبێتە هۆی دەستپێکردنی قۆناغێکی جیاواز لە دانوستانەکان کە تێیدا هەرێمی کوردستان دەتوانێت مەرج و داواکارییە هەڵپەسێردراوەکانی خۆی جێگیر بکات. یەکێک لە سەرەکیترین مەرجەکان، چارەسەرکردنی پرسی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت دەبێت، چونکە هەرێم داوا دەکات بەغدا دان بە ڕاستی سروشتی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمدا بنێت و تێچووی ڕاستەقینەی بەرهەمهێنان کە زۆر لەوە زیاترە کە لە یاسای بودجەدا دیاریکراوە (نزیکەی ٢٤ بۆ ٣٠ دۆلار بەرامبەر ٦ دۆلار و دواتر بە ١٦ دۆلار بە شێوەی کاتی جێگیر کرا)، یان ئەنجامی لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنەکانی کۆمپانیای "ود ماکەنزی" کە ڕەنگە لە ئاستی خواستەکانی هەرێمی کوردستاندا نەبێت. ئەمە وەک مەرجێکی بنەڕەتی بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی هەناردە و کاراکردنەوەی هەناردەی نەوتی عێراق سەیر دەکات.
لە لایەکی ترەوە، پێویستە پرسی قەرزی کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان (IOCs) و شەرعییەتی گرێبەستەکانیان بابەتێکی تری گرنگی گفتوگۆکان بێت. هەرێمی کوردستان مەرجی ئەوە بخاتە ڕوو کە حکومەتی فیدراڵی پابەند بێت بە دانەوەی ئەو ملیارەها دۆلارەی کە وەک قەرز لەسەر حکومەتی هەرێم کەڵەکە بووە بەرامبەر کار و وەبەرهێنانی ئەو کۆمپانیایانە. هەروەها داوای دانپێدانانی فەرمی بە گرێبەستەکان بکرێت یان لانیکەم گۆڕینیان بۆ جۆرە گرێبەستێکی نوێ کە مافی یاسایی و دارایی وەبەرهێنەرەکان بپارێزێت. ئەمەش تەنها بۆ بەرژەوەندی هەرێم نییە، بەڵکو بۆ دڵنیاکردنەوەی بازاڕی جیهانییە کە نەوتی تێپەڕبوو بەناو بۆری کوردستاندا هیچ گرفتێکی یاسایی لەسەر نەبێت
سەبارەت بە شایستە داراییە ناوخۆییەکانیش، هەرێمی کوردستان وەک مەرجێکی ستراتیجی داوای گەرەنتی کردنی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بکات بە شێوەیەکی بەردەوام و دوور لە ململانێیە سیاسییەکانی ناو پەرلەمان. لێرەدا دەکرێت ڕێککەوتنە نوێیەکە بە جۆرێک بێت کە هەناردەی نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیای (سۆمۆ)وە بێت، بەڵام بەرامبەر بەوە دەبێت سیستەمێکی بانکی یان گەرەنتییەکی دارایی هەبێت کە تەمویلی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم ڕاستەوخۆ و بێ دواکەوتن خەرج بکرێت. ئەمە دەبێتە ئاڵوگۆڕێکی بەرژەوەندی (نەوت بەرامبەر بودجە و سەقامگیری) کە تێیدا هەردوو لا لە قەیرانێکی گەورە ڕزگاریان دەبێت.
لە ڕووی تەکنیکی و سیاسییەتی دەرەکییەوە، ئەم دۆخە ڕۆڵی تورکیاش وەک یاریزانێکی سەرەکی بەهێزتر دەکات و دەبێتە هۆی دروستبوونی هاوپەیمانییەکی نوێی سێقۆڵی لەنێوان هەولێر، بەغدا و ئەنقەرە. توانای بورییەکە بۆ گواستنەوەی نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، کە دەکرێت بە چاکسازی تەکنیکی زیاتریش بکرێت، دەبێتە تاکە دەرچەی ڕزگاربوون لە خنکانی ئابووری. لە ئەنجامدا، بوری نەوتی کوردستان تەنها بۆرییەکی ئاسنی نییە، بەڵکو دەبێتە کلیلێکی سیاسی و کارتێکی فشار کە پێگەی هەرێم لە هاوکێشەی دەسەڵاتی عێراقدا بۆ ئاستێکی باڵاتر بەرز دەکاتەوە و بەغدا ناچار دەکات بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی، زۆربەی داواکارییە ئابووری و یاساییەکانی هەرێم قبوڵ بکات.