جەنگی "لیثیۆم" و گەرووی هورمز  

٢٦ نیسان ٢٠٢٦ - ١:٢٣ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە

لە سایەی ئەو تەنگژە توندە جیۆپۆلیتیکییانەی کە جیهانیان لە ساڵی ٢٠٢٦ـدا دووچاری شۆکێکی وزە کردووە، پەیوەندی نێوان سووتەمەنییە فۆسیڵییەکان (نەوتی خاو و غازی سروشتی) و کانزای "لیثیۆم" یان "لیتیۆم" بووەتە بەشێکی گرنگی یەکلاکەرەوەی داهاتووی ئابووری. 

لە کاتێکدا جەنگی ئێران و ململانێکانی گەرووی هورمز بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ سەروو ١٠٥ دۆلار و هەڕەشە لە پێنج یەکی وزەی جیهان دەکەن، پێویستییەکی کوشندە بۆ ئۆتۆمبێلی کارەبایی دروست بووە، بەڵام لێرەدا کێشە گەورەکە دەردەکەوێت؛ چین بە باڵادەستییەکی ڕەهای ٧٠٪ـی بازاڕی "لیثیۆم"ـی جیهانی کۆنترۆڵکردووە.

ئەم باڵادەستییەی چین، وایکردووە جیهان لە بارمتەی نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بگۆڕێت بۆ بارمتەی پاترییەکانی چین، ئەمەش وای کردووە ئیدارەی ئەمریکا بە تێڕوانینێکی ستراتیژیی نوێوە سەیری دۆخەکە بکات.

 ئەمریکا تێگەیشتووە کە چیتر ناتوانێت تەنها پشت بە "سێگۆشەی لیثیۆم" لە ئەمریکای لاتین ببەستێت، چونکە ناسیۆنالیزمی سەرچاوەکان لە وڵاتانی وەک زیمبابوی، ئەرجەنتین و شیلی مەترسی کورتهێنانی "لیثیۆم"ـی تا ساڵی ٢٠٣٥ زیاتر کردووە. بۆیە واشنتۆن لە هەنگاوێکی کتوپڕدا و وەک وەڵامێکی ستراتیژی بۆ کۆنترۆڵی چین، کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک ئێکسۆن مۆبیل و شیڤرۆنی ڕاسپاردووە کە ملیارەها دۆلار بۆ کڕینی زەوییە بەرفراوانەکانی ئالاسکا تەرخان بکەن، بە مەبەستی گەڕان و دەرهێنانی "لیثیۆم" لەناو خاکی ئەمریکادا. 

ئەم گۆڕانکارییە نیشانەی ئەوەیە کە جەنگی وزە لە کەنداوی (فارسی/ عەرەبی) و گەرووی هورمزەوە بەرەو کێبڕکێیەکی توند لە جەمسەری باکوور دەچێت و ئەمریکا دەیەوێت لەڕێگەی کاراکردنی کۆمپانیا نەوتییەکان لە کەرتی کانزاکاندا، ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە کە بەهۆی پاشەکشەی وەبەرهێنان و دابەزینی پێشووی نرخەکان دروست بووە، تاوەکو ڕێگری بکات لەوەی ئابوورییەکەی لە نێوان چەقۆی گرانیی نەوت و قورخکاریی پاترییەکانی چیندا تێکبشکێت.

 سەرەڕای ئەم هەوڵانە، بازاڕی "لیثیۆم" دووچاری دژیەکییەکی سەیر بووەتەوە؛ لە کاتێکدا جیهان پێویستییەکی لێبڕاوی بەم کانزایە هەیە، بەڵام داڕمانی ٩٠٪ـی نرخەکان لە ساڵانی ڕابردوودا بووەتە هۆی ساردبوونەوەی وەبەرهێنەران و دواکەوتنی پڕۆژە نوێیەکان، ئەمەش مەترسی دروستبوونی کورتهێنانێکی گەورەی لە خستنەڕوودا خوڵقاندووە.

 چین بە زیرەکییەوە سوودی لەم سستییەی ڕۆژئاوا بینیوە و تەنانەت کاتێک هەناردەی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانی بە ڕێژەی ١٤٠٪ زیاد کردووە، بەردەوام بووە لە قۆرخکردنی سەرچاوەکان. تێڕوانینە کریتیکاڵییەکە لێرەدا ئەوەیە کە ئایا کڕینی زەوییەکانی ئالاسکا لەلایەن زەبەلاحە نەوتییەکانەوە وەک پەرچەکردارێکی درەنگوەختەیە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی هورمز یان ستراتیژییەکی ڕاستەقینەیە بۆ سەربەخۆیی وزە؟

ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە کە جیهان هێشتا وەک بارمتەیەک لە نێوان ناجێگیریی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و قۆرخکاریی تەکنەلۆژیی چیندا ماوەتەوە، هەر پچڕانێکیش لە گەرووی هورمزدا تەنها نرخی بەنزین بەرز ناکاتەوە، بەڵکو ململانێی بەدەستهێنانی پاترییەکانیش دەگەیەنێتە ئاستی تەقینەوە.


نوێترین شرۆڤەکان