سوریاو هورمز؛ کێبڕکێی شەمەندەفەرەکان و کەشتییەکان

٢٢ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٢٣ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە

ئەگەرەکان بۆ پڕۆژەیەکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆر جدیین، سەنتەری ئەم پڕۆژە نوێیە لە "تورکیا، سووریا و ئوردن"دا چڕ بۆتەوە، ئەمە تەنها هەنگاوێکی ئابووری سادە نییە، بەڵکو گۆڕانکارییەکی جیۆپۆلیتیکی قووڵە کە وەک وەڵامێکی ستراتیژی بۆ گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و ناسەقامگیریی تەنگەی هورمز دێتە کایەوە. لە کاتێکدا ئێران هەوڵی بەکارهێنانی کارتەکانی وزە و داخستنی ڕێڕەوە ئاوییەکان دەدات، تورکیا و وڵاتانی ناوچەکە دەیانەوێت "پردێکی وشکانی" جێگرەوە دروست بکەن کە ڕاستەوخۆ ئەوروپا بە بازاڕە دەوڵەمەندەکانی کەنداوەوە دەبەستێتەوە و پشتبەستن بە ڕێگای دەریایی کە مەترسی جەنگی لەسەرە، کەم دەکاتەوە. 

لەم نێوەندەدا، "سووریای نوێ" ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت؛ سووریا لە وڵاتێکی بارگاوی بە شەڕ، دەبێتە "گۆڕەپانی ترانزێت" و کلیلێک بۆ بەستنەوەی باکوور بە باشوور، ئەمەش نیشانەی گۆڕانی بەرژەوەندییەکانە لە ململانێی سەربازییەوە بۆ هاوبەشی ئابووری کە ڕەنگە ببێتە هۆی سەقامگیرییەکی زۆرەملێ لە ناوچەکەدا. سووریا وەک پردێک کار دەکات کە تێچووی گواستنەوە و مەترسییەکانی کەشتیوانی لە دەریای سوور و گەرووی باب المندب و هورمز ناهێڵێت، ئەمەش وای کردووە ئەنقەرە و عەممان بە پەرۆشییەوە دەستپێشخەری بۆ بکەن تا پێگەی خۆیان وەک گەورەترین ناوەندی لۆجیستی لە ناوچەکەدا بچەسپێنن.

عێراق لەم پڕۆژەیەدا خۆی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەدا دەبینێتەوە؛ ئەگەرچی عێراق پێشتر پڕۆژەی "ڕێگەی گەشەپێدان" (Development Road)ی وەک ڕکابەرێک ڕاگەیاندبوو، بەڵام ئەم ڕێڕەوە نوێیەی تورکیا-سووریا-ئوردن دەبێتە هۆی ئەوەی عێراق ناچار بێت یان پەیوەندی بەم تۆڕە نوێیەوە بکات یان ڕووبەڕووی گۆشەگیرییەکی بازرگانی ببێتەوە. مەوقیعی عێراق لەم پڕۆژەیەدا دەکرێت وەک "باڵێکی ڕۆژهەڵاتی" بێت کە غازی سروشتی و نەوت لە ڕێگەی هێڵی ئاسنینەوە بەرەو ئەوروپا بگوێزێتەوە، بەڵام ئەمە بەندە بە سەقامگیری ناوخۆیی و ڕادەی توانای عێراق لە هاوسەنگکردنی بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ تاران و واشنتۆن. 

لە داهاتوویەکی نزیکدا، پێشبینی دەکرێت ئەم ڕێڕەوە تەنها بۆ کەلوپەل نەبێت، بەڵکو ببێتە پڕۆژەیەکی گەورەی وزە کە تێیدا کارەبا و هایدرۆجینی سەوز لە کەنداوەوە و غازی سروشتی لە کێڵگەکانی عێراق و کەنداوەوە بەرەو ئەوروپا بگوێزرێتەوە، ئەمەش گۆڕانکاری لە نەخشەی وزەی جیهانیدا دەکات و گرنگی جیۆپۆلیتیکی تەنگەی هورمز بە ڕێژەیەکی بەرچاو کەمدەکاتەوە، کە ئەمە لە زیانی تاران و لە قازانجی ئەوروپا و تورکیایە.

سەبارەت بە ئیسرائیل، ئەم پڕۆژەیە دوو لایەنی هەیە؛ لە لایەکەوە ئیسرائیل نیگەرانە لەوەی ئەم ڕێڕەوە ببێتە هۆی بەهێزبوونەوەی ئابووری سووریا و تورکیا بەبێ ئەوەی ئەو تێیدا بەشدار بێت، لە لایەکی تریشەوە دەترسێت ئەم ڕێڕەوە ببێتە ڕکابەری ئەو پڕۆژە نێودەوڵەتییەی کە بڕیارە هیندستان و ئیسرائیل و ئەوروپا (IMEC) کە ئەمریکا پشتگیری لێ دەکات و هیندستان بە ئیسرائیلەوە دەبەستێتەوە. بەڵام  لە هەمان کاتدا، هەر پڕۆژەیەک کە هەژموونی ئێران بەسەر ڕێگاکانی بازرگانییەوە کەم بکاتەوە، لە بەرژەوەندی ئیسرائیل دەبینرێت، چونکە ئەمە ئابووری ناوچەکە بە ئەوروپاوە دەبەستێتەوە و بەرژەوەندییەکان وا دەکەن شەڕ لە ناوچەکانی نزیک لە سنورەکانی ئیسرائیل کەمبێتەوە. 

لە کۆتاییدا، ئەم ڕێڕەوە دەیسەلمێنێت کە لە "سەدەی وزەدا"، ئابووری ڕێگایەک دەدۆزێتەوە کە دوور بێت لەو ناوچانەی "گرێکوێرەی سەربازییان" تێدایە، و سووریا لەم هاوکێشەیەدا دەبێتە سوودمەندی یەکەم کە وەک ناوەندێکی وزە و بازرگانی جیهانی خۆی نمایش دەکاتەوە، کە ئەمە دەکرێت ببێتە سەرەتایەک بۆ "مارشاڵ پلانێکی نوێ" (کە مەبەست لێی پڕۆژەیەکی گەورەی ئاوەدانکردنەوەیە وەک ئەوەی دوای جەنگی جیهانی بۆ ئەوروپا کرا) بۆ ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە لە ڕێگەی شەمەندەفەرەکانەوە.


نوێترین شرۆڤەکان