ژن لە نێوان کەرامەتی مرۆیی و تەڵەی کاڵاکردنی میدیاییدا

٢٦ نیسان ٢٠٢٦ - ١:١٤ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە

  لەو کاتەوەی مرۆڤایەتی بەرەو شارستانییەت هەنگاوی ناوە، پێگەی ژن وەک پێوەرێک بۆ پێشکەوتنی هەر کۆمەڵگەیەک بینراوە. بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ لە کایەی میدیایی و سۆشیاڵ میدیای کوردیدا دەیبینین، سەرهەڵدانی شەپۆلێکی مەترسیدارە کە تێیدا شکۆی ژن و پیرۆزیی خێزان دەکرێنە قوربانی "لایک" و "ڤیو". پرسی هاوسەرگیریی و هاوسەرگیری دووەم و تەڵاق، کە دەبوو لە ناوەندە یاسایی و کۆمەڵناسییەکاندا بە قووڵی لێکۆڵینەوەیان لێ بکرێت، هۆکار و دەرەنجامەکانیان ڕونبکرێتەوە. ئێستا لەبەردەم مایکەکاندا کراونەتە کەرەستەیەک بۆ بچووککردنەوەی ژن و کورتکردنەوەی لە چوارچێوەی ویست و ئارەزووەکانی پیاودا.
ژن وەک کەرامەت، نەک کەرەستە
کەرامەتی مرۆیی بنەمایەکی نەگۆڕە؛ چونکە خودی مرۆڤ بەهەردوو ڕەگەزەکەیەوە بوونەوەرێکە خاوەنی ئیرادە و مانا، نەک ئامرازێک بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی دەروونی یان نمایشکردنی هێز. 

کاتێک لە میدیاکاندا پرسی هاوسەرگیری تەنها وەک "مافی پیاو بۆ چێژ" یان "هەڕەشەی تەڵاق بۆ ژن" نیشان دەدرێت، لێرەدا پرۆسەیەکی مەترسیداری بەکاڵاکردن ڕوو دەدات. لەم پرۆسەیەدا، ژن لە مرۆڤێکی خاوەن خەون، بیرکردنەوە و پێگەیکۆمەڵایەتییەوە، دادەبەزێنرێت بۆ ئاستی شتێکی مادی کە پیاو دەتوانێت وەک کاڵا مامەڵەی پێوە بکات.

تەڵەی میدیا و کاڵاکردنی ویست

میدیای بازرگانی، بۆ ڕاکێشانی زۆرترین بینەر، پەنا دەباتە بەر ورووژاندنی غەریزە نزمەکان. گەورەکردنی بابەتی فرەژنی و هاندانی پیاوان بۆ لێدوان لەو بارەیەوە، ئەمە بۆخۆی تەڵەیەکە بۆ تێکدانی هاوسەنگیی خێزان. ئەم دیاردەیە وا دەکات ویستی پیاو ببێتە سەنتەر و کەرامەتی ژن ببێتە پاشکۆ. ئەمە نەک هەر سووکایەتییە بە ژن، بەڵکو تێکشکاندنی پایەکانی ئەو کۆمەڵگەیەیە کە دەیەوێت لەسەر بنەمای ڕێزی دوولایەنە بژی. 
لە کاتێکدا کۆمەڵگەی کوردی هەمیشە بەوە ناسراوە کە ژن تێیدا "خانم" و "خاوەن ماڵ" بووە. دابەزاندنی ئەم پێگەیە بۆ ئاستی گفتوگۆی سەر شەقام و نمایشی تەلەفزیۆنی، گوزارشت لە بۆشاییەکی مەعریفی دەکات. کاتێک میدیا ڕێگە دەدات ژن وەک قوربانی یان وەک بابەتی کێبڕکێی نێوان پیاوان نیشان بدرێت، خەریکە مۆدێلێکی توندوتیژیی ڕەمزی بەرهەم دەهێنێت کە کاریگەرییەکەی لە توندوتیژیی جەستەیی خراپترە.

بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردەیە
بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، پێویستمان بە چەند هەنگاوێکی کردەیی هەیە:
یەکەم / هۆشیاریی میدیایی: پێویستە دەزگا میدیاییەکان پابەندی ئیتیکی کارکردن بن و ڕێگە نەدەن کەرامەتی مرۆڤ ببێتە قوربانی لایک و ڤیو. 
دوەم/ ڕۆڵی ڕۆشنبیران ئەکادیمیست و پارێزەران و چالاکوانان:  دەبێت ئەم زمانە بازاڕییە ڕەتبکەنەوە و گوتارێکی جێگرەوە بەرهەم بهێنن کە تێیدا ژن وەک هاوبەشێکی ڕاستەقینەی مێژوو و بونیادی شارستانییەت و پێشکەوتن و بناسێنرێت.

سێیەم/ پەروەردەی خێزانی: دەبێت لە ناو خێزانەکانەوە فێری نەوەی نوێ بکرێت کە هاوسەرگیری پەیمانێکی مرۆییە نەک مامەڵەیەکی بازرگانی، جیابونەوە و تەڵاقیش  باشترین بژاردەی شەرعی و کۆمەڵایەتیە کاتێک دوو هاوسەر نەتوانن خێزانێکی تەندروست پێک بهێنن، نەک میکانیزمێک بۆ دەرخستنی هێز.
لەدوادێڕدا دەمەوێت بڵێم، ژن لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، پێویستی بە بەزەیی یان پیاهەڵدانی ساختە نییە، بەڵکو پێویستی بە پاراستنی ئەو کەرامەتە هەیە کە سروشت و یاسا و مێژوو پێی بەخشیوە یان خۆی بەخەبات بەدەستی هێناوە . وە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم شەپۆلە لە "کاڵاکردن"، ئەرکی هەموو کەسێکی ئازادیخوازە، چونکە تێکشکانی شکۆی ژن، سەرەتایەکە بۆ تێکشکانی شکۆی هەموو مرۆڤایەتی.


نوێترین شرۆڤەکان