شەڕی ئێران؛ ئەو پلانە یەک لەدوای یەکانەی ئەمەریکا دەیانخاتە بواری جێبەجێکردنەوە چین؟
١٦ ئازار ٢٠٢٦ - ٣:٥٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
هێرشی ئەمەریکا- ئیسرائیل بۆ سەر ئێران درێژەی هەیە، بەڵام تا ئێستا نە ئێران خۆی رادەستی خواستەکانی ئەو دوو وڵاتە کردووە، نە ئەو دوو وڵاتەش وادەی کۆتاییهێنانیان بە هێرشەکانیان ڕاگەیاندووە.
لەکاتێکدا ئەمەریکا- ئیسرائیل بەردەوام هێرشی چڕ دەکەنە سەر ئێران و ئەویش بەدەوروبەردا دەست دەوەشێنێت و درێغی ناکات، پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە ئاقاری شەڕەکە بەرەو کوێ دەڕوات؟
پلانە یەک لە دوای یەکەکانی ئەمەریکا
ئەمەریکا پێش ئەوەی هێرشەکانی بۆ سەر ئێران دەست پێبکات، هێزێکی گەورەی رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد، چاوەڕوانبوو ئێران بترسێت و خۆی رادەستی خواستەکانی بکات، بەڵام ئێران خۆ رادەستکردنی رەتکردەوە.
سەرنەکەوتنی پلانی یەکەمی ئەمەریکا وایکرد پلانی دووەم بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەویش کوشتنی عەلی خامنەیی و رووخانی رژێمەکە یاخود ناچارکردنی سەرکردەکانی تربوو بە سازش کردن، دیسانەوە ئەم پلانەش سەرینەگرت.
هەوڵەکانی ئەمەریکا- ئیسرائیل لە ئێستادا بەو ئاراستەیە، ئێران لە هەموو توانا سەربازیی و ئابوورییەکانی دابماڵن، بۆ ئەوەی رژێمەکە بەجۆرێک لاواز بکەن جارێکی تر هەستانەوەی قورس بێت.
نەبوونی بەدیل؛ گرفتە گەورەکە
لەکاتێکدا ئەمەریکا پلانی هەبوو بە کوژرانی خامنەیی رژێمی ئێران بڕووخێت، بەڵام هیچ جێگرەوەیەکیشی بۆ دەسەڵاتەکە دیاری نەکرد، بەوپێیەی پێش هێرشکردنە سەر ئێران هیچ ئامادەکارییەکی لەو جۆرە بەدی نەدەکرا.
کاتێک لە ساڵی 2003، ئەمەریکا پلانی بۆ رووخاندنی رژێمی بەعس داڕشت پێشوەخت ئامادەکاری بۆ کرد، لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی کۆکردەوە و کۆنفرانسی بۆ بەستن، بەڵام ئەم هەنگاوانە بۆ داهاتووی ئێران نەنران.
رووخانی رژێمی ئێران ئامانجی سەرەکی ئیسرائیلە بەبێ گوێدان بەوەی دواتر چی ڕوودەدات، چونکە هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیی یان روودانی پشێوی بۆ ئیسرائیل گرنگ نییە، ئەوەی بۆی گرنگە نەمانی ئەو دەسەڵاتەیە کە بە مەترسی دەزانێت بۆ سەر خۆی.
ئەمەریکا پێیوابوو بە کوژرانی خامنەیی رژێمەکە هەرەس دەهێنێت، سەرباری دانەنانی جێگرەوە بۆ دەسەڵاتی داهاتووی ئێران، بەڵام هەندێک باوەڕیان وایە گۆڕانکاری لەنێو خودی رژێمەکەدا پلانی سەرەکی ئەمەریکا بووە.
لەشەڕی 12 رۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێران دا زۆربەی سەرکردە سەربازییەکان کرانە ئامانج، بەو ئومێدەی سیستەمە نەتوانێت وەڵام بداتەوە و دواجار هەرەس بهێنێت.
بە ئامانج کردنی رابەری باڵای ئێران و سەرکردە سەرەکییەکان دەستپێکی ئەمجارەی هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بوو، بە ئامانجی ئەوەی دەسەڵات کۆنترۆڵ لەدەست بدات و رژێمەکە داڕووخێت ئەمجارەش پلانەکە سەرینەگرت.
رووخانی رژێم بە بێ ئەوەی داهاتووی ئەو وڵاتە بەچی ئاقارێکدا دەڕوات ئامانجی ئیسرائیلە، چونکە ئیسرائیل گرفتی لەگەڵ ئاوارەبوونی خەڵک و روودانی پشێوی نییە، بەوپێیەی ئەم لێکەوتەیە هیچ مەترسییەکی لەسەر ئەو نابێت.
لەکاتێکدا داهاتووی ئێران لەدوای رووخانی سیستەمەکە بۆ ئەمەریکاو کەنداو و وڵاتانی ناوچەکە گرنگ و مەترسیدارە، چونکە دواجار ئەوان توشی کێشە و سەرئێشەی ئابووریی و مرۆیی و ئەمنی دەبن.
بەمپێیە ئیسرائیل رووخانی رژێمەکەی دەوێت بەبێ گوێدانە لێکەوتەکانی، لەکاتێکدا ئەمەریکا و وڵاتانی ناوچەکە مانەوەی ئێرانێکی لاوازی پەڕوباڵ کراویان دەوێت بەجۆرێک نەتوانێت جارێکیتر ببێتە مەترسی بۆ سەر هیچ لایەک.
ئێران و شەڕی مان و نەمان
ئەو شەڕەی ئێران دەیکات شەڕی مان و نەمانە، بۆیە هەوڵی فراوانکردنی شەڕەکە و تێوەگلاندنی زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە دەدات، لەرێگەی ئەنجامدانی هێرشەوە بۆ سەریان.
ئێران دوو ئامانجی سەرەکی هەیە، هەردوو ئامانجەکەش لە هەوڵداندا بۆ مانەوەی رژێمەکە کورت دەبنەوە، هەرچەندە بە دوو ئاراستەی جیاواز کار بۆ بەدیهێنانی هەردوو ئامانجەکەی دەکات.
ستراتیژی ئێران بریتییە لە پەلاماردانی وڵاتانی ناوچەکە و فراوانکردنی پانتایی شەڕەکە، تا والێکبدرێتەوە هێرشکردنە سەر ئێران سەقامگیری هەموو ناوچەکە تێکدەدات، بۆ ئەوەی وادەی شەڕەکە کورتتر بکاتەوە و گەرەنتی ئەوەش بکات لەداهاتوودا هێرشی نەکرێتەوە سەر.
ئامانجی دووەمی ئێران کۆنترۆڵکردنی دۆخی ناوخۆی وڵاتەکەیەتی، دەیەوێت دۆخەکە بەجۆرێک کۆنترۆڵ بکات، رێگە لە هەر جۆرە خۆپیشاندان و راپەڕینێک بگرێت کە مەترسی لەسەر رژێمەکە دروست بکات.
بۆیە ئێران فشار دروست دەکات بۆ ئەوەی خەڵک لە ماڵەکانیان بمێننەوە و لەرێگەی بڕینی هێڵەکانی ئینتەرنێتیشەوە پەیوەندی لەنێوانیان پچڕاندووە، هەروەها دەیەوێت لەرێگەی بردنە سەر شەقامی لایەنگرانی خۆی، رێگە لە خۆپیشاندانی نەیارەکانی بگرێت.
بەمپێیە ئامانجی ئێران لە مانەوەی رژێمەکە و دەربازبوونی لەم شەڕەدا بە سەلامەتی کورت بووەتەوە، لەکاتێکدا ئەمەریکا دەیەوێت رژێمەکە بەجۆرێک لاواز بکات توانای هەستانەوە و بەهێزبوونەوەی نەبێت.
هێرش وەکو بەشێک لە دانوستان
ئێران بە داخستنی گەڕووی هورمز و لەمپەر دروستکردن بۆ کەشتییە بارهەڵگرەکان گرفتی گەورەی ئابووری بۆ دونیا دروستکردووە، بەتایبەت نرخی نەوت و گاز بەرز بووەتەوە.
درێژەکێشانی داخستنی گەرووی هورمز لەداهاتوودا گرفتی گەورەتر دروست دەکات، بەوپێیەی قەتەر یەکێکە لە سەرچاوە گرنگەکانی هەناردە کردنی پەینی کیمیایی کە کشتوکاڵی بەشێک لە وڵاتانی پێوە بەندە.
داخستنی گەرووی هورمز لە داهاتوودا گرفت بۆ بەرهەمە کشتوکاڵی و بەرهەمە خۆراکییەکانیش دروست دەکات، بۆیە ئەمەریکا دەیەوێت لەرێگەی هێرشکردنە سەر دوورگەی خارک کە سەرچاوەی وزەی ئێرانە، ئەو وڵاتە ناچار بکات بە کردنەوەی هورمز.
ئەمەریکا هەرچەندە پێگە سەربازییەکانی لە دورگەی خارک کردە ئامانج، بەڵام هێرشی نەکردە سەر پێگە ئابوورییەکان ئەمەش لەپێناو ئەوەی لەداهاتوودا گرفتی گەورە بۆئابووری ئەو وڵاتە دروست نەبێت، ئەگەر گۆڕانکاری روویدا.
لەکاتێکدا ئەمەریکا چاوی لەسەر پاراستنی پێگەی ئابووری ئێرانە، تەنها ئومێدی ئێرانییەکانیش لە قۆناغی داهاتوودا چینە ئەگەر لەم شەڕە دەربازیان ببێت، بەوەی نەوتی لەبەرامبەر بەدەستهێنانی پێداویستییەکاندا پێبدات، چونکە نێوان ئێران و وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپا بەتەواوەتی تێکچووە.