"دژیەکییەکی سەیر"؛ ئێران بەردەوامە لە فرۆشتنی نەوت و ڕێگەی هەناردە بە وڵاتانی دیکە نادات 

١٧ ئازار ٢٠٢٦ - ٦:١٧ پاش نیوەڕۆ

"دژیەکییەکی سەیر"؛ ئێران بەردەوامە لە فرۆشتنی نەوت و ڕێگەی هەناردە بە وڵاتانی دیکە نادات 

پەنجەرە

کەرتی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتیی، لە دژیەکی و پارادۆکسێکی سەیردا دەژێت، چونکە ئێران کە بەهۆی هێرشی ئەمەریکا و ئیسرائیلەوە ڕێگەی لە هەناردەکردنی نەوتی کەنداو گرتووە، کەچی خۆی بەردەوامە لە هەناردەکردن و بەڵکو بڕەکەیشی زیاتر کردووە.


ئامارەکان دەدوێن

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمپانیای "Kpler" بۆ چاودێریی کەشتیگەلەکان، هەناردەی نەوتی ئێران لە مانگی ئاداری ٢٠٢٦ـدا ئاستێکی چاوەڕواننەکراوی تۆمار کردووە.

سەرەڕای هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر ژێرخانی وزەی ئەو وڵاتە، تاران توانیویەتی ڕۆژانە بەشێوەیەکی مامناوەند، بڕی ١.٥ ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە بکات، تەنانەت لە هەندێک ڕۆژدا ئەم ژمارەیە گەیشتووەتە ٢.١ ملیۆن بەرمیل؛ ئەمەش ئاستێکە کە بەرزترە لە قۆناغی پێش دەستپێکردنی جەنگ.

ئێران بەشێکی نەوتەکەی بە ئاشکرا و بەشێکی زۆریشی لەڕێگەی"کەشتیگەلی سێبەر (Shadow Fleet)" دەگوێزێتەوە، کە ئەم کەشتییانە کەشتی کۆنن و دوور لە چاودێریی نێودەوڵەتی و بە ئاڵای جۆراوجۆرەوە نەوتی ئێران دەگوازنەوە، ئەمەش بۆ دەربازبوون لە سزا و گەمارۆکان و چاودێریی. 

هاوکات پیشەسازیی نەوتی ئێران بەهۆی شەڕەکەوە زیانی بەرنەکەوتووە، تەنانەت دوورگەی خارک کە ٩٠٪ـی هەناردەی نەوتی ئێرانی لێوە ئەنجام دەدرێت، ئەگەرچی لەلایەن ئەمەریکاوە کرایە ئامانج، بەڵام کۆگا و بەشەکانی کە پەیوەستن بە هەناردەی نەوتەوە، لەهێرشەکەدا سەلامەت بوون.

هاوکات، ئێران بەندەری "جاسک"ـی لە دەرەوەی گەرووی هورمز وەک جێگرەوەیەک خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی لە ئەگەری پەککەوتنی تەواوەتیی گەرووەکە، هەناردەکەی نەوەستێت.


ستراتیژی "بۆ خۆم حەڵاڵە و بۆ ئەوانی دی حەرام"

ئەوەی جێگەی سەرنجە، بوونی ستراتیژێکی دووفاقی ئێرانە. چونکە تاران کە گەرووی هورمزی بەڕووی بازرگانی نێودەوڵەتی و بەتایبەتیش هەناردەی نەوتی وڵاتانی وەک: سعودیە، عێراق، قەتەر، بەحرەین، ئیمارات و کوێت بەستووە، کەچی خۆی بەردەوامە لە هەناردەکردنی نەوت.

داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هاتوچۆی کەشتییەکانی وڵاتانی تری کەنداو بە ڕێژەی ٩٠٪ کەمی کردووە. لە ئێستادا زیاتر لە ٢٣٠ کەشتی نەوت گوێزەرەوە کە نزیکەی ١٨٦ ملیۆن بەرمیل نەوتی وڵاتانی کەنداویان هەڵگرتووە، لە ناوەوەی کەنداو گیریان خواردووە و بە هۆکاری ئەمنی و مەترسی بەئامانجگرتنیان لەلاین ئێرانەوە، ناتوانن تێپەڕن.


چین وەک کڕیاری سەرەکی

نزیکەی ٩٠٪ـی نەوتی ئێران لەلایەن چینەوە دەکڕێت، ئەمەش لەکاتێکدایە زۆرێک لە وڵاتان لە ترسی ئەمەریکا و بەهۆی ئەو گەمارۆیەی خستوویەتییە سەر ئێران، نەوتی لێناکڕن.

بەڵام چین گوێ بەم سزا و گەمارۆیانە نادات، بەڵکو سوودیشی لێبینیوە. چونکە بەهۆی ئەوەی کەم وڵات نەوتەکەی دەکڕێت لە ترسی سزای ئەمەریکا، هەربۆیە ئێران داشکاندنی لە نرخی نەوتەکەیدا کردووە، بەمەش چین بە نرخێکی کەمتر نەوتی دەستدەکەوێت.


هەڵوێستی واشنتۆن؛ بێدەنگییەک لەپێناو نرخەکاندا

پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە: بۆچی ئەمریکا ڕێگریی لەم هەناردەیە ناکات؟
وەڵامەکە لە بازاڕە جیهانییەکاندایە. 

سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕێگەیانداوە کەشتییە ئێرانییەکان تێپەڕن بۆ ئەوەی بازاڕی وزەی جیهانی تووشی شۆک نەبێت.

نرخی نەوت لە دوای دەستپێکردنی جەنگەوە ٤٠٪ بەرزبووەتەوە. ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە هۆشداری دەدات کە پچڕانی تەواوەتیی دابینکردنی نەوت دەبێتە هۆی گەورەترین قەیرانی وزە لە مێژوودا.

بۆیە واشنتۆن ستراتیژی لێدانی سنووردار پەیڕەو دەکات؛ لەکاتێکدا فشار دەخاتە سەر ژێرخانەکان، بەڵام ڕێگریی گشتگیر لەهەناردەی نەوتی ئێران ناکات، تاوەکو ئابووریی جیهانی و هی ئەمریکاش، دانەڕمێت.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو