فەرماندەی هێزە خۆبەخشەکەی مەخمور بۆ پەنجەرە: حەشد ویستی هێز رەوانەی سنورەکەمان بکات بەڵام رەزامەندیمان دەرنەبڕی
١٦ ئازار ٢٠٢٦ - ٨:٢٨ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی خۆبەخش لە سنوری قەزای مەخمور دەڵێت، چەند ساڵێک لەمەوبەر حەشدی شەعبی هەوڵیداوە هێز بهێنێتە سنوری مەخمور، بەڵام هێزەکەیان رەزامەندی دەرنەبڕیووە و ئەمەش وایکرد هێز نەهێننە ناوچەکە.
غازی فەیسەڵ، فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی خۆبەخش لە سنوری مەخمور، بە پەنجەرەی ڕاگەیاند: حەشدی شەعبی سەردانیان کردین، داوای هاتنە سنورەکەیان کرد بە رەزامەندی و راوێژ لەگەڵ ئێمە، بەڵام ئێمە وتمان هێزی زۆری سوپای عێراق لەناوچەکە بوونی هەیە و ناردنی هێزی ئێوە پێویست نییە.
دەشڵێت: هێزەکانی هاوپەیمانان بەردەوام دێنە سنورەکەمان و هەماهەنگیمان هەیە، بۆیە سوپاسی حەشد دەکەین رێزیان لە خواستی ئێمە گرت و هێزیان رەوانەی سنورەکە نەکرد.
بەپێی وتەی غازی فەیسەڵ، سنورەکەیان درێژییەکەی پەنجا کیلۆمەتر و پانییەکەی چل کیلۆمەترە، تەواوی ناوچەکە لەلایەن سوپای عێراق و چەند مەفرەزەیەکی هێزی پێشمەرگەی خۆبەخشەوە پارێزگاری لێدەکرێت.