بۆڕی نەوتی هەرێم-تورکیا؛ هیوایەکی کز و جێگرەوەیەکی مەحاڵ

١٧ ئازار ٢٠٢٦ - ٦:١٧ پاش نیوەڕۆ

بۆڕی نەوتی هەرێم-تورکیا؛ هیوایەکی کز و جێگرەوەیەکی مەحاڵ

پەنجەرە

لەکاتێکدا حکومەتی هەرێم و عێراق لەسەر بەکارهێنانی بۆڕی نەوتی هەرێم- تورکیا بۆ گواستنەوەی نەوتی عێراقی لێیان بووە بە دەنگەدەنگ و دۆخەکە گەیشتووتە ئاستی هەڕەشە، بەڵام پێدراوەکان شتێکی تر دەڵێن: بۆڕییەکە ئەو دارە سیحراوییە نییە.

ماوەی سێ ڕۆژە حکومەتی هەرێم و بەغدا لەسەر ڕێگەدان یان ڕێگەنەدان بە هەناردەی نەوتی عێراق بە بۆڕیی هەرێم- تورکیا، ناکۆکی و شەڕێکی میدیایی توند لەنێوانیاندا دروستبووە، کە حزب و هاوپەیمانێتییە حزبییەکانیش خۆیان لەم ململانێیەوە گلاندووە.

بەڵام پرسیاری سەرەکی کە زۆرجار باس ناکرێت ئەوەیە: ئایا ئەم بۆڕییە دەبێتە فریادڕەسی کەرتی نەوتی عێراق لەژێر ئەم بارودۆخەی بەهۆی شەڕی ئێرانەوە تووشی هاتووە؟


کەلێنێکی گەورە لە ژمارەکاندا

عێراق بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی بە ڕێژەی ٨٥٪ بۆ ٩٥٪ پشت بە بەندەرەکانی بەسرە و گەرووی هورمز دەبەستێت، کە ڕۆژانە نزیکەی ٣.٤ ملیۆن بەرمیلی لێوە تێپەڕ دەبێت.

لە بەرامبەردا، توانای ئێستای هەناردەکردن لە ڕێگەی بۆڕی نەوتی هەرێمەوە سنووردارە. لەپێش شەڕی ئێران تەنها لە نێوان ٢٠٠ بۆ ٢١٠ هەزار بەرمیلدا بوو، دوای شەڕەکە بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە بۆ سەر کێڵگەکان، بەرهەم و هەناردە راگیرا. بەڵام وەک ڕاگەیەنراوە، تواناکەی نزیکدەبێتەوە لە ٦٠٠ هەزار و لە زۆرترین باریشدا دەبێتە ٩٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

بەڵام وەک وەزارەتی نەوتی عێراقی ئاماژەی پێداوە، ئەوان دەیانەوێت لەو بۆڕییەوە ٢٠٠ بۆ ٢٥٠ هەزار بەرمیلی ڕۆژانە هەناردە بکەن. ئەمەش واتە ئەم بۆڕییە تەنها دەتوانێت ٧-٨٪ـی ئەو نەوتە بگوازێتەوە کە پێشتر لە باشوورەوە هەناردە دەکرا.


بەربەستە تەکنیکییەکان

جگە لەوەی بۆڕییەکە توانای گواستنەوەی سنووردارە، هاوکات پرسیارێکی تر دێتە ئاراوە: ئەگەر توانای سنووردار نەبوایە چیی؟

وەڵامەکە ئەوەیە ئەگەر توانایشی سنوردار نەبوایە، ئەوا نەدەتوانرا ڕێژەیەکی زۆری نەوتی پێ بگوێزرێتەوە، هۆکارەکەیشی ئەوەیە کە بەشی زۆری نەوتی عێراق لە باشوور و بەتایبەتی بەسرەیە. گەیاندنی ئەم نەوتە بە باکوور زەحمەتە، چونکە هیچ بۆڕییەک نییە ئەم نەوتە بگەیەنێتە هێڵەکەی هەرێم و وێستگەی پەمپ و پاڵنانی نییە.


بەربەستی ئەمنی

خاڵێکی دیکە کە لەم نێوەندەدا باسناکرێت، مەسەلەی لایەنی ئەمنییە.

لەکاتێکدا ئێران ڕێگەنادات نەوتی عێراق بە گەرووی هورمزدا تێپەڕێت، هاوکات میلیشیاکانی سەر بە ئەو لە عێراق کێڵگەکانی نەوت بۆردوومان دەکەن و بەرهەمهێنانی نەوت پەکدەخەن، ئایا چ گرنتییەک هەیە کە هێڵەکەش نەکەنە ئامانج و ڕێگە بەم گواستنەوەی نەوتە بدەن؟

ئەمەش پرسیارێکە کە یان ناکرێت، یاخود بێدەنگیی لێدەکرێت.

بۆیە لە دیمەنە گشتییەکەدا وا تەماشا دەکرێت کە گەورەکردنی مەسەلەی گواستنەوەی نەوت بە بۆڕیی نەوتی هەرێم، لەلایەکەوە هەم وەکو دەستبردنی کەسێکی خنکاوە بۆ کەفی دەریا، لەلایەکی دیکەشەوە ڕەنگە بەکارهێنانی بێت بۆ ململانێی سیاسی.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو