له سایه‌ی دۆخی ئێران ناكۆكی كورد- ئازه‌ری به‌ره‌و كوێ ده‌چێت؟ ئایا رووی له چاره‌سه‌رییه، یان توندوتیژی و به‌كارهێنانی هێزی ره‌ق؟
١٧ ئازار ٢٠٢٦ - ٦:٢٣ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە، هێمن خۆشناو
له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی جه‌نگی ئه‌مریكا – ئسرائیل دژ به ئێران، جارێكی دیكه دۆسیه‌ی ئه‌تنیك و نه‌ته‌وه‌كان له ئێران زیندوو ده‌بێته‌وه، ئه‌گه‌ر له سایه‌ی ئه‌م جه‌نگه رژێمی ئێران (بگۆڕێت یان بمێنێته‌وه) ناكۆكی كورد – ئازه‌ری سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه و یه‌كێكه له‌و ئاڵنگارییە مه‌ترسیدارانه‌ی كه ره‌نگه له داهاتوویه‌كی نزیكدا رووبه‌رووی بزوتنه‌وه‌ی كورد له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان بێته‌وه.
دوای ده‌ستپێكردنی جه‌نگی ئه‌مریكا و ئسرائیل له‌گه‌ڵ ئێران له (28 شوباتی 2026) ئێران پێی ناوه‌ته قۆناخێكی گرنگ، كه هیچ شتێك له‌م وڵاته وه‌كو پێشتر نامێنێته‌وه و به‌ڕێوه‌ناچێت. یه‌كێك له‌م مه‌سه‌لانه‌ش په‌یوه‌ندی كورد – ئازه‌ریه له ئێران، كه له‌یه‌ككاتدا ئه‌گه‌ری چاره‌سه‌ری و تۆخبوونه‌وه‌ی ناكۆكیه‌كان له‌خۆ ده‌گرێت.
ئازه‌ریه‌كان له دوای نه‌ته‌وه‌ی فارس گه‌وره‌ترین نه‌ته‌وه‌ن له ئێران‌دا و 16-20٪ كۆی دانیشتووانی ئێران پێكدێنن كه ژماره‌یان له 90 ملیۆن كه‌س زیاتره. رێژه‌ی كوردیش له ئێران به 10 – 12 ده‌خه‌مڵێندرێت وه‌كو سێیه‌م گه‌وره نه‌ته‌وه ناو ئێران‌دا.
ناكۆكی كورد – ئازه‌ری مێژوویه‌كی زیاتر له 100 ساڵه‌ی هه‌یه، ناوه‌ندی ئه‌م ناكۆكیه‌ش كه زۆر جار شه‌ڕی كورد و ئازه‌ری لێكه‌وتۆته‌وه، پارێزگاری (ورمێ) یه له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و هه‌ریه‌ك له شاره‌كانی (ماكۆ، چالدران، شۆت، پۆلده‌شت، چایپاره، خۆی، سه‌لماس و ورمێ) له‌خۆ ده‌گرێت. نه‌خشه‌ی جوگرافی ئه‌م ناوچه‌یه وه‌كو لاكێشه وایه له باكوور بۆ باشوور درێژ ده‌بێته‌وه و ده‌كه‌وێته سه‌ر سنووری رۆژئاوای ئێران و رۆژهه‌ڵاتی توركیا. خه‌ڵكی كوردی ئه‌م ناوچه‌یه له‌ژێر كاریگه‌ری باكووری كوردستان دایه، له رووی خزمایه‌تی و عه‌شیره‌تیه‌وه هاوبه‌شن، هه‌ردوولا موسڵمان و سوننه مه‌زهه‌بن. سه‌ره‌ڕای سنووری ده‌ستكرد و زۆره‌مڵێی نێوان ئێران و توركیا په‌یوه‌ندی تۆكمه‌ی خه‌ڵكی كورد له هه‌ردوو دیوی سنوور به به‌هێزی ماته‌وه و له‌خۆشی و ناخۆشیدا هاوڕا و هه‌ماهه‌نگن. له رووی رۆژهه‌ڵاتیشه‌وه ئه‌م ناوچه‌یه هاوسنووره له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌ی ئازه‌ر كه خۆیان به درێژكراوه‌ی (باشووری ده‌وڵه‌تی ئازه‌ربه‌یجان) له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، به زمانێكی نزیك له زمانی توركی قسه ده‌كه‌ن و موسڵمانی شیعه مه‌زهه‌بن.
به‌هۆی سیاسه‌تی جیاكاری و دوژمنكارانه‌ی ده‌سه‌ڵاته یه‌ك به‌دوای یه‌كه‌كانی ئێران، زۆربه‌ی پۆسته ئیداره‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه له ده‌ستی ئازه‌ریه‌كان دایه و كورد لێی بێبه‌شكراوه. ئه‌مه‌ش كرۆكی ناكۆكی كورد – ئازه‌ری دروست ده‌كات له‌م ناوچه‌یه، چونكه رۆژ له دوای رۆژ ئازه‌ریه‌كان له رووی ئابووری و ئیداری به‌هێزتر ده‌بن و كوردیش فه‌رامۆشتر ده‌كرێت و خه‌ریكه ناوچه‌كه له رووی دیمۆگرافیه‌وه ره‌نگێكی ئازه‌ریانه ده‌گرێت.
ئه‌م جیاكاریه، به تایبه‌تی له قۆناخه راگوزه‌ریه‌كاندا، وه‌كو ئه‌م قۆناخه‌ی ئه‌مڕۆ كه ئێران به‌هۆی جه‌نگی ئه‌مریكا و ئسرائیل پێیدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، ترسی ته‌قینه‌وه و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی توندوتیژی لێده‌كه‌وێته‌وه. د.(مه‌لیكه شه‌كه‌ر) ژنه مامۆستا له زانكۆی (مونزر) پێیوایه له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی ئێران، داواكاری خۆبه‌ڕێوه‌بردنی كورد گه‌وره‌ترین كێشه‌یه كه رووبه‌ڕووی ئه‌م وڵاته ده‌بێته‌وه. له‌مباره‌یه‌وه له لێدوانێكی تایبه‌تدا ده‌ڵێـت:" ئه‌م داواكاریه له ئوستانی ئازه‌ربه‌یجان له نێوان كورده سوننیه‌كان و ئازه‌ریه شیعه‌كاندا بۆته هۆی دروستبوونی گرژی. جیاوازی مه‌زهه‌بی ئه‌م گرژیه قوڵتر ده‌كاته‌وه و زۆرجار له‌گه‌ڵ گۆڕانی دۆخی سیاسی تۆختر ده‌بێته‌وه". له درێژه‌ی قسه‌كانیشدا شه‌كه‌ر ده‌ڵێـت:" له‌م دۆخه‌ی ئێستادا كه جه‌نگ رووی له ئێران كردووه، ئه‌گه‌ری زۆره له‌م ناوچانه‌ی كورد له‌گه‌ڵ شیعه ئازه‌ریه‌كان ده‌ژین، ئاڵۆزیه مێژووییه‌كان جارێكی دیكه سه‌رهه‌ڵبده‌نه‌وه. ئازه‌ریه‌كان دامه‌زراندنی هاوپه‌یمانی پارته كوردیه‌كانی ئێران وه‌كو هه‌وڵی جیابوونه‌وه له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. له خۆپیشاندانی شاری ورمێ دژ به ئه‌مریكا و ئسرائیل خۆپیشانده‌ران دروشمی (ئه‌م خاكه وڵاتی توركه كه‌س ناتوانێ دابه‌شی بكات) گووته‌وه، كه ئاماژه‌یه به هه‌ست و دونیابینی ئازه‌ریه‌كان".
كۆمه‌ڵگای ئازه‌ری له‌ناوخۆیدا هۆمۆژه‌ن نیه، دونیابینی جیاوازیان هه‌یه، به‌شی هه‌ر زۆرینه‌شیان خۆیان له‌ناو ناسیۆنالیستی فارسی پێناسه ده‌كه‌ن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا فاكته‌ره ده‌ره‌كیه‌كان كاریگه‌ریان له‌سه‌ر جوڵاندنی كێشه و ئاڵۆزی كورد – ئازه‌ری هه‌یه.
یه‌كێك له‌م وڵاتانه‌ی زۆرترین كاریگه‌ری له‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی (ئازه‌ر) له‌ناو ئێران‌دا هه‌یه وڵاتی (ئازه‌ربه‌یجانه)، به تایبه‌تی له‌سه‌ر ئه‌و ئازه‌ریانه‌ی هاوسنووری كوردن. ئه‌مڕۆ وڵاتی ئازه‌ربه‌یجان دیارترین هاوپه‌یمانی ستراتیژی ئسرائیله، كه خه‌ریكه له‌ناوچه‌كه هه‌ژموونی زیاتر ده‌بێت و بانگه‌شه‌ی دیزاینكردنه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كات. له‌م سۆنگه‌یه‌وه، به‌شێك له شرۆڤه‌كاران و چاودێرانی سیاسی پێیانوایه كه هه‌بوونی په‌یوه‌ندی ئسرائیل له‌یه‌ك كاتدا له‌گه‌ڵ وڵاتی ئازه‌ربه‌یجان و كوردانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌رفه‌ت ده‌ڕه‌خسێنێت، بۆ رێگرتن له سه‌رهه‌ڵنه‌دانه‌وه‌ی ئاڵۆزی كورد – ئازه‌ری و چاره‌سه‌ری ئه‌م كێشه‌یه مێژووییه به رێگای دیالۆگ و دانوستان.
(جه‌نگ ساغینچ) شرۆڤه‌كار له سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی ناوه‌ندی جیۆپۆلۆتیكی و سه‌رۆكی سه‌نته‌ری (ئۆرشه‌لیم) له ئه‌مریكا پێیوایه له ئێستادا به‌هۆی په‌یوه‌ندی كورد له ئێران و وڵاتی ئازه‌ربه‌یجان له‌گه‌ڵ ئسرائیل ده‌رفه‌تێك بۆ كوردستانی ئێران هاتۆته پـێشه‌وه. له‌مباره‌یه‌وه له لێدوانێكیدا (جه‌نگ) ده‌ڵێت:" كورد له ئێران په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئسرائیل هه‌یه، ئسرائیلیش په‌یوه‌ندی هێجگار به‌هێزی له‌گه‌ڵ ئازه‌ربه‌یجان هه‌یه، ده‌كرێت ئسرائیل ناوبژیوانی له نێوان كورد و ئازه‌ربه‌یجان بكات. دروستكردنی په‌یوه‌ندیه‌كی باش له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ئازه‌ربه‌یجان ره‌نگدانه‌وه‌ی باشی ده‌بێت له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی كورد – ئازه‌ری له‌ناو ئێران‌دا".
به‌ڵام (ره‌زا تاڵیبی) ئه‌كادیمی و شرۆڤه‌كاری سیاسی ئێرانی ئازه‌ری دانیشتووی ئه‌ڵمانیا، به ئه‌رێنی سه‌یری هیچ رۆڵێكی ئسرائیل له‌یه‌كتر نزیككردنه‌وه‌ی كورد و ئازه‌ری ناكات. له وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی په‌یوه‌ست به‌م بابه‌ته (تاڵیبی) ده‌ڵێت:" ده‌ستێواردنی ره‌ق یان نه‌رمی ئسرائیل زۆرجار له جیاتی چاره‌سه‌ری، رێڕه‌وی كێشه‌كه ده‌گۆڕێت و ده‌یكاته جه‌نگێك بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی ئسرائیل".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێـت:" هیچ كاتێك هه‌ڵسوكه‌وتی ئسرائیل له به‌رامبه‌ر ئازه‌ر و كورد له‌سه‌ر بنه‌مای یه‌كسانی نه‌بووه، راسته‌وخۆ یان ناڕاسته‌وخۆ هۆكاری هه‌ڵكشانی گرژی و ئاڵۆزی بووه، ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندی به دۆخی ده‌سه‌ڵاتی ئىرانیشه‌وه نه‌بێت".
لایه‌نێكی دیكه‌ی ده‌ره‌كی كه كاریگه‌ری له‌سه‌ر ناكۆكی كورد – ئازه‌ری دروست ده‌كات وڵاتی توركیایه، ئه‌م وڵاته له هه‌موو دۆخێك‌دا دژ به كورد پشتگیری له ئازه‌ریه‌كانی ناوچه‌ی ورمێ ده‌كات. هه‌رچه‌نده ئازه‌ریه‌كانی ئێران شیعه مه‌زهه‌بیشبن، به‌لام توركیا هه‌وڵده‌دات له رێگای ئازه‌ریه‌كان هه‌ڵكشانی بزوتنه‌وه‌ی سیاسی كورد له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ئاسته‌نگ بكات.
به گوێره‌ی (مه‌لیكه شه‌كه‌ر) ویستی كورد بۆ خۆبه‌ڕێوه‌بردن به دڵنیایی كاردانه‌وه‌ی توركیای لێده‌كه‌وێته‌وه. له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێـت:" سنووری هاوبه‌شی نێوان توركیا و ئێران 530 كم، له هه‌ردوولای سنوور كورد ده‌ژین و په‌یوه‌ندی خێزانی و عه‌شیره‌تیان هه‌یه. بۆیه توركیا له گۆشه‌نیگای ئاسایشه‌وه سه‌یری رووداوه‌كان ده‌كات".
بۆ چاره‌سه‌ری ناكۆكی و كێشه‌ی ئازه‌ری – كورد له ساڵی 1946 به‌سه‌رپه‌رشتی كۆماری مهاباد و كۆماری ئازه‌ربه‌یجان رێككه‌وتن كراوه. به گوێره‌ی ده‌قه‌كه‌ی كه له گۆڤاری (كوردستان ژماره 45 له لاپه‌ڕه‌ی سێیه‌میندا رێككه‌وتنه‌كه حه‌وت خاڵ له‌خۆ ده‌گرێت كه ئه‌مانه‌ن:
1- لەو جێگایانەی پێویست بزانرێ هەردوو حکوومەتی میللی نوێنەرایه‌تی دەگۆرنەوە.
2- لە پارێزگای ئازەربایجاندا ئەم جێگایانەی کە دانیشتوانی کوردن کاری ئیداری و دەوڵەتی بە کوردان دەبێ و هەروەها لە کوردستانیش لەم جێگایانەی کە بەشی زۆری دانیشتوان ئازەری بن لە تەرەف مەئمورانی حکومەتی ئازەربایجان ئیدارە دەکرێ.
3- بۆ چاره‌سه‌ری مەوزعی ئیقتسادی بەینی هەردوو میللەت کۆمۆسیۆنێکی تێکەلاو دادەمەزرێ و قەراری ئەم کۆمۆسیۆنە بە کۆششی سەرانی ئەو دوو حکومەتە ئیجرا دەبێ.
4- لە نێوان حکوومەتی ئازەربایجان و کوردستان هاوکاری پێشمەرگە دەکرێ و دەبێ له‌كاتی پێویستدا هه‌ردوولا كۆمه‌كی یه‌كتر بكه‌ن.
5- هەر کاتێك پێویست بێت لەگەڵ حکوومەتی تاران گفتوگۆ بکرێ دەبێ بە موفەق نەزەری حکومەتی میللی ئازرەبایجان و کوردستان بێت.
6- حکوومەتی میللی ئازەربایجان بۆ ئەم کوردانەی لە خاکی ئازەربایجاندا دەژین تا ئەم ئەندازەیەی کە بتوانێ بۆ پێشکەوتن زمان و تەرەقی پێدانی فەرهەنگی میللی ئه‌وان هەوڵدەدا و هەروەها حکوومەتی میللی کوردیش بۆ ئەو ئازەربایجانانەی کە لە خاکی کوردستاندا دەژین بۆ پێشکەوتنی زمان و تەرەقی پێدانی فەرهەنگی میللی ئەوان تا ئەو ئەندازەی بتوانێ هەوڵ بدات.
7- هەر کەس بۆ تێکدانی دۆستایەتی تاریخی نەتەوەی ئازەربایجان و کورد لەبەین بردنی برایەتی و دیمۆکراتی میللی و یا لەکەدار کردنی یەکێتی ئه‌وان هەوڵ بدات هەردوولا بە یەك دەست ئەو مورتەکیبانە بە جەزای خۆیانی دەگەیێنێت.
له ئه‌مڕۆشدا له سایه‌ی ئه‌م دۆخه نادیاره‌ی رووی له ئێران كردووه، دوورخستنه‌وه‌ی كێشه‌ی ئازه‌ری – كورد پێویستی به‌دوو هه‌نگاوی گرنگه، یه‌كه‌مینیان خوێندنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌یه له‌لایه‌ن بزوتنه‌وه‌ی كوردی، دووه‌میشیان ده‌ستپێكردنی هه‌وڵی دیپلۆماسیانه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌كته‌ره ناوخۆیی و ده‌ره‌كیه‌كانی په‌یوه‌ست به‌م كێشه‌یه. له‌مباره‌یه‌وه گه‌نج ساغینچ ده‌ڵێـت:" چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد له‌گه‌ڵ ئازه‌ر ئه‌وه‌نده زه‌حمه‌ت نابێت، وه‌كو كێشه‌ی باكوور و رۆژئاوای سوریا یان كێشه‌ی كه‌ركووك. كێشه‌كه سنوورداره به شارێك كه ده‌بێت به سازان و دیالۆگ چاره‌سه‌ر بكرێت له نێوان حزبه كوردیه‌كان و ئازه‌ریه‌كاندا".
ئه‌م توێژه‌ره كورده پێیوایه ده‌بێت كێشه‌ی كورد له‌گه‌ڵ ئازه‌ر به زوویی چاره‌سه‌ر بكرێت و دره‌نگ نه‌كه‌وێت:" ده‌بێت كوردانی رۆژهه‌ڵات له ئێستاوه په‌یامی ئه‌رێنی بنێرن بۆ هه‌ریه‌ك له ئه‌نقه‌ره، باكۆ و ئازه‌ریه‌كان. جه‌خت بكه‌نه‌وه كه بوونی كورد نابێته كێشه بۆ پێكهاته‌كانی ناو ئێران. ده‌زانم زه‌حمه‌ته و ئاسان نیه، تا قه‌ناعه‌ت بۆ میلله‌تێك بێنی كه كێشه‌ی مێژووییت له‌گه‌ڵدا هه‌یه. جێگای داخه كه هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی كۆنكرێتی له‌نێوان حزبه كوردیه‌كان و توركیا دروستنه‌كراوه، ده‌بوو ئه‌م كاره زووتر ئه‌نجام بدرێت. له‌مه‌دا ته‌نیا كورد خه‌تابار نیه، توركیا و ئازه‌ربه‌یجان كاردانه‌وه‌ی زۆر نه‌رێنیان به‌رامبه‌ر كوردانی ئێران هه‌ر هه‌بووه له ئێستاشدا به‌رده‌وامه".
ده‌رباره‌ی ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی بۆ كورد ره‌خساوه له ئه‌گه‌ری رووخان یان نه‌ڕووخانی رژێمی ئێستا؟ گه‌نج به‌م شێوه‌یه كۆتایی به قسه‌كانی دێنێت:" تا ئێستا ئه‌مریكا له هیچ قۆناخێك و له هیچ ئاستێكدا قه‌بوڵی نه‌بوو په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ حزبه‌كانی كوردستانی ئێران دروست بكات. به‌ڵام له ئێستادا سه‌رۆكی ئه‌مریكا به ته‌له‌فۆن قسه له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی (حدكا) ده‌كات، سه‌رۆكی ئه‌مریكا هه‌موو رۆژێك باسی كوردی ئێران ده‌كات. هه‌موو ئه‌مانه هه‌نگاوی گرنگن، كه ده‌رفه‌تی گه‌وره بۆ كورد ده‌ڕه‌خسێنن. نه‌وه‌كو ته‌نیا له ئه‌گه‌ری رووخانی رژێم، له‌وانه‌یه رژێم نه‌ڕووخێت، له‌وانه‌شه گۆڕانكاری گه‌وره له ئێران روونه‌دات، ئه‌گه‌ر كورد له‌م دۆخه‌ی هه‌یه سوودمه‌ندیش نه‌بێت، ئه‌وه ده‌توانن له رووی دیپلۆماسیه‌وه سه‌ركه‌وتووبن، كه ده‌كرێت په‌یوه‌ندی به تایبه‌تی له نێوان حدكا و ئه‌مریكا دروست بكرێت".
له‌باره‌ی پرسیاری ئایا ده‌رفه‌تی چاره‌سه‌ری هه‌یه یان كێشه‌كه به‌ره‌و ئاڵۆزی و ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌كی ده‌ڕووات؟، هه‌ریه‌ك له (مه‌لیكه شه‌كه‌ر) مامۆستای زانكۆ و (ره‌زا تاڵیبی) ئه‌كادیمی ئێرانی پێیانوایه سروشتی رژێمی داهاتووی ئێران ده‌توانێ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بداته‌وه:
به گوێره‌ی مه‌لیكه شه‌كه‌ر، پێشبینیكردنی چاره‌سه‌ری زۆر قوڕسه، داهاتووی رژێمی ئێران وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره ده‌داته‌وه و ده‌ڵێـت:" ئه‌گه‌ر رژێمی ئێران بڕیاری جه‌نگ دژی كورد بدات، ئه‌وه زه‌مینه بۆ پڕۆسه‌یه‌كی نوێ خۆش ده‌كات تا وڵاتانی دراوسێش به‌شداربن تیایدا. له مێژوودا نموونه‌ی له‌م شێوه‌یه هه‌بووه، له‌م دۆخه‌دا له جیاتی سازان ئه‌گه‌ری هه‌ڵكشانی گرژی زیاتر ده‌بێت".
به‌ڵام تاڵیبی له گۆشه‌نیگایه‌كی دیكه سه‌یری دۆخه‌كه ده‌كات و به‌م شێوه‌یه وه‌ڵامی پرسیاره‌كه ده‌اته‌وه:" ئه‌گه‌ر له ئێران به شێوه‌یه‌كی نه‌رم گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات روونه‌دات، كۆتایی به جه‌نگ نێت و بنه‌مای دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێكی دیموكراتی دروست نه‌كرێت، ئه‌م كێشه‌یه زۆر قوڕس ده‌بێت. ئاستی ئاڵۆزی له كوردستان و ئازه‌ریبه‌یجان هه‌ڵده‌كشێت و مه‌ترسی گه‌وره دروست ده‌بێت. له هه‌ندێك له میدیاكانیشدا ئه‌م ناكۆكی و دژایه‌تیه به‌گوڕ ده‌كرێت".
له كۆتایی قسه‌كانیشیدا ئه‌م پسپۆره ئێرانیه ئازه‌ریه ده‌ڵێـت:" ئه‌م دۆخه ته‌نیا به كوردستان و ئازه‌ربه‌یجان سنووردار نیه، گرووپه ئایدۆلۆژیاكان، ملیشیاكان و هێزه چه‌كداره‌كانیش په‌لكێشی ناو دۆخه ده‌كرێن و بازنه‌ی توندوتیژی به‌رفراوانتر ده‌بێت. چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م بابه‌ته ئه‌و كاته ده‌كرێت كه سه‌ره‌تا رێككه‌وتن ده‌كرێت له‌باره‌ی دروستكردنی حكوومه‌تێكی كاتی له ئێران‌دا. ئه‌م كاته دوور له هه‌ڵوێستی فاشیانه و دژ به فره‌ڕه‌نگی رێگا بۆ دانوستان و گفتوگۆ بكرێته‌وه".