كاتێك تره‌مپ رۆڵ و سنوورەکەی دیاری ده‌كات، رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ره‌و كوێ؟
٦ نیسان ٢٠٢٦ - ٨:٥٤ پاش نیوەڕۆ
هێمن خۆشناو لە شرۆڤەیەکدا بۆ پەنجەرە
دوێنێ یه‌كشه‌ممه (5 نیسانی 2026) كه‌ناڵی (فۆكس نیوز) له‌سه‌ر زاری (دۆناڵد تره‌مپ) رایگه‌یاند: له‌سه‌روبه‌ندی خۆپیشاندانه‌كانی ئێران، ئه‌مریكا چه‌كی بۆ خۆپیشانده‌رانی ئێران ناردووه، به‌ڵام كورد چه‌كه‌كانیان گڵداوه‌ته‌وه. نه كه‌ناڵه‌كه و نه لێدوانه‌كه‌ی (تره‌مپ) ئاماژه به‌و لایه‌نه كوردیه ناكات كه چه‌كه‌كانی راده‌ست كراوه.
لێره‌دا مه‌ترسی لێدوانه‌كه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا، ته‌نیا له ناوه‌ڕۆكه‌كه‌یدا نیه، به‌ڵكو له ساته‌وه‌ختی ئاشكرا كردنی ئه‌م پڕۆسه نهێنیه دایه. (له دوێنێ شه‌و له رێگای چه‌ندین كه‌ناڵه‌وه به‌دواداچوونم بۆ قسه‌كانی تره‌مپ كرد، به‌داخه‌مه‌وه نه‌گه‌یشتمه ئه‌نجامێك تا له‌م نووسینه‌مدا بیخه‌مه‌ڕوو). له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وه‌كو رۆژنامه‌نووسێك و هاونیشتیمانیه‌كی كورد به پێویست ده‌زانم له روانگه‌ی دونیابینی خۆمه‌وه خوێندنه‌وه بۆ په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا بكه‌م.
بۆچی؟
كاتێك تره‌مپ ده‌ڵێـت: ئه‌مریكا چه‌كی له رێگه‌ی كورد بۆ خۆپیشانده‌رانی ئێران ناردووه! دواتریش ده‌ڵێـت: كورد ئه‌م چه‌كه‌ی گڵداوه‌ته‌وه! رووبه‌ڕووی هه‌واڵێكی ساده و تێپه‌ڕی ئاسایی نابینه‌وه، چونكه هه‌واڵه‌كه چۆنیه‌تی ئیداره‌دانی ململانێكانمان له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ ده‌خاته‌ڕوو. لێره‌دا ده‌وڵه‌تێك باس له سیاسه‌ت ناكات، به‌ڵكو سه‌رۆكێك په‌رده له‌سه‌ر میكانیزمی پڕۆسه‌یه‌كی زۆر تاریك و نهێنی هه‌ڵده‌داته‌وه.
مه‌سه‌له‌كه ته‌نیا به‌خودی قسه‌كانی تره‌مپه‌وه ده‌ست پێناكات، به‌ڵكو به‌و كرده‌وانه ده‌ست پێده‌كات كه له پشت قسه‌كانی تره‌مپه‌وه خۆیان حه‌شار داوه. له ساڵی (1979) له ساته‌وه‌ختی رووخانی رژێمی شای ئێران و هاتنه سه‌ركاری كۆماری ئیسلامی، ئه‌مریكا به‌دوای میكانیزمێكی ناوخۆیی ده‌گه‌ڕێت كه توانای رووخانی رژێمی ئیسلامی هه‌بێت له ناوه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی خۆی راسته‌وخۆ به‌شداری له رووخانی ئه‌م رژێمه بكات. له ساڵی (2003) ئه‌مریكا مۆدێلی گۆڕینی رژێمی عێراقی له ده‌ره‌وه تاقیكرده‌وه، تیایدا باجێكی ستراتیژی درێژخایه‌نیدا. ئیتر ئه‌مریكا له به‌كارهێنانی ئه‌م مۆدێله په‌شیمان بۆته‌وه، ئیتر خۆی له پڕۆسه‌ی رووخانی راسته‌وخۆی رژێمه‌كان به‌دوور ده‌گرێت، ده‌خوازێت رژێمه نه‌یاره‌كانی له رێگای گوشاری ئابووری و ناڕه‌زایه‌تی ناوخۆ هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه.
لێره‌وه كورد، به تایبه‌تی كوردانی رۆژهه‌ڵات ده‌چنه ناو هاوكێشه‌كه‌وه، به‌ڵام نه‌وه‌كو یاریزانێكی نوێ له‌ناو هاوكێشه‌كه‌دا جێگا ده‌گرن، به‌ڵكو وه‌كو توخمێك كه ده‌یان ساڵه له‌ناو هاوكێشه‌كه‌دا به‌كارده‌هێندرێن. له ساڵی 1975 كه یاخیبوونی كورد دوای رێككه‌وتنی (جه‌زائیر) كۆتایی پێهێنرا، تا ساڵی 1991 ناوچه‌ی دژه فڕین دامه‌زرا، له‌وێشه‌وه تا ساڵی 2014 كه كورد بووه سه‌ره‌ڕم له شه‌ڕی داعش، كورد هه‌میشه له گۆڕه‌پانی زلهێزه‌كان و پڕۆژه‌كانیاندا بووه. ئه‌مڕۆش به هه‌مان شێوه رۆژهه‌ڵاتی كورد جارێكی دیكه ده‌كه‌وێته ناو دڵی ململانێكان، به‌ڵام پرسێكی نه‌ته‌وه‌یی، یان ئازادی و مافی مرۆڤ نا، به‌ڵكو وه‌كو وێستگه‌یه‌كی گوشاری ناوخۆیی دژ به ئێران.
تره‌مپ له قسه‌كانیدا بۆ فۆكس نیوز، وه‌كو خیانه‌تكار دژ به دۆزه‌كه‌ی سه‌یری كورد ناكات، به‌ڵكو وه‌كو ئامرازێكی جێبه‌جێكردن سه‌یری ده‌كات. تا ئه‌م ساته ئه‌مریكای تره‌مپ و به‌ر له تره‌مپیش وه‌كو كیانێك و پڕۆژه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ سه‌یری كوردی نه‌كردووه. ئه‌مه‌ش دووڕیانێكی پڕ مه‌ترسیدار و پڕ له گرێ كوێره‌یه كه كورد چاره‌سه‌ری نه‌كردووه.
ئه‌گه‌ر راست بێ، واشنتن هه‌وڵیدابێ چه‌ك له رێگای كه‌ناڵه كوردیه‌كانه‌وه بگه‌ینێته ناو ئێران، كه‌واته جارێكی دیكه كورد له رۆژهه‌ڵات له‌ناو تاقیگه‌كاندایه. ئه‌گه‌ر راستیش بێ كه چه‌كه‌كان نه‌گه‌یشتوونه‌ته شوێنی مه‌به‌ست، ئه‌وه قه‌یرانی متمانه سه‌رهه‌ڵده‌دات نه‌وه‌كو قه‌یرانی جێبه‌جێكردن. ئه‌وه‌ش سه‌ره‌تای كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه، كه ره‌نگه به‌ر ده‌رگامان لێبگرێت. چونكه په‌یوه‌ندی كورد هیچ كاتێك په‌یوه‌ندیه‌كی یه‌كسان نه‌بووه له ئه‌رك و ماف‌دا له‌گه‌ڵ زلهێزه‌كان، به‌ڵكو په‌یوه‌ندیه‌كی كارتێكراوی كاتی بووه.
بڕیاری كشانه‌وه‌ی واشنتن له باكووری رۆژهه‌ڵاتی سوریا له (2019) دا، به‌ده‌ر نه‌بوو له یاری به‌كارهێنانی كورد، به‌ڵكو دووباره بوونه‌وه‌ی مێژوو بوو له‌ناو جوگرافیای هه‌ر بچووك و په‌ڕگیری كورد. له ساڵی (2017) دیاربوو كه ئیراده‌ی سیاسی به‌بێ پشتیوانی تۆكمه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌بێته هۆی لاوازی. له ساڵی (2003) خاكی به‌رده‌ستی ئیداره‌ی كورد فراوانتر بوو، به‌ڵام له چوارچێوه‌ی سنووری هاوسه‌نگی ده‌ره‌كی قه‌تیسكرا.
له ساڵی (1991) كوردستانێك له دایك بوو، به‌ڵام به وابه‌سته‌یی. له ساڵی 1975 ته‌واوی پڕۆژه‌یه‌ك به یه‌ك بڕیاری نێوده‌وڵه‌تی كۆتایی پێهێندرا. ئه‌م رووداوانه دابڕاونین له‌یه‌كتر، به‌ڵكو رووداوی ناو یه‌ك زنجیره‌ن كه به‌شێوه و فۆڕمی جیاواز خۆیان دووباره ده‌كه‌نه‌وه.
ئه‌وه‌ی تره‌مپ له‌م كاته‌دا ده‌یڵێت، زنجیره‌كه ده‌كاته‌وه و ره‌هه‌ندێكی نوێی پێده‌به‌خشىت، ئه‌وه‌ی تره‌مپ ده‌یڵێت دزه‌كردن نیه، به‌لكو دانپێدانانێكی راسته‌وخۆی راشكاوانه‌یه. تره‌مپ پێمان ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی له رۆهه‌ڵاتی كوردستان رووده‌دات، ته‌نیا ناڕه‌زایی و گرژیی ناوخۆیی نیه، به‌ڵكو به‌شێكه له ململانێیه‌كی ناوچه‌یی گه‌وره‌تر كه له رێگای پڕۆكسی ناوخۆیی به‌ڕێوه ده‌بردرێت.
لێره‌دا پرسیاره گرنگه‌كه ناوه‌ڕۆكی قسه‌كانی تره‌مپ نیه، به‌ڵكو پرسیاری بۆچی له ئێستادا ئه‌م قسه‌یه ده‌كات؟ ئیتر رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌چێته ناو قۆناخێكی نوێ كه ئێران تاكه چه‌قی ململانێ نیه، به‌ڵكو ئه‌وانه‌ن كه له ده‌ره‌وه‌ی جوگرافیای ئێران ململانێ ده‌كه‌ن! له‌گه‌ڵ جه‌نگی ئه‌مریكا/ ئسرائیل دژ به ئێران، خه‌ریكه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆشایه‌ك دروست ده‌بێت، توركیا ده‌خوازێ وه‌كو هێزێكی رێكخستنه‌وه‌ی به توانا بێته مه‌یدانه‌كه‌وه. هه‌رچی ئسرائیله هه‌وڵده‌دات رێگری له دروستبوونی میحوه‌ری گه‌وره بگرێت. ئه‌مریكاش بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی تێچووه‌كانی رۆڵه‌كان دابه‌ش ده‌كاته‌وه. له‌ناو ئه‌م سیناریۆیه‌دا رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌بێته ناوه‌ندی فۆكس له‌سه‌ر نه‌وه‌كو ناوه‌ندی په‌راوێزخراو.
له قسه‌كانی تره‌مپدا، مه‌ترسی له پێگه‌ی كورد دایه له‌ناو ململانێكان، چونكه به تایبه‌تی كوردانی رۆژهه‌لات جارێكی دیكه ده‌كرێنه‌وه كه‌رسته له‌ناو ململانێكاندا. ئه‌گه‌ر ئه‌م رۆڵه پێناسه نه‌كرێته‌وه، ئه‌وه‌ی ده‌گۆڕێت و گۆڕانكاری به‌سه‌ردا دێت ته‌نیا فۆڕمی به‌كارهێنانی كورده، نه‌وه‌كو جه‌وهه‌ری فۆڕمه‌كه.
كێشه‌كه له‌وه سه‌رچاوه ناگرێت كه زلهێزه‌كان كورد به‌كار دێنن، به‌كارهێنان به‌شێكه له سروشتی فه‌لسه‌فه‌ی سیاسی. كێشه‌كه له‌وه دایه كه كورد هێشتا مێژووی دوور و درێژی به‌كارهێنانی نه‌گۆڕیووه بۆ هۆشیاری تا له دووباره بوونه‌وه‌ی مێژوو بیپارێزێت. میلله‌تێك كه ناوه‌ندی میكانزیم و بڕیاردانی خۆی به‌رهه‌م نه‌هێنێت، ناچار ده‌كرێت تا ملكه‌چی بڕیاری ئه‌وانه‌ی دیكه بێته‌وه.
ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ كه ده‌بێت بكرێت كاردانه‌وه نیه له‌به‌رامبه‌ر تره‌مپ و قسه‌كانی، به‌ڵكو به‌رهه‌مهێنانی پڕۆژه‌یه‌كی كوردیه. رۆژهه‌ڵاتیش ته‌نیا گۆڕه‌پانێك نیه بۆ گوشار، به‌ڵكو به‌شێكه له پرسێكی گه‌وره‌تر و پێویستی به پێناسه‌یه‌كی روون و ئاشكرا هه‌یه. په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ زلهێزان و ناكرێت له‌سه‌ر كاردانه‌وه بونیاد بنرێت، به‌ڵكو له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی بونیاد ده‌نرێت. له قۆناخی داهاتوودا ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی نه‌بێت وه‌كو ئامرازێك ده‌مێنێته‌وه ئه‌گه‌ر یاریزانه‌كانیش بگۆڕدرێن.
له‌م سۆنگه‌یه‌وه، قسه‌كانی تره‌مپ رووداوێك نیه، ئاوێنه‌یه. ئاوێنه‌یه‌كه تیایدا ده‌بینین كه ده‌ره‌وه چۆن هه‌ست به كورد ده‌كات و كورد له كوێی یاریه‌كه دایه!
له‌مباره‌یه‌شه‌وه پرسیاره سه‌ره‌كیه‌كه ئه‌وه ده‌بێت: ئایا كورد كه‌ی بڕیار ده‌دات تا ئەوانەی دیکە واز له به‌كارهێنانی بێنن؟