پاکتاوی سیاسی بە بەرگی دژە  گەندەڵی؛ خوێندنەوەیەک بۆ نەریتێکی نوێی دەسەڵات لە عێراق

٢ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٥:١٧ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە

لە کایەی سیاسیی عێراقدا، جۆرە نەریتێکی دووبارەبووەوە لەگەڵ دەستبەکاربوونی هەر کابینەیەکی وەزاری نوێدا سەرهەڵدەدات، ئەویش دەستپێکردنی هەڵمەتی (دژە گەندەڵی) و لادانی بەرپرسانی حکومییە. ئەم دیاردەیە، لە ڕواڵەتدا وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ داواکاریی شەقام و جێبەجێکردنی یاسا دەردەکەوێت، بەڵام لە قووڵاییدا، پرۆسەیەکی ئاڵۆزە بۆ چەسپاندنی دەسەڵات و جێ پێ قایمکردنی خودی سەرۆک وەزیران. 

وەک ئاشکرایە وا چەند کابینەیەکی وەزارى لە عیراقدا پێک دەهێنرێت سەرۆک وەزیرانەکەى خاوەنی پێگەى سیاسی بەهێز نیە، هەر بۆیە لە سەرەتای کاریدا ڕووبەڕووی قەیرانی متمانە دەبێتەوە، بۆیە پەنابردن بۆ دەستگیرکردن و ئاشکراکردنی دۆسیەکانی گەندەڵی، وەک ستراتیژێکی پۆپۆلیستیی بەکاردێنێت تاوەکو شەرعیەتێکی کاتی لە لای هاوڵاتیان بۆ خۆی دەستەبەر بکات و لەلایەکی تریشەوە هەوڵی چەسپاندنی دەسەڵات و پێگەى خۆی بدات . لێرەدا میدیا ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە بڵاوکردنەوەی وێنەی دەستگیرکردنەکان و بەیاننامە توندەکان، نەک بۆ بڕینی سەرچاوە گەندەڵی، بەڵکو بۆ دروستکردنی وێنەی پاڵەوانێک لە خەیاڵدانی گشتیدا.

 ئەمە لە کاتێکدا ئەم جوڵانە، وەک ئامرازێکی پاکتاوی سیاسیین بۆ جێگیرکردنی دەسکەلاو و کەسانی وەفادار سەرۆک وەزیران لە جومگە هەستیارەکانی دەوڵەتدا، بەو هیوایەی جێپێی سەرۆک وەزیران قایم بکەن و پێگەی بەهێز بکەن، چونکە هەر سەرۆک وەزیرانێک دێت، دەیەوێت ببێتە سەنتەری هێز، ئەمەش لە کابینەکانی پێشوتر و بەدیاری کراوی لە کابینەکانی کازمی و سودانی بە زەقی بەدەرکەوتن چونکە پێگەی سیاسیان لاوازبوو کاتێک بونە سەرۆک وەزیران. 

بۆ نموونە، لە کابینەکەی مستەفا کازمیدا، لیژنەی ٢٩ بە سەرۆکایەتی ئەحمەد ئەبو ڕەغیف وەک ئامرازێکی فشار دژی نەیارەکان بەکارهات، بەڵام لەگەڵ هاتنی کابینەکەی محەمەد شیاع سودانی، نەک هەر ئەو لیژنەیە هەڵوەشایەوە، بەڵکو خودی ئەندامانی لیژنەکە و بەرپرسانی نزیک لە کازمی لە ژێر ناوی (دزی سەدە) رووبەڕووی لێپرسینەوە بوونەوە. وا دوبارە ئەم جوڵەمان لە سەرەتایی کابینەکەی نوێدا بە روونی بەدیکرد کاتێک سەرۆک وەزیرانی نۆی عەلی زەیدی لە دیداری رۆژنامەنوساندا ئاماژەى بەوە کرد  ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری رەتکردۆتەوە لەبەرامبەر بێ دەنگ بونی لە دۆسیەی  گەندەلی بريكارى وەزیری نەوت عدنان حمد حمود.

 بە مانایەکی تر بەم نمایشە سیاسیە سیمبوڵیە، گەندەڵی لەناو ناچێت، بەڵکو تەنها  نەخشەی دەسکەلابون و دڵسۆزی  دەگۆڕێت؛ واتە گەندەڵکارانی نەیار لادەبرێن تاوەکو شوێن بۆ گەندەڵکارانی نوێ یان وەفادارەکان بکرێتەوە. لە هەمان کاتدا ئەمە پەیامێکی ناڕاستەوخۆشە بۆ لایەنە سیاسییەکان؛ ئەگەر هەر لایەنێک نەیار بێت، دۆسیە کۆنەکانی هەڵدەدرێتەوە، ئەمەش وایان لێ دەکات لە بەرژەوەندیی سەرۆک وەزیران بێنە ژێر باری مامەڵە سیاسییەکان.

تراجیدیای ئەم مۆدێلە لەبەگژداچونەوەى گەندەڵیە لەوەدایە کە سەرۆک وەزیرانەکان لە عێراقدا بە شوێنپێی یەکتردا دەڕۆن و هەمان تەکتیک دووبارە دەکەنەوە، بێ ئەوەی دەست بۆ ڕەگی کێشەکە بەرن، چونکە وەک ئاشکرایە گەندەڵی لە عێراقدا دیاردەیەکی تاکەکەسیی نیە، بەڵکو لەپێکهاتەی سیستەمی دەوڵەتدا رەگی داکوتاوە لە شێوەى پشکپشکێنەى سیاسی بۆ دابەشکردنی دەستکەوتەکان.

 هەربۆیە کاتێک چاکسازی تەنها لە کارەکتەرەکاندا قەتیس دەکرێت، ئەوا گەندەڵی نەک هەر کەم نابێتەوە، بەڵکو چەسپاوتر دەبێت وتەنها خاوەندارێتییەکەی دەگۆڕێت ولە دەستی نەیارەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ دەستی لایەنگرانی سەرۆک وەزیران نوێ  وتەنها ئەو کەسانە دەتوانن تێیدا بەردەوام بن کە لە بازنەی وەفاداریی سەرۆک وەزیراندایە.

دەرئەنجام دەتوانین بڵێین ئەم بەگژدا چونەى گەندەڵییە، جەنگێک نییە بۆ بڕینی ڕەگی گەندەڵی، بەڵکو نمایشێکی سیاسییە بۆ گۆڕینی نەخشەی دەسکەلابوون لەپێناو بەهیزکردنی پێگە سیاسی  سەرۆک وەزیران و گۆڕینی گەندەڵکارە نەیارەکان بە گەندەڵکارە وەفادارەکان. هەروەها وەک چەکێکی سیاسی دژی ئەڵقە لاوازەکان بەکاردێت، لە کاتێکدا ماسییە گەورەکان و بزوێنەرە بنەڕەتییەکانی گەندەڵی پارێزبەندییەکی سیاسیی پتەویان هەیە.


نوێترین شرۆڤەکان