عەلی زەیدی لە نێوان بەرداشی واشنتۆن و تاراندا؛ چۆن بەسەلامەتی دەربازی دەبێت؟

١٨ تەممووز ٢٠٢٦ - ٧:٥٣ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە

دوای کۆتاییهێنان بە سەردانەکەی بۆ ئەمریکا و گەڕانەوەی بۆ بەغدا، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەکەوێتە نێوان بەرداشی واشنتۆن و تارانەوە و گیرۆدەی نێوان دوو ئەجێندای دژبەیەک دەبێت.

زەیدی لە سەرەتای گەشتەکەیدا بۆ واشنتۆن و لە کاتی بینینی ترەمپدا دووچاری کێشە بوو، کاتێک ترەمپ شانازیی بە کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیسەوە کرد، زەیدی هەرچەندە بە شێوازێکی دیپلۆماسی خۆی لە بابەتەکە بەدوور گرت، بەڵام دواجار بەسەلامەتی دەربازی نەبوو، بەڵکو لەلایەن میلیشیاکان و لایەنگرانیانەوە هێرشی توندی کرایە سەر.

لایەنە شیعەکان دەرگایان بۆ زەیدی واڵا کردووە تاوەکو زیاتر لە سەرۆکوەزیرانەکانی پێشوو هەنگاو بنێت، ئەمەش نەک لە پێناو خودی زەیدیدا، بەڵکو ئەم لایەنە شیعانە دەیانەوێت زەیدی بەکاربهێنن بۆ ئەوەی خۆیان لە هێرش و گێچەڵەکانی ترەمپ بپارێزن.

بەمپێیە، لایەنە شیعەکان دەیانەوێت زەیدی وەک ڕووپۆشێک بەکاربهێنن و ئەم قۆناغەی پێ تێپەڕێنن، بۆیە ڕێگەیان پێداوە هەندێک هەنگاو بنێت، بەڵام بواریان پێنەداوە هەموو شتێک بکات.

وەکچۆن لایەنە شیعەکان دەیانەوێت زەیدی بۆ خۆدەربازکردن لە شەڕی ترەمپ بەکاربهێنن، تۆم باراکیش، کە پلانداڕێژەری ترەمپە لە عێراق، دەیەوێت زەیدی بۆ لاوازکردنی هەژموونی ئێران و فشارخستنەسەر ئەو لایەنانە بەکاربهێنێت. ڕەنگە خەیاڵدانی تۆم باراک وابێت کە بیەوێت زەیدی هەمان ڕۆڵی ئەحمەد شەرعیان بۆ بگێڕێت، بەڵام عێراق و سووریا لە ڕووی دۆخی سیاسی و پێکهاتەی حوکمڕانییەوە تەواو لە یەکتر جیاوازن.

لایەنە شیعەکان ڕێگەکە بۆ زەیدی واڵاتر دەکەن تا ئەو کاتەی ئەو ڕۆڵە دەگێڕێت کە خۆیان دەیانەوێت و پلانیان بۆ داڕشتووە، بەڵام هەر کاتێک زانییان زەیدی ئەوە دەکات کە ئەمریکا دەیەوێت و مەترسی لەسەر پێگەیان دروست دەبێت، بەرەنگاری دەبنەوە، چونکە خواستی ئەمریکا بە واتای کۆتاییهاتنی حوکمڕانی و سەردەمی ئەوان دێت.

ئەوەی لایەنە شیعەکانی هێشتووەتەوە و دەسەڵاتی لە دەستیاندا قایم کردووە، چەک و پارەیە؛ چەک و پارەش کرۆکی کێشە ئابووریی و ئەمنییەکانی عێراقە. بێ چارەسەرکردنی ئەم دوو دۆسیەیە، هەرگیز دۆخی عێراق باش نابێت و دەستبردن بۆ ئەم دوو بابەتەش واتە پێکدادان و ئاڵۆزیی.

زەیدیش کاتێک کۆتایی مانگی نۆی بۆ چەککردنی میلیشیاکان دیاریکردووە، هەر لە خۆڕا ئەمەی نەکردووە، ڕەنگە دیراسەی کردبێت و ئامانجی سەرەکیشی لێی کاتکوشتن بێت. 
مەودای نێوان کۆتایی مانگی نۆ (کە بۆ چەککردنی میلیشیاکان دیاری کراوە) لەگەڵ مانگی ١١ (کە هەڵبژاردنی ئەمریکای تێدا ئەنجام دەدرێت) زۆر نییە، زەیدی دەتوانێت بە ڕێککەوتن لەگەڵ میلیشیاکان لەو نێوەندەدا هەندێک نمایش بکات و کاتی زیاتر بکوژێت.

لە لایەکی دیکەشەوە، ڕەنگە لەو نێوەندەدا هەندێک ئاڵۆزیی زیاتر لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا ڕووبدات و وای لێبکات میلیشیاکان ئەمە بکەنە بیانوو بۆ هێشتنەوەی چەکەکانیان، بۆیە دۆخەکە بۆ لایەنە شیعەکان قورسە کە بزانن تا چ ڕادەیەک ڕێگە بە زەیدی دەدەن لە پێناو خۆلادان لە ترەمپ هەنگاو بنێت.

دۆخەکە بۆ خودی زەیدیش زۆر ئاڵۆزترە، چۆن بتوانێت لە نێوان ئەجێندای دژبەیەکی تاران و واشنتۆندا یاری بکات و هاوسەنگی ڕابگرێت؟ چۆن بتوانێت ئیدارەی قەیران و کێشەکان بدات؟

دەکرێت بڵێین ئەوەی دەیبینین و هەستی پێدەکەین، شەڕی کاتکوشتن و کات بەدەستهێنانە. وەک چۆن دیپلۆماتکارێک دەڵێت: “ئێران و منداڵ سروشتیان لە یەک دەچێت؛ داوای هەر شتێک بکەن کۆڵ نادەن تا بەدەستی نەهێنن.”

لێرەشدا شیعە و ئێران شەڕی کات دەکەن و پێیان وایە قۆناغی دوای ترەمپ جیاوازتر دەبێت، بۆیە کات دەکوژن و دەیانەوێت بە هەر نرخێک بێت خۆیان بگەیەننە دوای سەردەمی ترەمپ.
ئەمریکاش پەلەیەتی و دەیەوێت دۆخێک بخوڵقێنێت تا پێی دەکرێت عێراق لەژێر هەژموونی ئێران دەربهێنێت، لەم نێوەندەشدا تەنها زەیدییە فەقیرەکە دەمێنێتەوە کە نازانرێت چۆن بە سەلامەتی لەم هاوکێشە ئاڵۆزە دەربازی دەبێت.


نوێترین شرۆڤەکان