چین، لە نێوان قوربانیکردن و چەژنانەدا چی پێیە بۆکورد؟ 

٢٨ ئایار ٢٠٢٦ - ٣:١٩ پێش نیوەڕۆ

پەنجەرە

سەفەری تڕامپ بۆ پەکین لە چەندین ڕووەوە گرنگییەکی گەورەی هەیە. ئەم دیدارە  لە ڕووی کات و پێکهاتە و ئاستی کاریگەرییەوە، وەک ئاڵەنگارییەکی گرنگی نێودەوڵەتی دادەنرێت لە نێوان ئەو زلهێزەی کە لە سیستەمی پێشووی نێودەوڵەتدا ماوەتەوە، واتە ئەمریکا و چینیش وەک هێزی هەڵکشاو و ڕکابەری سەرەکیی واشنتۆن لە سەدەی بیست و یەک دا. 

لە هەمان کاتدا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناو قەیرانێکی ئاڵۆزدا دەژی، چەقەکەی  ڕووبەڕووبوونەوەی واشنتۆن و تەلەبیب لەگەڵ تارانە. لە لایەکی ترەوە، ڕێکخستنی نوێی جیهانی بە خوێندنەوەی ئەمریکایی، قۆناغی دامەزراندن و پتەوکردنی خۆی تێپەڕاندووە و ئێستا لە سەردەمی تڕامپدا بیر لە چەسپاندنی خۆی تا ساڵی 2030 دەکاتەوە.

لەم ڕوانگەیەوە، ئەم سەفەرە بە زمان و شێوازی تایبەتی تڕامپی و هەروەها بە ڕوانگەی پەکین و شی جین پینگ ئەنجام دەدرێت. ئەمە تەنها سەفەرێکی دوولایەنە نییە؛ بەڵکو دووبارە چینینەوەی ڕێکخستنی نوێی جیهانە.

ڕێکخستنێک کە تەنها ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناگرێتەوە، بەڵکو بە باوەڕی من لە داهاتوودا «ئێران» و هەروەها هێڵی «هارتلەند ـ ڕیملەند»ـی گەورە، کە لە ھورمزەوە تا دەریای ناوەڕاست دەکێشێت، گرنگییەکی زۆری دەبێت. بۆیە چین و ئەمریکا وەک دوو ڕکابەری گەورە، لە پێناو دامەزراندنی ڕێکخستنی داهاتووی جیهاندا، هەوڵی بەڕێوەبردنی قەیرانەکان بە قازانجی پایتەختەکانی خۆیان دەدەن.

هەردوو لایەن دەزانن ناتوانن بە تەواوی یەکتری لاببەن، و لە ئێستادا هەوڵی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی سەربازی نادەن. بۆیە ئەوەی لە ئەم سەفەرەدا گرنگ دەبێت، گوتار  و یاریی ڕێکخستنی جیهانییە لە نێوان واشنتۆن و پەکین، لە ناو ناوچەیەکی «خۆڵەمێشی»دا، کە هیچ کامێکیان نایەوێت خەرجییەکی زۆر جەنگ و ململانێکان بخاتە ئەستۆی خۆی.

لەم گۆشەیەوە  هەوڵ دەدەن دەرئەنجامە خراپەکانی ئەم ڕکابەرییە بخەنە سەر ناوچەکانی تر، و لێرەدا بابەتی ئێران و جەنگەکە گرنگ دەبێت. ئێران لە لایەکەوە ڕووبەڕووی ئەمریکا یەک دەبێتەوە کە گوتاری شۆڕشگێڕانەی ئێران بە دوژمنی سەرەکی خۆی دەزانێت، و لە لایەکی ترەوە چین بە چاوی کارتێکی «ستراتیژی» و «جیۆ ئابووری» سەیری تاران دەکات.


گرنگترین پرسیاری ئەم دۆخە ئەوەیە، کە ئەم  سەفەرە چی بۆ ئێران دروست دەکات؟

لە چەند ئاستێکەوە دەبێت ئامانجەکانی سەفەرەکە ببینرێت. 

یەکەم، کۆنترۆڵکردنی دەرئەنجامەکانی جەنگی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. چین دەیەوێت لە ئێران وەک کارتێکی  ستراتیژی و جیۆئابووری سوود ببینێت. لە بەرامبەردا، ئەمریکا هەوڵ دەدات لە ڕێکخستنی داهاتووی جیهاندا، نەک تەنها ئێران، بەڵکو ناوچەی ھەژموونی ئێران بە ناوەندیی تاران لەگەڵ خۆی هاوبەش بکات؛ بە جۆرێک کە ئێران ببێتە «ژاپۆنی خوارووی ڕۆژئاوای ئاسیا».

ئەمریکا دەزانێت بەردەوامبوونی ئاڵۆزی لەگەڵ ئێران خەرجییەکی گەورەی ئاسایشی هەیە. ئەگەر ھورمز نائاسایی بمێنێتەوە و واشنتۆن نەگات بە ئامانجەکانی، ناچار دەبێت چین، وەک گەورەترین کڕیاری وزەی کەنداوی فارس، بخاتە ناو بەڕێوەبردنی قەیرانەکە.

دووەم: لە لایەکی ترەوە، ئەمریکا هەوڵ دەدات پەکین قایل بکات پشتگیریی تەواو لە تاران نەکات، چونکە ئەو پشتگیرییە دەتوانێت خەرجییەکی ئابووریی گەورە بخاتە سەر چین؛ نەک تەنها لە بواری سیاسی، بەڵکو لە بازرگانی، تەکنەلۆجیا و دەستگەیشتن بە بازاڕە ڕۆژئاواییەکانیشدا. 

هەروەها نابێت لەبیر بکرێت کە نزیکەی 80% لە وزەی پێویستی چین لە ڕێگای هۆرمزەوە دێت، و هەمان شت بۆ ئەورووپاش هەیە. بۆیە چین و ئەورووپا زۆرترین زیان لە قەیرانی ھورمز دەبینن.

لە کاتێکدا ئەمریکا هەوڵی دووبارە پێناسەکردنەوەی  بازاڕی وزەی جیهانی بۆ سەدەی 21 دەدات، واشنتۆن دەیەوێت چین ناچار بکات لە بەرامبەر ئێران ڕۆڵی «کۆنترۆڵکەر» ببینێت، نەک تەنها «پشتگیرێکی بێدەنگ». ئێستا چین زیاتر وەک پشتگیرێکی بێدەنگ مامەڵە دەکات، بەڵام ئەمریکا دەیەوێت ئەم ڕۆڵە بگۆڕێت.

لە بەرامبەردا، چینیش دەزانێت ئەگەر ئەمریکا لەم ناوچەیە دەربچێت، هەموو هێزی خۆی دەخاتە سەر ڕکابەری لەگەڵ چین. بۆیە پەکین دەیەوێت واشنگتن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەرقاڵ بمێنێتەوە.

هەروەها چین هەوڵ دەدات ئامانجەکانی خۆی بپارێزێت؛ وەک نیشاندانی خۆی بە هێزێکی بەرپرسیار لە جیهان، ڕێگرتن لە داڕمانی ئێران وەک بەربەستێک لە بەرامبەر ئەمریکا، و پاراستنی ڕێڕەوی وزە. لە هەمان کاتدا، دەیەوێت بتوانێت لە ئەمریکا ئیمتیازی ئابووری وەربگرێت.

بۆیە چین دەیەوێت ئێران لە بازنەی ڕۆژهەڵاتدا بمێنێتەوە، بەڵام نەک  ئاڵۆزییەکانی ببنە هۆی تەقینەوەی ئابووریی جیهانی. لە کۆتاییدا، پەکینیش وەک موسکۆ، ئێران بە هاوپەیمانی ستراتیژی نازانێت، بەڵکو بە «کارتێکی ستراتیژی» سەیری دەکات.


کورد، مەتەڵی ناو یارییەکە.

 چین بۆ بازرگانیی جیهانیی خۆی نایەوێت تەنها پشت بە ڕێگای ئاوی ببەستێت. بۆیە پەکین هەوڵی دروستکردنی تێکەڵەیەک لە ڕێگای دەریایی، داڵانی رێگای خێرا و هێڵی شەمەندەفەر دەدات. لەم پڕۆژانەدا، وڵاتانی وەک ئێران و تورکیا دەبنە گرێدانی سەرەکیی ئەم دالانانە. ئەمەش واتای ئەوەیە کە لە داهاتوودا، پاراستنی سەقامگیریی ئەم وڵاتانە بۆ چین دەبێتە بابەتێکی ستراتیژی.

لە بەرامبەردا، ئەمریکا هەرچەندە جاروبار پرسی کوردی وەک هاوپەیمانێکی کاتی یان کارتێکی فشار بەکارهێناوە، بەڵام واشنتۆن-يش تا ئێستا ئامادە نەبووە سنووری سیاسیی ناوچەکە بە شێوەیەکی بنەڕەتی بگۆڕێت. بۆیە کورد لە نێوان دوو هێزی گەورەدا دەژی؛ هێزێک وەک چین کە بە زمانی بازرگانی، سەقامگیری و دالانی ئابووری دەدوێت، و هێزێکی وەک ئەمریکا کە زیاتر بە زمانی هاوسەنگیی هێز و بەڕێوەبردنی قەیران مامەڵە دەکات.

لە هەموو دۆخێکدا، هاتنی چین بۆ ناو بەڕێوەبردنی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان، هاوسەنگییەکی نوێ دروست دەکات. بەڵام ئەم هاوسەنگییە زۆرجار لە بەرژەوەندیی نەتەوە بێدەوڵەتەکان نییە، چونکە هێزە گەورەکان زیاتر بەدوای پاراستنی بەرژەوەندییە ستراتیژی و ئابوورییەکانی خۆیانن

لەبەر ئەوە دەبێت ئاگاداربین، لەم سەفەرەدا «کێ دەبێتە قوربانیی ڕێککەوتن» لە نێوان  پەکین و واشنتۆن دا.


نوێترین شرۆڤەکان