لە ئایدیالیزمی وێڵسنەوە بۆ ڕیالیزمی ترەمپ: قەیرانی شەرعییەت لە یاسای نێودەوڵەتیدا
٨ نیسان ٢٠٢٦ - ٢:٣١ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
مێژووی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە سەدەی ڕابردودا، چیرۆکی هەوڵدانی مرۆڤایەتی بووە بۆ ڕاکردن لە جەنگ بەرەو پەناگەی یاسا. ئەم گەشتە لە ساڵی ١٩١٨ بە "چواردە خاڵەکەی" وۆدرۆ ویڵسن (Woodrow Wilson) بیست و هەشتەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (لە نێوان ساڵانی ١٩١٣ تا ١٩٢١)، کە بە یەکێک لە گرنگترین و کاریگەرترین کەسایەتییەکانی مێژووی سیاسی جیهان دادەنرێت، بەتایبەت لەداڕشتنی سیستەمی نێودەوڵەتی دوای جەنگی جیهانی یەکەم، دەستی پێ کرد. ئەو دەیویست جیهان لەسەر بنەمای ئەخلاق و هاوکاری ڕێکبخاتەوە، بەڵام دوای سەدەیەک، دۆناڵد ترەمپ هات و یاسای نێودەوڵەتی وەک کۆت و زنجیرێک بۆ دەسەڵاتی ئەمریکا وێنا کرد. لەم وتارەدا هەوڵدەدەم شیکردنەوەی ئەو وەرچەرخانە مەترسیدارەبکەم کە جیهانی لە "ئایدیالیزمی وێڵسن"ەوە گواستەوە بۆ "ڕیالیزمی توندڕەوی ترەمپ".
وۆدرۆ وێڵسن، بە "باوکی لیبڕالیزمی نێودەوڵەتی" دادەنرێت، پێی وابوو کە دەوڵەتەکان دەتوانن وەک یەک کۆمەڵگە بژین بۆیە بنەمای مافی چارەی خۆنوسین و ئاسایشی بەکۆمەڵی داهێنا. خەونی ئەو ئەوە بوو کە "کۆمەڵەی گەلان" ببێتە پەرلەمانی جیهان و چیتر هێزی سەربازی بڕیاردەر نەبێت، بەڵکو "یاسای نێودەوڵەتی" سەروەر بێت. دروستبوونی نەتەوە یەکگرتووەکان و جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ، هەمویان بەرهەمی ئەو تۆوە بوون کە وێڵسن چاندی بۆ پاراستنی لاوازەکان لە دەستی بەهێزەکان لە ژێر چەتری یاسادا.
لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ دوای سەدەیەک وەک ڕەنگدانەوەی قوتابخانەی "ڕیالیزمی هێرشبەرانە" دەرکەوت، پێی وتین جیهان نەک یەک کۆمەڵگا نییە، بەڵکو مەیدانێک بچوکی زۆرانبازییە. ئەو فەلسەفەی ماکیاڤێلی و تۆماس هۆبزی زیندوو کردەوە؛ لای ئەو یاسا تەنها "وشەیە" و تەنها "هێز" ڕاستەقینەیە. ترەمپ نیشانیدا کە واژۆی سەر کاغەزەکان (ڕێککەوتنە نێودەوڵەتیەکان) تا ئەوکاتە کاریگەرن کە بەرژەوەندییەکی ماددییان تێدا بێت، بۆیە کشانەوەی ئەو لەڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان، تیرۆرکردنی ئەو متمانە مێژووییە بوو کە وێڵسن و نەوەکانی دوای ئەو بناغەیان دانابوو.
ئێستا جیهان لە سایەی ئەم گۆڕانکارییەوە پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ، وەرچەرخانە مەترسیدارەکە ئەمەیە کە بەرژەوەندی دژبەیەکی گەورە لەنێوان ویڵسن و ئەو قوتابخانەیەی ئەو نوێنەرایەتی دەکرد کە دەڵێت؛"یاسا و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان پیرۆزن و دەبێت ئەمریکا پارێزەری بێت". لە بەرامبەریشدا، ترەمپ نوێنەرایەتی قوتابخانەیەک دەکات کە دەڵێت:"یاساکان گرنگ نین ئەگەر لە بەرژەوەندی ئەمریکا نەبن". .
لەولاشەوە دەبینین لەسەر ئاستی واقع چەمکی مافی مرۆڤ و بنەماکانی دەبێتە ئامراز، چیتر مافەکانی مرۆڤ وەک بەهایەکی گەردونی نین، بەڵکو وەک کارتی فشار لە مامەڵە سیاسییەکاندا بەکاردێن. جیهانی سەردەمی ترەمپ و دوای ترەمپیش جیهانی بێ متمانەییە؛ وڵاتان ئیتر بۆ پاراستنی خۆیان پشت بە ڕێککەوتنەکان و دانوستان نابەستن، بەڵکو پەنا دەبەن بۆ چەکداربونی توند، دروستکردنی هێزی گەورەی ئابوری و چەکداری کە ئەمەش ئەگەری جەنگی گەورە نزیکتر دەکاتەوە. جگە لەمانەش ترەمپ مۆدێلێکی نوێی داهێنا: ئەگەر ڕێککەوتنێک بەدڵت نەبوو، تەنها لە واژۆکەت بکێشەرەوە، بەسە بۆ ئەوەی خۆت لە پابەندێتی نێودەوڵەتی لابدەیت، ئەمە مەترسیدارترین میراتی ئەوە بۆ یاسای نێودەوڵەتی.
گەشتەکەمان لە وێڵسنەوە دەستی پێ کرد کە دەیویست جیهان بکاتە ماڵێکی گەورە بۆ هەمووان، بەڵام لە ترەمپدا گەیشتینە ئەوەی کە جیهان تەنها دارستانێکە و تەنها ئەوانەی چنگیان تیژە و بەهێزن دەمێننەوە. ئەمە مەترسیدارترین قۆناغی مێژووە، کە مرۆڤایەتی پیایدا تێدەپەڕێت چونکە جیهانێک بێ یاسا و بێ متمانە، هەمیشە یەک هەنگاو دوورە لە کارەساتێکی گەورە کە ڕەنگە هەمووان تێیدا بسووتێن.
پرسیارە ستراتیژییەکانی بەردەم جیهان و یاسای نێودەوڵەتی ئەمانەن؛ کە مرۆڤایەتی ڕووبەڕووی دەبێتەوە و دەبێت وەڵامیان بداتەوە:
1. ئایا یاسای نێودەوڵەتی تەنها "وەهمێکی لیبڕاڵی" بوو کە بەهاتنی یەک سەرکردەی پۆپۆلیست هەڵوەشایەوە، یان دەکرێت جارێکی تر متمانە بۆ ڕێککەوتننامەکان بگەڕێندرێتەوە؟
2. لە جیهانێکدا کە تێیدا "بەرژەوەندیی ڕەها" حاکم بێت، چارەنوسی گەلانی بێ دەوڵەت و کەمینەکان چی دەبێت کاتێک چیتر "ئەخلاقی سیاسی" بونی نامێنێت؟
3. ئایا مرۆڤایەتی بەرەو دروستکردنی سیستمێکی نوێی جیهانی (وەک نەتەوە یەکگرتووەکان) هەنگاو دەنێت، یان دەبێت ئامادەی کارەساتێکی گەورەی هاوشێوەی جەنگی جیهانی بین تا جارێکی تر بیر لە یاسا بکەینەوە؟
ئایا " تەنها هێز" دەتوانێت ئاشتییەکی بەردەوام دابین بکات، یان تەنها هاوسەنگییەکی کاتیی ترس دروست دەکات کە لە هەر ساتێکدا ئەگەری تەقینەوەی هەیە؟
"تێبینی: ئەم بابەتە خوێندنەوەیەکی فەلسەفی – یاسایی و ستراتیژییە بۆ گۆڕانکارییەکانی سیستەمی جیهانی، و بەدەرە لە هەر شرۆڤەیەکی سیاسیی تایبەت بەجەنگ و ئاڵۆزییە سەربازی و دیپلۆماسییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران."