عەلی الزیدی و برنج: ئایا لۆبیی جوتیارانی برنج کاریگەرییان هەیە لە سەر دیاریکردنی زەیدی

٤ ئایار ٢٠٢٦ - ٢:٣٢ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە

لە ناوەڕاستی هەشتاکانەوە، عێراق بەوە ناسراوە کە یەکێک لە وڵاتە سەرەکیەکانی هاوردەکەری برنجی ئەمریکی. یەکەم جار کە باس لە کاریگەری لۆبیی جوتیارانی برنجی ئەمریکی دەکرێت لە سەر سیاسەتی ئەمریکی لە گەڵ عێراقدا، لە چاپتەری کتێبەکەی سەمەنتا پاوەرە بە ناوی کێشە لە دۆزەخەوە، کە چۆن جوتیاران برنج لە ئەمریکا ڕێگرن لەوەی ئیدارەی ڕۆناڵد ڕێگان ئابلۆقە بخاتە سەر عێراق لە بەرامبەر بەکارهێنانی کیمیاوی دژ بە کورد. 
ڕەشنوسی بڕیارەکە لە لەلایەن پیتەر گابرلێسەوە کاری بۆ دەکرا. چونکە ئابلۆقەکە بە زیانی جوتیارانی برنجەوە دەبوو.

بونی ئەم مێژوە درێژەی پەیوەندی نێوان جوتیارانی برنج و حکومەتی عێراقی، جۆرێک لە یادەوەری کەلتوری دروستکردوە. لە ساڵی ٢٠٠٤ پاش هاتنی ئەمریکا بۆ عێراق ئەم جوتیارانە داوا دەکەن هەرزوو ئەمریکا لە قەرزەکانی عێراق خۆش بێت، هەتا ئەوان دەست بە هەناردنەوە برنج بکەن بۆ عێراق.

برنج بە گشتی لە ولایەتەکانی باشور دەچێنرێت لە ئەمریکا. لە سەروی هەمویانەوە وڵایەتی ئەرکەنساسە. ئەم ولایەتە، وەک زۆر وڵایەتی تری باشور لە سەردەمی شەڕی ناوخۆوە مەیلیان بەلای سیاسەتەکانی کۆمارییەکانە. لە شەستەکانەوە، بە تایبەتی پاش جوڵانەوەی مافە مەدەنییەکان لە چواردە هەڵبژاردندا یانزە جار دەنگیان بە کۆمارییەکان داوە. ئەو جارە کەمانەی دەنگیان بە دیموکراتەکان داوە، لە سەردەمی کارتەر و کلینتۆندا بوون، چونکە ئەوان خۆیان باشوریی بوون.

جوتیارانی  برنج لە ئەمریکا لە ژێر فشاری زۆردان، بە هۆی هەڵکشانی وڵاتانی تری وەک هیند، ڤێتنام و تایلەند. بۆیە بۆ نمونە کاتێک عێراق برنجی لە ئەمریکا نە دەکڕی لە ڤێتنامی دەکڕی. 
ئەم پاشخانە چەند شتێکمان بۆ ڕون دەکاتەوە. یەکەم، عێراق گرنگە بۆ جوتیارانی برنج لە ئەمریکا. دووەم، جوتیارانی برنج بە گشتی لە ئەو ولایەتانەن کە کۆماریین وەک ئەرکەنساس و تەکساس. 
سێیەم، ئەمانە بە گشتی دەنگدەری ترەمپن و داوای ڕێگریی دەکەن لەوەی ڕێگە بدرێت وڵاتانی تر  جێگەی بازرگانی ئەمریکا بگرێتەوە. بەشێک لە سیاسەتی ماگا.
ئێستا پاش کاندیدبونی عەلی الزەیدی دەنگۆی ئەوە هەیە کە کۆمپانیای العویس کە زەیدی بەرپرسیەتی بەشێکە لە هاوردەی برنجی ئەمریکی بۆ سوپای عێراقی. ئەوەش دەزانرێت کە بانکی جنوب کە سەر بە زەیدیە، لەم پرۆسەیەدا بوو. کاتێک ئەو بانکە بە داوای ئەمریکا لە ٢٠٢٤ ئابلۆقەی دۆلاری خرایە سەر، کێشەیەک لەم بوارەدا دروست بوو. ئەم کێشەیە پینەو پەڕۆ کرا، بەڵام بە ئاشکرا نا. وەک لێکۆڵەرەی عێراقی عەقیل عەباس دەڵێت.

شایانی باسە بە پێی سایتی USARice عێراق و ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٤ یاداشتنامەیەکی لێکگەیشتنیان هەیە بۆ هاوردەکردنی ٢٠٠٠٠٠ تەن برنج لە ئەمریکاوە بۆ عێراق. 
ئایا ئەمە هۆکاری پاڵپشتی ئەمریکا و ئیدراەی ترەمپە بۆ زەیدی؟


نوێترین شرۆڤەکان