سیناریۆکانی جەنگ لە نێوان ئەمەریکا و ئێران کامانەن؟
٨ ئایار ٢٠٢٦ - ٢:١٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
ئەم وتارە هەوڵێکە بۆ خوێندنەوەی داهاتووی پەیوەندیی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران لە ڕوانگەی زانستیی داهاتووناسییەوە.
داهاتووناسی بریتییە لە شیکردنەوەی ئاراستە سیاسی، سەربازی، ئابووری و ستراتیژییەکان بۆ دروستکردنی چەند سیناریۆیەکی ئەگەردار، نەک پێشبینییەکی ڕەها.
لەو چوارچێوەیەدا، ئەم وتارە چوار سیناریۆی سەرەکی دەخاتەڕوو کە دەتوانن داهاتووی قەیرانی نێوان ئەمەریکاـ ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دیاری بکەن. ئەو سیناریۆیانە لەنێوان ڕێککەوتن، جەنگ و تەوقدانی بەردەوامدا دەجوڵێن، بە پێی هاوکێشەی بەرژەوەندی و تێکچوونی هێز لە ناوچەکە.
سیناریۆی یەکەم: ڕێککەوتن
هەرچەندە سیناریۆی ڕێککەوتن لە بەرژەوەندیی ئارامیی جیهان و ئاسایش و جێگیریی بازاڕی وزەدایە، بەڵام گەیشتن پێی ئاسان نییە. ھەرچەندە ئەکرێت ڕووبدات، بەڵام چاوەڕوانی ئەوەی ئێران بتوانێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکادا ئاسایی بکاتەوە زۆر دورە، چونکە سروشتی ئەم دووھێزە لە بنەڕەتەوە پێچەوانەی یەکدین.
هۆکاری سەرەکی ئەو ئاڵۆزییە ئەوەیە کە ئیسرائیل بە چاوی مەترسی لە هەر ڕێککەوتنێک دەڕوانێت کە ببێتە هۆی بەهێزبوونی ئێران، تەنانەت ئەگەر ئەو ڕێککەوتنە سنووردارکردنی بەرنامە ناوەکییەکەشی لەخۆ بگرێت.
لە ڕوانگەی ستراتیژییەوە، ئیسرائیل پێی وایە هەر ئارامبوونێک لەنێوان واشنتن و تاران دەتوانێت:
دەستی ئێران لە ناوچەکەدا کراوەتر بکات. هاوکێشەی ترس و بەربەست «Deterence» بگۆڕێت. کاریگەریی خراپ لەسەر داهاتووی هەژموونی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست بکات.
لەبەر ئەوە، ئەگەرچی ئەگەری ڕێککەوتن هەمیشە هەیە، بەڵام بەردەوامبوونی و جێگیریی ئەو ڕێککەوتنە بەهۆی ناکۆکیی بنەڕەتیی نێوان هەردوو بەرەکەوە زۆر دژوار دەبێت.
ئەم سیناریۆیە نەخوازراوە بۆ ئەمریکا و ئیسڕائیل، بەڵام لای ئێرانییەکان یەکێکە لە ئەگەرەکان «محتمل».
سیناریۆی دووەم: دووبارەبوونەوەی جەنگ
ئەم سینارێۆیە لەسەر ئەو بنەمایە وەستاوە کە تەوقدانە سیاسی و سەربازییەکان لە کۆتاییدا دەگەنە قۆناغی تێکدانی فراوان.
جەنگی دووبارە دەتوانێت بە هێرشێکی سنووردار دەست پێبکات، بەڵام خێرا بگۆڕێت بۆ ململانێیەکی هەرێمی، بە تایبەتی لەبەر بوونی هێز و هاوپەیمانی زۆر لە عێراق، سوریا، لوبنان و کەنداوی فارس.
لەو حاڵەتەدا:
ئەمەریکا و ئیسرائیل هەوڵی لاوازکردنی توانای ناوەکی و مووشەکیی ئێران دەدەن.
ئێرانیش هەوڵ دەدات جەنگەکە فراوان بکات بۆ ناوچەیەکی گەورەتر.
تنگەی هورمز، بازاڕی نەوت و ئاسایشی وزە دەبنە ئامانجی سەرەکی.
بەڵام مەترسیی ئەم سینارێۆیە ئەوەیە کە دەکرێت هیچ لایەک نەتوانێت سنووری جەنگ دیاری بکات، و قەیرانەکە بگوازرێتەوە بۆ جەنگێکی درێژخایەن و ناسەقامگیر.
ئەم سینارێۆیە، لای ئێران و ئەمەریکاش نە خوازراوە، لای ئیسڕائیل خوازراوی یەکەمە، ئەم ھۆکارەش فاکتەرێکی گەورەیە لەسەر ئیدارەی دروستکردنی بڕیار لە کۆشکی سپی.
سیناریۆی سێیەم: تەوقدان«محاصرە» تا ئەو قۆناغەی کێ زووتر کۆڵ دەدات
ئەم سیناریۆیە لەسەر بنەمای “جەنگی ئیرادە” دامەزراوە.
واتە هەردوو لا هەوڵ دەدەن بە زیادکردنی فشار، هەڕەشە و نیشاندانی هێز، لای بەرامبەر ناچار بە پاشەکشە بکەن، بێ ئەوەی جەنگێکی فراوان ڕووبدات.
لەم قۆناغەدا:
گەمارۆ و فشارە ئابوورییەکان زیاد دەبن. بەشێکی گەورەی فشارەکانی عێراق لە ژێر ئەم چوارچێوەیەدا ئەتوانرێت خوێندنەوەی بۆ بکرێت، ڕەگە بەرەو فراوانبوونیش بچێت.
هێرشی سایبری و ھەڕەشەکان فراوانتر دەبن.
مانۆڕی سەربازی و هەڕەشەی مووشەکی زیاد دەبێت.
هەر لایەک هەوڵ دەدات بەرگریی سیاسی و دەروونیی خۆی بپارێزێت.
ئەم دۆخە دەتوانێت ماوەیەکی زۆر درێژ بەردەوام بێت، چونکە ئامانج تێکشکاندنی ئیرادەی سیاسیی لای بەرامبەرە، نە دەستپێکردنی جەنگێکی تەواو.
ئەمە سیناریۆی خوازراوی ئێرانە، چونکە ئەگەر ئەمریکا کۆڵ بدات و بڕوات ئێران ئەتوانێت ریوایەتێکی سەرکەوتنی گەورە دروست بکات، لەم قۆناغە دا زۆر پێویستی پێی دەبێت، بە تایبەت کە ئەم رێبەرایەتییە وەک خامنەیی باوک پێگەی کارێزمایی نییە.
سیناریۆی چوارەم: تەوقدان تا دروستبوونی دەرفەتێک بۆ گورز وەشاندنی کۆتایی
ئەم سیناریۆیە لەوانەیە نزیکترین شێوە بێت لە ستراتیژیی ڕاستەقینەی هێزە گەورەکان.
لەوەدا تەوقدان تەنها ئامانج نییە، بەڵکو ئامرازێکە بۆ دروستکردنی ساتێکی گونجاو بۆ لێدانی گورزێکی کۆتایی و ستراتیژی.واتە فشارە سیاسی و سەربازییەکان بەردەوام زیاد دەکرێن، هەوڵ دەدرێت ئێران لە ناوخۆ و دەرەوەدا لاواز بکرێت،کردەی ھەوالگری، هێرشی سایبری و ئابووری بەردەوام دەبن، تا ئەو کاتەی دەرفەتێکی گونجاو بۆ لێدانی گورزێکی کاریگەر دروست بێت.
لە ڕوانگەی ستراتیژییەوە، ئەم سینارێۆیە زیاتر لەسەر “بەڕێوەبردنی قەیران” دامەزراوە نەک چارەسەرکردنی. چونکە هەردوو لا پێیان وایە کات و فشار دەتوانن هاوکێشەی هێز بگۆڕن.
کۆتایی
لە ڕوانگەی داهاتووناسییەوە، هیچ سیناریۆیەک بە تەواوی حەتمی نییە، بەڵام ئەوەی دیارە ئەوەیە کە ناوچەکە لە قۆناغێکی هەستیاردا دەژی کە تێیدا ڕێککەوتن، جەنگ و تەوقدان هەموویان بە شێوەیەکی هاوکات بوونیان هەیە.
بەهۆی گرنگیی ناوچەکە لە بازاڕی وزە، بوونی ئیسرائیل، بەرنامە ناوەکیی ئێران و ململانێی هێزە گەورەکان، هەر گۆڕانکارییەکی بچووک دەتوانێت ببێتە هۆی گۆڕانی گەورە لە هاوکێشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا.
بەڵام لە نێوان ئەو چوار سینارێۆیەدا، وا دیارە سینارێۆی خوازراوی دۆناڵد تڕامپ زیاتر “تەوقدان تا دروستبوونی دەرفەتی گورزی کۆتایی” بێت، نە جەنگێکی درێژخایەن یان ڕێککەوتنێکی فراوان.
ئەم ستراتیژییە لەسەر ئەو بنەمایە وەستاوە کە بە زیادکردنی فشارە ئابووری، سیاسی و دەروونییەکان، ئێران بە شێوەیەکی ناوخۆیی لاواز بکرێت پێش ئەوەی گورزێکی یەکلایکەرەوەی لێبدرێت.
لەو چوارچێوەیەدا، ئەم خاڵانە گرنگ دەبن:
-درزخستنە نێوان سەرانی دەوڵەت و دامەزراوەکانی دەسەڵات. لێرەوە ئەتوانیین لە گرنگی ئەو ھەواڵانە تێبگەین کە باس لە کێشەکانی دەروونی دەسەڵات دەکەن لە ئێران.
-قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری و سەخت بوونی گوزەران ئەکرێت سەربکێشێت بۆ زیادبوونی ناڕەزایەتی گشتی.
ئەگەری دروستبوونی شەپۆلی نوێی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی ناوخۆ.
لە ڕوانگەی داهاتووناسییەوە، هیچ سینارێۆیەک بە تەواوی حەتمی نییە، بەڵام ئەوەی دیارە ئەوەیە کە ناوچەکە لە قۆناغێکی هەستیاردا دەژی کە تێیدا ڕێککەوتن، جەنگ و تەوقدان هەموویان بە شێوەیەکی هاوکات بوونیان هەیە.
بەهۆی گرنگیی ناوچەکە لە بازاڕی وزە، بوونی ئیسرائیل، بەرنامە ناوەکیی ئێران و ململانێی هێزە گەورەکان، هەر گۆڕانکارییەکی بچووک دەتوانێت ببێتە هۆی گۆڕانی گەورە لە هاوکێشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا.
بەڵام لە نێوان ئەو چوار سینارێۆیەدا، وا دیارە سینارێۆی خوازراوی دۆناڵد ترامپ زیاتر “تەوقدان تا دروستبوونی دەرفەتی گورزی کۆتایی” بێت، نە جەنگێکی درێژخایەن یان ڕێککەوتنێکی فراوان.
ئەم ستراتیژییە لەسەر ئەو بنەمایە وەستاوە کە بە زیادکردنی فشارە ئابووری، سیاسی و دەروونییەکان، ئێران بە شێوەیەکی ناوخۆیی لاواز بکرێت پێش ئەوەی گورزێکی یەکلاکەرەوەی لێبدرێت.
* لێکۆڵەر لە ئاسایشی نێودەوڵەتی