ئەمەریکا و ئیسرائیل؛ ناوچەکە بەرەو جەنگ دەڕوات یان ئاڵۆزییەکی کۆنترۆڵکراو؟

١٢ ئایار ٢٠٢٦ - ٧:٢٨ پاش نیوەڕۆ

پەنجەرە

شیکردنەوەی ستراتیژی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نێوان فشار، هاوسەنگی و مەترسیی جەنگ

لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا، هاوکات لەگەڵ زیادبوونی زمانی توند لە ناو میدیا و بڵاوبوونەوەی هەواڵە سەربازییەکان لە کەنداوی فارس، پرسیارێکی سەرەکی دوبارە خۆی سەپاندووە:

ئایا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێڕەوی  ڕوودانی جەنگێکی گەورەدایە، یان هێشتا لە چوارچێوەی بەڕێوەبردنی ئاڵۆزییەکی کۆنترۆڵکراودا ماوەتەوە؟

شیکردنەوەی دۆخی ئێستا ناتوانرێت تەنها بە دوو وشەی «جەنگ» یان «ئاشتی» پێناسە بکرێت. بەڵکو ناوچەکە لە دۆخێکی ناوەندیدایە کە تێیدا هاوسەنگییەکی هەستیار لەنێوان فشار، پێکدادان و دانوستاندن دروست بووە.


ئێران، وەک گرێیەکی جیوپۆلیتیکی  سیستەمی ناوچەیی

ئێران بەهۆی شوێنی جیوپۆلیتیکی ستراتیژی، نفووزی هەرێمایەتی و کاریگەری لە بازاڕی وزە، بووەتە یەکێک لە سەرەکیترین خاڵەکانی هاوکێشەی نێودەوڵەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە ڕوانگەی ئەم ڕاستییەوە، هەر گۆڕانکارییەکی توند لە دۆخی ئێران ناتوانرێت بە سنووری ناوخۆیی بپێورێت، بەڵکو دەتوانێت کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ لە ئاسایشی ناوچەکە و جیهان دروست بکات.

لە ناوخۆی ئێرانیشدا، هەندێک لە هێزە سیاسی و ناسیۆنالستەکان ئەم ململانێیە  تەنها وەک ناکۆکییەکی سیاسی نابینن ، بەڵکو وەک دەرفەتێکی مێژوویی وێنا دەکرێت لە  گەڕانەوەیان بۆ سەردەمی شکۆمەندی ڕابردوو، و سەلماندنی ڕۆڵ و پێگەی ئێران وەک هێزێکی ناوچەیی. لەو چوارچێوەیەدا، هەندێک دەنگیش ئەم قۆناغە بە جۆرێک لە «جەنگی کۆتایی» پێناسە دەکەن، کە ئامانجی سەرەکی تێیدا بەدەستهێنانی قبووڵکردنی نێودەوڵەتی بۆ ئێران وەک یاریزانێکی سەرەکی لە سیستەمی نێودەوڵەتی و دەرچوون لەقۆناغی گۆشەگیری چل و حەوت ساڵەی ڕابردووە.


ستراتیژی ئەمەریکا، بەڕێوەبردنی قەیران بەبێ جەنگ

سیاسەتی واشنتۆن، بە تایبەتی لە قۆناغە جیاوازەکانی فەرمانڕەوایی ترامپدا، زیاتر لە چوارچێوەی «فشاری زۆرترین» دا دەبینرێت؛ تێکەڵکردنی سزا ئابووری، هەڕەشەی سەربازی و دانوستاندن بۆ بەدەستهێنانی ئیمتیاز.

بەپێی تیۆریی ڕیالیزمی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، دەوڵەتە گەورەکان زیاتر ئەوە دەخوازن هاوسەنگی هێز بپارێزن نەک لەناوبردنی تەواوی ڕکابەر. لەبەر ئەوە، جەنگێکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران بەهۆی تێچووی زۆری مرۆیی، ئابووری و ستراتیژی، هەڵبژاردەیەکی زۆر مەترسیدارە.

لە هەمان کاتدا، هەندێک لێکۆڵەر هەڵسوکەوتی ئەمریکا بە تێوریی «سیاسەتی پیاوی شێت» (Madman Theory) دەناسێنن؛ واتە پیشاندانی ئامادەیی بۆ هەموو جۆرە هەنگاوێک بۆ ترساندن و فشارخستنە سەر ڕکابەر. بەڵام لە ڕاستیدا، ئەم هەڵسوکەوتانە زیاتر لە چوارچێوەی جەنگی دەروونی و ستراتیژیی فشار دەبینرێن نەک ئامادەکاری بۆ جەنگی ڕاستەوخۆ.


ئیسڕائیل, وەک فاکتەری  توندکردنەوەی ململانێ 

ئیسرائیل لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا هەڵوێستێکی جیاوازتر و توندتری هەیە. بۆتەلئەبیب، بەرنامە ناوکییەکەی ئێران و نفوزی ھەرێمایەتی وەک مەترسییەکی وجودی (existential threat) هەژمار دەکرێت.

لەبەر ئەوە، ستراتیژیی ئیسرائیل لەسەر سێ بنەما دامەزراوە:

ئۆپەراسیۆنی نهێنی و  سایبێری.
هێرشە سنووردار و کوشتنی کاسایەتییەکن 
فشار لەسەر ئەمریکا بۆ توندکردنی ھەلوێستی بەرانبەر ئێران، بەڵام تەنانەت ئیسرائیلیش دەزانێت جەنگێکی فراوان دەتوانێت ناوچەکە بخاتە ناو قەیرانێکی درێژخایەن و پێشبینی نەکراوەوە.


سیناریۆکان« داھاتوو ناسی، future study»: 

ڕێککەوتنی سنووردار (De-escalation by Agreement)

ئەم سیناریۆیە لەسەر بنەمای دانوستاندن و کەمکردنەوەی قەیران دامەزراوە.
تێیدا هەندێک سنوورداری لە بەرنامە ناوکییەکەی ئێران دروست دەبێت بەرامبەر هەندێک ئاسانکاری ئابووری یان سیاسی.
بەڵام ئەمە چارەسەری بنەڕەتی نییە، بەڵکو بەڕێوەبردنی کاتیی قەیرانە.

ئاڵۆزیی کۆنترۆڵکراو (Controlled Instability)

ئەمە نزیکترین و واقیعیترین سیناریۆی ئێستایە.

لەو دۆخەدا:
سزا ئابوورییەکان بەردەوامن
هێرشە سایبەری و نهێنییەکان زیاد دەبن
گرووپە نوێنەرەکان  ڕۆڵی کاریگەرتر دەبینن
بەڵام جەنگی ڕاستەوخۆ ڕوونادات.

ئەم سیناریۆیە لەلایەن ئەمەریکا بە گشتی خوازراوە، چونکە بەبێ جەنگ دەتوانێت فشار بەردەوام بپارێزێت.


فراوانبوونی شەڕی بە بوێنەرایەتی (Proxy Expansion)

ملمالنێکە دەگوازرێتەوە بۆ ناو وڵاتانی وەک عێراق، سووریا، یەمەن و لوبنان.

لەو دۆخەدا:
گرووپە چەکدارەکان دەبنە ئامرازی سەرەکی
ناوچەکە زیاتر ئاڵۆز دەبێت، بەڵام هێشتا لە سنووری جەنگی ڕاستەوخۆ دوور دەبێت


جەنگی ڕاستەوخۆ (Direct War)

کەمترین ئەگەری هەیە، بەڵام مەترسیدارترین سیناریۆیە.
 ئەگەر:
هێرشێکی گەورە ڕووبدات
یان هەڵەیەکی سەربازی ڕوو بدات
یان بەرنامە ناوکییەکە خێرا پێشبکەوێت
ئەوا دەتوانێت هەموو هاوسەنگییەک تێکبدات و جەنگێکی ناوچەیی فراوان دروست بکات.

گۆڕانکاری ناوخۆیی (Long-term Internal Shift)

ئەم سیناریۆیە پەیوەستە بە فشارە ئابووری و سیاسییەکان، بەڵام لەبەر ئاڵۆزیی فاکتەرەکان، لە کاتی نزیکدا کەم ئەگەرە.


کۆتایی

دۆخی ناوەندی نێوان جەنگ و ئاشتی

لە کۆتاییدا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نە لە دۆخی جەنگدایە و نە لە ئاشتییەکی جێگیر. بەڵکو لە دۆخێکی ناوەندیدایە کە لەسەر بنەمای هاوسەنگی ترس و بەرژەوەندی بەڕێوە دەچێت.

ئەمەریکا بەدوای بەڕێوەبردنی قەیرانە، ئیسرائیل بەدوای توندکردنی فشار، و ئێران بەدوای پاراستنی ڕۆڵی خۆی. لەبەر ئەوە، تا ئێستا ئەگەری زۆرترین ئەوەیە کە ناوچەکە لە «ئاڵۆزیی کۆنترۆڵکراو»ـدا بمێنێتەوە، بەڵام لە ناوچەیەکدا کە هەموو شتێک بە خێرایی دەگۆڕێت، هەمیشە مەترسیی ڕووداوێکی لەناکاو ماوە.


نوێترین شرۆڤەکان