بۆ یەکەمجار؛ عێراق هێرشەکانی ئێران سەرکۆنە دەکات و بەرەو واشنتن هەنگاو دەنێت
١٤ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:٣٩ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
حکومەتی عێراق کۆمەڵێک هەنگاوی ناوە کە ئاماژەن بۆ سەرلەنوێ داڕشتنەوەی سیاسەتی دەرەوەی بەپێی قۆناغبەندی. لەم قۆناغەدا بەغدا هەوڵ دەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبیدا باشتر بکات، ئەمەش دوای ساڵانێک لە هەژموونی بەرفراوانی ئێران بەسەر بڕیاری سیاسی و ئەمنیی عێراقدا.
ئەم وەرچەرخانە یەک ڕۆژ دوای ئەوە هات کە ئەلزەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا کرد هاوئاهەنگییەکی نوێ لە نێوان بەغدا و دیمەشقدا دەستپێبکەن. هاوکات لە هەنگاوێکی بێپێشینەدا، وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەیاننامەیەکی دەرکرد و تێیدا بۆ یەکەمجار سەرکۆنەی هێرشە موشەکییەکانی ئێرانی بۆ سەر کوێت، بەحرەین و ئوردن کرد، کە تاران وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر پێگەکانی ئەنجامی دابوون.
هۆشدارییەکانی بەغدا لە تێکچوونی ئاسایشی ناوچەکە
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند کە ئەو هێرشانە هەڕەشەن بۆ سەر سەقامگیریی ناوچەکە و هۆشداریی دا لە “مەترسیی خزانی ناوچەکە بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی بەرفراوانتر، کە ڕەنگە لێکەوتەی نەرێنی و مەترسیداری بەسەر ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتییەوە هەبێت”.هەروەها داوایکرد ناوچەکە لە گرژیی و ناسەقامگیریی زیاتر بەدوور بگیرێت، بەتایبەت لەم بارودۆخەدا کە پێویستی بە زاڵکردنی زمانی گفتوگۆ و حیکمەت و چڕکردنەوەی هەوڵەکانە بۆ کۆنترۆڵکردنی گرژییەکان.
لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا هاتووە: “سەقامگیریی وڵاتانی عەرەبی و دراوسێ، بەشێکی گرنگە لە سەقامگیریی و ئاسایشی نەتەوەیی عێراق”،و جەخت لە گرنگیی پاراستنی پەیوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان وڵاتانی ناوچەکە و پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان کراوەتەوە کە خزمەت بە گەشەپێدان و سەقامگیری دەکەن.
لێکۆڵەرانی سیاسی پێیانوایە ئەم سەرکۆنەکردنە لە چوارچێوەی زنجیرە هەنگاوەکانی حکومەتی نوێدایە، کە لەوانە دەستپێکردنی ڕێوشوێنەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک لەژێر دەستی دەوڵەتدا.
ئامادەکاری بۆ سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی ئەلزەیدی بۆ واشنتن بە یاوەریی شاندێکی بازرگانانی عێراقی، بە ئامانجی کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و واشنتن.
جێی وەبیرهێنانەوەیە کە پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا (وەک باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر) تووشی گرژی ببوو؛ ئەو هێرشانەی کە دەخرانە پاڵ گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران و ببوونە ڕێگر لەبەردەم پەرەپێدانی هاوبەشییەکی ئابوریی و سیاسی بەرفراوانتر لە نێوان هەردوو وڵاتدا.
گوشارە داراییە گەورەکان
ئەم جموجۆڵە سیاسییانە لە کاتێکدایە کە حکومەتەکەی ئەلزەیدی لەبەردەم تەحەددییەکی ئابوریی و دارایی گەورەدایە. بەپێی سەرچاوە عێراقییەکان، حکومەتی نوێ خەزێنەیەکی بەتاڵ و بێ نەختینەی (سیولة) وەرگرتووە؛ بەشێوەیەک یەدەگی دارایی بەردەست لە ١ ملیار دۆلار تێپەڕ ناکات، لە کاتێکدا حکومەت پابەندیی دارایی بەپەلەی لەسەرە کە بە ٨ تریلیۆن دیناری عێراقی (نزیکەی ٦ ملیار دۆلار) دەخەمڵێنرێت.
ئەلزەیدی هێزە سیاسییەکانی عێراقی ئاگادار کردووەتەوە کە بەناچاری کۆمەڵێک بڕیاری ئابوریی قورس دەدات، ئەمەش بۆ ڕێگریکردن لە هەڵگیرسانی شەپۆلێکی نوێی خۆپێشاندانی جەماوەری، هاوشێوەی خۆپێشاندانەکانی ساڵی ٢٠١٩ (ڕاپەڕینی تشرین) کە لە سەردەمی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی پێشووتردا ڕوویدا.
لەم چوارچێوەیەدا، عەممار حەکیم، ڕێبەری ڕەوتی حیکمە و یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی "چوارچێوەی هەماهەنگی" کە پشتگیری لە پێکهێنانی حکومەتەکەی ئەلزەیدی کردووە، دانی بەوەدا نا کە "گوشارە داراییەکان"ـی سەر وڵات ڕەنگە ببنە هۆی دواکەوتنی شایستەی دارایی هەندێک چین و توێژی کۆمەڵگە. ئەو هۆکاری ئەمەش گەڕاندەوە بۆ بەردەوامیی گرژییەکانی ناوچەکە و تێکچوونی دۆخی وزە لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە.
لەلایەکی ترەوە وەک ئاماژەیەک بۆ قووڵیی قەیرانەکە لە نێوان چینە سیاسییەکەدا، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی پێشوو کە بە پەیوەندییە نزیکەکانی لەگەڵ ئێران ناسراوە، داوای بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و سەرخستنی سەردانەکەی ئەلزەیدی بۆ واشنتن کرد.
ئاڕاستەکردنەوەی سیاسەتی دەرەوە
عیسام فەیلی، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی موستەنسریە، دەڵێت”پێشهاتە ئەمنییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە عێراقی ناچار کردووە چاو بە پێگەی خۆیدا بخشێنێتەوە لەناو هاوکێشە ناوچەییەکاندا. ئەو شەڕەی لەم دواییانەدا ڕوویدا و کاریگەریی لەسەر عێراق دانا، وایکردووە بەهێزکردنی سەربەخۆیی بڕیاری دەرەوەی عێراق ببێتە پێویستییەکی حەتمی، بەتایبەت کە زۆرێک لە دەوڵەتان وا سەیری بەغدا دەکەن کە پاشکۆ یان زۆر نزیکە لە تارانەوە."
فەیلی لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی (الشرق الأوسط)ئاماژەی بەوە کرد کە جموجۆڵەکانی ئەلزەیدی نیشانەی ئارەزووی ئەون بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەگەڵ دەوروبەری عەرەبی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا. وتیشی کە سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو، ڕەنگدانەوەی قۆناغێکی نوێیە لە سیاسەتی عێراقدا، چونکە مانەوەی عێراق لە بەرەی ئێراندا وەک ڕابردوو سوودی نەماوە. ئەم تێڕوانینەش تەنیا هی ئەلزەیدی نییە، بەڵکو تێگەیشتنێکە لەناو تەواوی سیستمی سیاسیی عێراقدا دروستبووە. باسی لەوەش کرد کە یەکێک لە مەرجەکانی ئەمریکا بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکان، چارەسەرکردنی دۆسیەی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانە.
غالب دەعمی، مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی کوفە، وتی”ئاماژەکان دەریدەخەن عێراق بە خێرایی بەرەو بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و دوورکەوتنەوەی پلەبەندی لەژێر کاریگەریی میحوەرەکەی ئێران هەنگاو دەنێت."
دەعمی بۆ ڕۆژنامەی (الشرق الأوسط) ڕایگەیاند کە یەکێک لە دیارترین نیشانەکانی ئەم گۆڕانکارییە، هەوڵە بەردەوامەکانە بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەژموونی گرووپە چەکدارەکان و سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، ئەمەش گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینەیە لە هاوسەنگیی هێزی ناوخۆییدا.
ڕوونیشیکردەوە کە بەهێزکردنی ڕۆڵی دامەزراوە ئەمنییە فەرمییەکان دەبێتە هۆی بنیادنانی دەوڵەتێکی سەقامگیرتر و ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبارتر بۆ پاڵپشتیی ئابوریی و کەمکردنەوەی کاریگەریی ململانێ ناوچەییەکان لەسەر پڕۆسەی گەشەپێدانی عێراق.