سەرچاوەیەک لە گردی زەرگەتەوە: ٩٠ ڕۆژە مووچەی کادرانی گۆڕان نەدراوە و ئامادەکاری بۆ سکاڵای یاسایی دەکرێت
١٤ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٩:٠٦ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
کێشە ناوخۆیی و داراییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێوە. پاش تێپەڕبوونی نزیکەی ساڵێک و شەش مانگ بەسەر لەتبوونی فەرمی بزووتنەوەکە لە ئەیلولی ٢٠٢٤دا، کادران و ستافی ژوورە سەرەکییەکانی نێو گردی زەرگەتە ڕووبەڕووی قەیرانێکی بژێوی بوونەتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەناو گردی زەرگەتەوە تایبەت بۆ پەنجەرەی ئاشکرا کرد کە کادرەکان بەهۆی بێباکی سەرکردایەتییەوە، ئامادەکاری بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی و ئەنجامدانی گردبوونەوەی ناڕەزایەتی دەکەن.
کێشە کۆنەکان؛ ١٥ مووچەی فەوتاو لای هەردوو باڵەکە
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوەیە، ستافی ژوورە جیاوازەکانی گردی زەرگەتە، کە پێکهاتوون لە ئەندامانی ژوورەکانی (حکوومەت، ڕۆژنامەوانی، کارگێڕی و دارایی، هەڵبژاردن) و ژمارەیان زیاتر لە ٢٢ کادرە، زیاتر لە ١٥ مووچەی پێش جیابوونەوەی باڵەکانیان لای بزووتنەوەکەیە. ئەم شایستە داراییانە بەهۆی ململانێ ناوخۆییەکانەوە تا ئێستاش بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە.
قەیرانە نوێیەکە؛ ٩٠ ڕۆژ بێمووچەیی تەواو
سەرچاوەکەی گردی زەرگەتە ئاماژەی بەوەشکرد کە دۆخی دارایی کادرەکان لە دوای جیابوونەوەکەش بەردەوام ڕووی لە خراپی کردووە. لە ماوەی ١٨ مانگی ڕابردوودا، کادرانی ئەم باڵە زیاتر لە ٧ مووچەی تری تەواویان وەرنەگرتووە.
سەرچاوەکە وتی: دواین مووچە کە لە گردەکە درابێت، لە ناوەڕاستی مانگی ئازاری ڕابردوودا بووە؛ واتە ماوەی ٩٠ ڕۆژە (سێ مانگی تەواو) هیچ مووچەیەک بەسەر ستافەکەدا دابەش نەکراوە."
ئەم قەیرانە تەنها ستافی ژوورەکانی گردی زەرگەتەی نەگرتووەتەوە، بەڵکو مەکۆکانی قەزا و ناحیەکانی سەر بە باڵی گردەکەش بەدەست بێمووچەیی و کەڵەکەبوونی کرێی بیناکانیانەوە دەناڵێنن.
ڕێکارە یاساییەکان و هەنگاوەکانی داهاتوو
ئەم بێباکیەی سەرکردایەتی باڵی گردی زەرگەتە، توڕەیی و نیگەرانییەکی توندی لەناو کادرەکاندا دروستکردووە. بەپێی وتەی سەرچاوەکەی پەنجەرە. لە ئێستادا ستافی ژوورەکان لە ئامادەکارییاندان بۆ گرتنەبەری دوو ڕێکار:
سکاڵا دژی بزووتنەوەی گۆڕان (هەردوو باڵەکە): تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی بۆ وەرگرتنەوەی مووچە کۆنەکانی پێش جیابوونەوەکە، بە ئامانجی ئەوەی دادگا بڕیاری فرۆشتنی بینا، موڵک و مومتەلەکاتی بزووتنەوەکە بدات بۆ دابینکردنی مافە داراییەکانیان.
تۆمارکردنی سکاڵای تایبەت لەسەر سەرکردەکانی گۆڕان و ئەنجامدانی گردبوونەوەی ناڕەزایەتی لەبەردەم گردی زەرگەتە، بەهۆی ئەو مووچانەی لە دوای کەرتبوونی بزووتنەوەکەوە فەوتاون.