نیو تۆن یۆرانیۆمی پیتێندراو لەژێر مەترسیی میندا؛ پلانە نوێیەکەی تاران دژی ئەمریکا
١٤ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٩:٠٥ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە، cnn
بەپێی زانیارییەکانی پێنج سەرچاوەی ئاگادار لە هەواڵگریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ داخستن و پاراستنی کۆگای یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی (کە نزیکە لە ئاستی دروستکردنی بۆمب. ئێران بە مەبەست دەستیکردووە بە ڕووخاندنی تونێلەکان و بۆمبڕێژکردنی دەروازەی کۆگاکان بە مینی تەقینەوە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە گەیشتن بەو نیو تۆن یۆرانیۆمە زۆر پیتێندراوە، لە ئێستادا زۆر قورستر، مەترسیدارتر و کاتکوژتر بووە بە بەراورد بە مانگێک لەمەوبەر؛ واتە کاتێک سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بە ئاشکرا ئاماژەی بەوە دەکرد کە ئەگەری هەیە فەرمان بە سوپای ئەمریکا بکات دەست بەسەر ئەو یۆرانیۆمەدا بگرن.
ئەم قایمکارییە نوێیانەی ئێران پشێوی و ئاڵۆزییەکی زیاتر دەخەنە بەردەم ئەو ڕێککەوتنە پێشنیازکراوەی ئیدارەی ترەمپ کە لەگەڵ تاران هەیەتی بۆ گواستنەوە و لەناوبردنی یۆرانیۆمەکە، ئەم هەنگاوەش پرسیاری ئەوە دەوروژێنێت کە کێ ئامادەیە ئەرکی مەترسیداری هەڵکەندنی ئەو شوێنانە بگرێتە ئەستۆ.
لای خۆیەوە، شاندی دیپلۆماسی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆشکی سپی، دەستبەجێ وەڵامی داواکارییەکانی تۆڕی میدیایی CNNیان بۆ لێدوان و ڕوونکردنەوە لەمبارەیەوە نەداوەتەوە.
ترەمپ چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە پاراستن و دەستەبەرکردنی ئەم ماددانە لە کارە لەپێشینەکانی ئەمریکایە لە دانوستانە بەردەوامەکاندا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز، کە لە ئێستادا بەهۆی ئێرانەوە بە تەواوی داخراوە.
بەپێی گوتەی بەرپرسێکی باڵای ئیدارەی ئەمریکا کە ڕۆژی هەینی زانیاریی بە ڕۆژنامەنووسان داوە، هەردوولا هەنگاو بە هەنگاو لە ڕێککەوتنێک نزیک دەبنەوە کە ئێرانی پێ ناچار دەکات یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی ڕادەستی ئەمریکا بکات.
سەرەڕای ئەمانە، بەرپرسانی ئەمریکا و ئێران گێڕانەوەی دژبەیەک و جیاوازیان لەسەر ئەم ڕێککەوتنە بەراییە خستووەتە ڕوو، بەو هۆیەشەوە هێشتا مەرجە وردەکانی ڕێککەوتنەکە بە ناڕوونی ماونەتەوە.