دروستکردنی 600 مزگەوت؛ حیزبوڵای عێراق داوای گرتنەبەری رێوشوێن دژی سەلەفییەکان دەکات
١٤ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:٤٠ پاش نیوەڕۆ
پەنجەرە
سەرۆکی جوڵانەوەی "الحقوق"ی سەربە حیزبوڵای عيراق، لەدژایەتی ئەمەریکا و هێرشکردنە سەر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمەوە ئەمجارە ئاراستەی “سەرە رمەکەی” ڕوو لە سەلەفییەکان دەکات کە رەوتێکی سونە مەزهەبن.
حسێن موئنس، سەرۆکی جوڵانەوەی حقوق و ئەندامی پەرلەمانی عێراق، هۆشداریی دەدات لە بوونی پرۆژەیەک ڕێکخراو بۆ بڵاوکردنەوەی بیرۆکەی "مەدخەلیەت" لە رێگەی دروستکردنی سەدان مزگەوتی نوێ لە قەزای ئەبو غرێب، دەوروبەری بەغدا و پارێزگاکانی ڕۆژئاوای عێراق.
حسێن موئنس، سەرۆکی جوڵانەوەی حوقوق و ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: "پڕۆژەیەکی ڕێکخراو لەئارادایە کە پەرە بە بڵاوکردنەوەی ڕەوتی مەدخەلیەت دەدات، ئەمەش لە ڕێگەی دروستکردنی نزیکەی 600 مزگەوت لە قەزای ئەبو غرێب، پشتێنەی بەغدا و پارێزگاکانی ڕۆژئاوا."
موئنس لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم جوڵانەوەیە، هەوڵێکە بۆ شێواندنی مەزهەبە ئیسلامییە باوەڕپێکراوەکان و بەرهەمهێنانی ئاڕاستە فیکرییە چەوتەکان.
سەرۆکی جوڵانەوەی حقوق داوای لە لایەنە ئەمنی و هەواڵگرییەکان کردووە کە بەپەلە دەستبەکاربن بۆ ئاشکراکردنی سەرچاوەکانی پشتگیریی و دارایی ئەم پڕۆژەیە و ڕێگری لێبکەن پێش ئەوەی مەوداکەی فراوانتر بێت و مەترسییەکانی گەورەتر ببن.