داوی هێز؛ کاتێک ترەمپ و پۆتین دەبنە دیلی پێشبینییە هەڵەکان

١٢ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٩:٣٠ پاش نیوەڕۆ

داوی هێز؛ کاتێک ترەمپ و پۆتین دەبنە دیلی پێشبینییە هەڵەکان

پەنجەرە

لە وتارێکدا کە لە رۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاویکردووەتەوە، دەیڤید ئیگناتیۆس پێیوایە هەر دوو سەرۆک، دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمێر پۆتین، کەوتوونەتە ناو داوێکەوە کە پێی دەڵێت "داوی هێز"؛ بەو پێیەی چوونەتە ناو ململانێگەلێکەوە کە پێشبینییان دەکرد زۆر خێرا یەکلایی ببنەوە، بەڵام ئێستا خۆیان لەناو شەڕێکی درێژخایەن، تێچووبەر و تاقەتپڕووکێندا دەبیننەوە کە نە بردنەوەیان تێدا ئاسانە و نە کشانەوەش لێیان.

ترەمپ و ئێران، پۆتین و ئۆکرانیا

نوسەر دۆخی ترەمپ و پۆتن بەمجۆرە وێنا دەکات:

 دۆناڵد ترەمپ: پێیوابوو گوشاری سەربازی دەبێتە هۆی ئەوەی ئێران خێرا مەرجەکانی قبووڵ بکات، بەڵام ئەمڕۆ خۆی لەبەردەم قەیرانێکی بەردەوامدا دەبینێتەوە کە لە نێوان گرژیی سەربازیی و دیپلۆماسییەتدا دێت و دەچێت، بێ ئەوەی یەکلایی ببێتەوە.
 
ڤلادیمێر پۆتین: چاوەڕوان بوو لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا ئۆکرانیا بهێنێتە سەر چۆک، بەڵام کەوتە ناو شەڕێکی فراوان و داڕوخێنەرەوە کە سامان و گیانی مرۆڤەکان دەلووشێت، بێ ئەوەی ئامانجە سەرەکییەکانی بەدی بهێنێت.

نکۆڵیکردن لە هەڵەکان

نووسەر جەخت دەکاتەوە کە کێشەی هاوبەشی نێوان هەردوو سەرۆک، ڕەتکردنەوەی دانپێدانانە بە هەڵەکاندا. کاتێک هەر یەکێکیان دەوروبەری خۆی بە بازنەیەکی بەرتەسک لە ڕاوێژکاران تەنیوە و دەنگە ڕەخنەگرەکانیان دوورخستووەتەوە، ئەمە وایلێکردوون زیاتر دەست بەو بژاردانەوە بگرن کە بێبڕشتی و سنوورداریی خۆیان سەلماندووە. 
پاشەکشەکردن لای ئەوان هێڵی سوورە، بۆیە هەرکاتێک لە کشانەوە نزیک دەبنەوە، زیاتر باوەڕ بە خۆیان دەهێنن کە هێشتا دەتوانن مەرجەکانی خۆیان بسەپێنن.

ئاسۆکانی داهاتوو 

 لە دۆخی ڕووسیادا: وتارەکە ئاماژە بە بەرزبوونەوەی دەنگی ناڕەزایەتی لە نێو نوخبەی ڕووسیادا دەکات کە گومان لە سوودی ئەم شەڕە دەکەن. هەندێکیان پێیان وایە ئامانجە سەرەکییەکانی مۆسکۆ بەدی نایەن مەگەر بە داگیرکارییەکی تەواو و درێژخایەنی ئۆکرانیا، کە ئەمەش لە توانای کرداریی ڕووسیادا نییە.

 لە دۆخی ئێراندا: نووسەر پێی وایە ڕەنگە ترەمپ لە کۆتاییدا ناچار بێت ڕێککەوتنێک ئیمزا بکات کە زۆر هاوشێوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی ٢٠١٥ بێت (کە پێشتر خۆی هەڵیوەشاندەوە). ئەمەش واتای ئەوەیە شەڕ و گوشارە سەربازییەکان بەراورد بەو تێچووە گەورەیەی هەیانبووە، دەستکەوتێکی ئەوتۆیان نەبووە.

دەرەنجامی وتارەکە

شەڕی ئێران و شەڕی ئۆکرانیا لە مێژوودا وەک دوو هەڵەی ستراتیژیی گەورە تۆمار دەکرێن؛ چونکە هیچ لایەک سەرکەوتنی یەکلاکەرەوەی بەدەست نەهێنا، بەڵکو تەنیا بوونە هۆی داڕووخانی بەردەوامی سیاسی و سەربازی. ئەو دوو سەرۆکەی بە دروشمی "گێڕانەوەی مەزنیی وڵاتەکانیان" هاتنە سەر دەسەڵات، ئێستا ڕووبەڕووی دەرەنجامی شەڕگەلێک بوونەتەوە کە نەک پێویست نەبوون، بەڵکو نەهامەتی و ناسەقامگیریی زیاتریشیان بەدوای خۆیاندا هێنا

کێشە سەرەکییەکە تەنیا نەبوونی توانای سەرکەوتن نییە، بەڵکو نەبوونی بوێرییە بۆ دانپێدانان بەوەی کە "سەرکوتنی ڕەها چیتر مەحاڵە"؛ هەر ئەمەشە وایکردووە شەڕەکان سەرەڕای تێچووی زۆر و کەمبوونەوەی چانسی یەکلابوونەوە، هەر بەردەوام بن.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو