سەلەفیەتی مەدخەلی؛ ئەو ڕەوتەی گوناهی گەورە لە دژایەتیکردنی دەسەڵاتدا دەبینێت

١٤ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:٤٣ پاش نیوەڕۆ

سەلەفیەتی مەدخەلی؛ ئەو ڕەوتەی گوناهی گەورە لە دژایەتیکردنی دەسەڵاتدا دەبینێت

پەنجەرە

مەدخەلیەت ڕەوتێکی سەلەفییە کە لە سەرەتای ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا لە عەرەبستانی سعوودی سەریهەڵدا و دواتر بڵاو بووەوە بۆ وڵاتانی دیکە. ئەم ڕەوتە لە بانگەواز و میتۆدی خۆیدا پشت بە دوو بنەمای سەرەکی دەبەستێت: دڵسۆزیی بۆ دەسەڵات و گوێڕایەڵی تەواو بۆ فەرمانڕەوایان و داکۆکیکردن لە هەڵوێست و سیاسەتەکانیان، لەگەڵ هێرشی بەردەوام بۆ سەر نەیارەکانیان، بەتایبەتی ڕەوتە ئیسلامییەکانی دیکە.

ناونان 

ئەم ڕەوتە بە چەند ناوێک دەناسرێت، لەوانە: مەداخیلە، ڕەوتی مەدخەلی، یان مەدخەلیەت؛ کە هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ یەکێک لە دیارترین شێخەکانیان بە ناوی ڕەبیع بن هادی مەدخەلی (لەدایکبووی ١٩٣٢ لە سعوودیە). هەروەها پێیان دەوترێت جامیەت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ محەمەد ئەمان جامی (١٩٣١-١٩٩٦) کە بەڕەچەڵەک ئەسیوپی بوو و شێخی ڕەبیع مەدخەلی بووە.

بزووتنەوەی مەدخەلی لە کاتی شەڕی دووەمی کەنداودا لە سەرەتای نەوەدەکاندا سەریهەڵدا. لە جەوهەری خۆیدا، ئەم بزووتنەوەیە کاردانەوەیەک بوو دژ بە ڕەتکردنەوەی لایەنەکانی ڕەوتی ئیسلامی بۆ بیرۆکەی یارمەتیدان لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە بۆ دەرکردنی هێزەکانی عێراق لە کوێت، ئەمەش بە پشتبەستن بەو فەتوایانەی کە "یارمەتی وەرگرتن لە نامووسڵمان بۆ شەڕی مووسڵمان" ڕەتدەکەنەوە. ئەم لەدایکبوونەش ڕەبیع مەدخەلی لە کتێبەکەیدا بە ناوی "صد عدوان الملحدين وحكم الاستعانة بغير المسلمين" (بەرپەرچدانەوەی دەستدرێژی بێدینەکان و حوکمی یارمەتیدان لە دەرەوەی مووسڵمانان) دەربڕیوە.
بزووتنەوەکە بە پاڵپشتی بنەماڵەی شاهانەی سعوودیە لە هەموو ناوچەکانی ئەو وڵاتەدا بڵاوبووەوە، کە تێیدا هاوتایەکی بابەتییان دەبینی بۆ ڕەوتی ئیسلامی گەشەسەندوو کە ڕەتیدەکردەوە لەو سیاسەتە بەدوور بێت کە دەسەڵاتدارانی سعوودیە دەیانویست لە کایە گشتییەکانی زانکۆ و مزگەوتەکاندا باس نەکرێت.
هەروەها ئەم ڕەوتە لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی دیکەشدا بڵاوبووەوە، لەوانە میسر؛ یەکێک لە دیارترین ڕوخسارەکانیان لەوێ مەحمەد سەعید ڕەسلانە، خاوەنی فەتوایە بەناوبانگەکە بۆ سەربازانی سیسی کە تێیدا کوشتنی نەیارانی لە خەڵکی "کورداسە" و شوێنەکانی دیکە بە پێویست دەزانی.

ئاڕاستە ئایدۆلۆژییەکان

وەک ستێفان لاکروا، نووسەری کتێبی "زەمەنی سەحوە" دەڵێت، بزووتنەوەی مەدخەلی بانگەوازی خۆی لەسەر دوو بنەما دامەزراندووە:
١. گوێڕایەڵی ڕەها بۆ "وەلی ئەمر”، ئەمەش بە پشتبەستن بە ڕواڵەتی ئەو دەقانەی کە هانی گوێڕایەڵی دەدەن، بەبێ ئەوەی هیچ دەرفەتێک بۆ دەربڕینی ڕای پێچەوانەی ویستی سوڵتان بدەن؛ چونکە لە فەرهەنگی مەدخەلیدا ئەمە بە "جۆرێک لە یاخیبوون و ئاژاوەگێڕی" دادەنرێت.

مەدخەلی لە شەرحی ئوسوڵی سوننەدا دەڵێت کە گوێڕایەڵی بۆ کەسی زاڵبوو (ئەو فەرمانڕەوایەی بە هێز دەسەڵاتی گرتووەتە دەست) واجبە بۆ پاراستنی خوێن، ئەگەر کەسێکی دیکەش زاڵ بوو، ئەوا گوێڕایەڵی بۆ زاڵبووە نوێیەکە واجب دەبێت.

ئەم گوێڕایەڵییە مافێکی ڕەهایە بۆ والی، وەزیر و موفتییەکان، بۆیە گوێڕایەڵی بۆ هەموویان واجبە، تەنانەت ئەگەر زوڵم و ستەمیشیان لێ مسۆگەر بێت؛ چونکە گوێڕایەڵی ئەوان لە گوێڕایەڵی ئەو کەسەوە دێت کە پۆستی پێداون یان ڕایسپاردوون بە فەتوادان. لەم ڕوانگەیەوە، مەدخەلیەت هەر جۆرە تانەیەک یان دژایەتییەک بۆ بەیاننامەکانی "دەستەی گەورە زانایانی سعوودیە" ڕەت دەکاتەوە، وەک چۆن ڕێگری لە ڕەخنەگرتن لە وتەکانی موفتی گشتی شانشینی سعوودیە دەکات.
مەدخەلیەت ڕەخنە لە بزووتنەوە ئیسلامییەکان دەگرێت بەهۆی تێوەگلانیان لە سیاسەت و پێیان وایە ئەمە حیزبایەتییەکە کە "پێچەوانەی فەرمانی ئیسلامە بۆ یەکخستنی وتەی مووسڵمانان لەژێر چەتری یەک ئیمامدا". هەروەها هەر دەربڕینی ڕایەکی جیاواز لە دەسەڵات بە دەرچوون لە شەریعەت و نانەوەی ئاژاوە دەزانن، تەنانەت ئەگەر زانایانی دیکە بە جۆرێک لە ڕێگریکردن لە مونکەر و ئامۆژگاری بۆ وەلی ئەمر دایبنێن.

٢. تانەدان لە نەیاران 
شێخ ڕەبیع مەدخەلی ڕاشکاوانە ڕادەگەیەنێت کە: "ئیخوانولموسلیمین هیچ ئەسڵێکیان لە ئەسڵەکانی ئیسلام نەهێشتووەتەوە ئیلا هەموار یان هەڵیانوەشاندووەتەوە". هەروەها پێیوایە زۆربەی چالاکییە بانگەوازی و سیاسییەکانیان داهێنراو (بدعە)ن لە ئاییندا و پێویستە شەڕیان دژ بکرێت و ڕووبەڕوویان ببنەوە.
لەم سۆنگەیەوە، نووسینی ڕاپۆرتە ئەمنییەکان دژ بە ڕەوتە ئیسلامییەکان سەرچاوەی گرتووە، کە بەناوبانگترینیان ڕاپۆرتێکە بە ناوی: "التنظيم السري العالمي بين التخطيط والتطبيق في المملكة العربية السعودية" (ڕێکخراوی نهێنی جیهانی نێوان پلان و جێبەجێکردن لە شانشینی عەرەبستانی سعوودیە).

ئەم ڕاپۆرتە لە ناوەڕاستی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا لەلایەن مەداخیلەوە پێشکەشی دەسەڵاتدارانی سعوودیە کرا، و تێیدا بە درێژی باسیان لەوە کردووە کە گوایە چالاکییەکانی ئیخوانولموسلیمین بەستراوەتەوە بە پلانێکی جیهانی بۆ گۆڕینی ڕژێمی حاکم، و ڕاپۆرتەکە ڕاسپاردە دەکات کە "دەسەڵاتدارانی سعوودیە دەبێت لە زووترین کاتدا بجوڵێن بۆ کۆتاییهێنان بە چالاکییەکانی ڕێکخراوی ناوبراو".

بەدوای ئەم ڕاپۆرتەدا، دەسەڵاتدارانی سعوودیە کەمپینێکی بەرفراوانیان دژ بە بانگخواز و زانایانی سەر بە ڕەوتی سەحوەی ئیسلامی لە شانشینەکەدا دەستپێکرد، و دواتر زۆریان لەوان ڕەوانەی زیندانەکان کرد و چالاکییەکانی زۆربەیانیان قەدەغە کرد.

دژایەتی لە جێبەجێکردنی پرەنسیپەکاندا

تەنانەت لەگەڵ بەردەوامی مەزهەبی گوێڕایەڵی بۆ وەلی ئەمر لە کارەکانی مەداخیلەدا لە بەدرێژایی مێژوویان، بەڵام ئەم چەمکە تێکچوو کاتێک لە هەندێک وڵاتی ناوچەکەدا حکومەتی هەڵبژێردراو هاتنە سەر کار کە هاوپەیمانی سعوودیە نەبوون؛ وەک ئەوەی لە میسر و لیبیا ڕوویدا، کە تێیدا ڕەوتی مەدخەلی لە تەک کودەتاکانی خەلیفە حەفتەر و عەبدولفەتاح سیسی وەستانەوە. هەروەها لە یەمەنیشدا کە تێیدا مەداخیلە لەگەڵ هێزەکانی ئیمارات هاوپەیمانییان دژ بە عەبد ڕەببۆ مەنسور هادی کرد.
بیری مەدخەلی کۆنترۆڵی ئەدای دیارترین ئەو زانایانەی کرد کە لە دەسەڵاتی سعوودیەوە نزیکبوون، بەجۆرێک کە ئەو فەتوایانەی ڕێگە بە "وەلی ئەمر دەدەن بۆ زەوتکردنی ئازادییەکان و هاوپەیمانی لەگەڵ دوژمنانی ئوممەت" بوونە سیمای گشتی گوتاری فیقهی، تەنانەت لای ئەوانەش کە بە سەر بە مەداخیلە ئەژمار نەدەکران.
دەسەڵاتدارانی سعوودیە لە ڕەوتی جامیدا ئەوەی دەیانویست دۆزیانەوە، بەجۆرێک کە بووە ڕکابەرێکی سەرسەختی هەموو پێشنیار و تێڕوانینەکانی ڕەوتە ئیسلامییەکان سەبارەت بە کاروباری سیاسی، بە لۆژیکێک کە دەقە شەرعییەکان دەکاتە خاڵی دەستپێکی خۆی.
چاودێری و پاڵپشتی فەرمی وایکرد مەداخیلە ئیمتیازاتی زۆر لە ناوەندە پەروەردەییەکان و مزگەوت و دامەزراوە ئاینییەکاندا بەدەستبهێنن؛ ئەوان جێگەی ئەو شێخانەیان گرتەوە کە لادران یان دوورخرانەوە و سەر بە ڕەوتە ئیسلامییەکانی دیکە بوون، بەتایبەتی ئەوانەی خاوەن ئاڕاستەی ئیخوانی و سروری بوون.

ئەمەش وایکرد مەداخیلە دەست بەسەر زانکۆی ئیسلامی لە مەدینەی منەوەرەدا بگرن، کە شێخ جامی خۆی تا کۆچی دوایی پۆستی ڕاگری کۆلێژی فەرموودەی (الحديث) تێدا بەڕێوەدەبرد، و مەدخەلیش یەکێک بوو لە مامۆستاکانی.
تەنانەت ئەوان دەیانتوانی جیاکاری و بەدەرکردن لە سیستمە پەروەردەییەکەدا دروست بکەن کە ڕێگری لە نیشتەجێبووان (بێگانەکان) دەکات بچنە زانکۆکانی سعوودیە (کە تا ئەمڕۆش کار پێدەکرێت)؛ وەک ئەوەی لەگەڵ سەرکردەی ڕەوتەکە ئوسامە عەتایا کە بەڕەچەڵەک فەڵەستینییە ڕوویدا، کە بە نێوەندگیری شێخەکانی مەداخیلە لە زانکۆ خوێندی، ئەو نووسەری کتێبی "صد عدوان الصهاينة المعتدين على آل سعود أسرة الجهاد والمجاهدين" (بەرپەرچدانەوەی دەستدرێژی زایۆنیستە دەستدرێژیکارەکان بۆ سەر ئالی سعوود، بنەماڵەی جیهاد و موجاهیدەکان)ە.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو