چەکی بەرپرسان؛ پارێزبەندیی نەنووسراو یان چاوپۆشیی یاسایی؟

٢٣ حوزەیران ٢٠٢٦ - ٨:٤٣ پاش نیوەڕۆ

چەکی بەرپرسان؛ پارێزبەندیی نەنووسراو یان چاوپۆشیی یاسایی؟

پەنجەرە

لە کاتێکدا حکومەتی عێراق بانگەشەی کۆنترۆڵکردنی چەک و سنووردارکردنی لە دەستی دەوڵەتدا دەکات، شەقامی عێراقی ڕووبەڕووی پرسیارێکی جدی و هەستیار دەبێتەوە: کێ چاودێریی و لێپرسینەوە لەو چەکانە دەکات کە لە ماڵی سەرۆکایەتییەکان، وەزیرەکان، بریکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکاندایە؟

ئەم پرسیارە لە کاتێکدایە کە زۆرجار ئەم چەکانەی لای بەرپرسان و پاسەوانەکانیانن لە دەرەوەی یاسا بەکاردەهێنرێن، لەبری پاراستنی ئاسایش، سود لەچەک بۆ پێشێلکاریی و تۆقاندنی هاوڵاتیان وەردەگیرێت.

نموونە زیندووەکانی پێشێلکاریی یاسایی

ناوبەناو دۆسیەی جۆراوجۆر لەسەر دەستبەسەرداگرتنی چەک یان دەستدرێژیکردنی پاسەوانی بەرپرسان دەبنە ڕۆژەڤ، کە تێیدا کەسایەتییە دەستڕۆیشتووەکان تێوەدەگلێن:
 دۆسیەی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوت: لایەنە ئەمنییەکان لەناو ماڵەکەیدا دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنی جۆراوجۆردا گرت. گەرچی دۆسیەکە هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەی دادوەریدایە و بڕیاری کۆتایی لەسەر نەدراوە، بەڵام بوونی ئەم قەبارەیە لە چەک لە ماڵی بەرپرسێکدا نیشانەیەکی گەورەی پرسیارە.

 دۆسیەی پەرلەمانتار موهەیمەن حەمدانی: ئەم پەرلەمانتارەی سەر بە هاوپەیمانی تەقەدومی حەلبووسی، چەکی فەرمی دەوڵەتی لە کێشەیەکی خێزانیدا بەکارهێناوە؛ تەقەی لە هاوسەرەکەی (د. حەنین عەلوان) کردووە ، هێرشی کردووەتە سەر خەسوی، تەنانەت تەقەی لە کرێکارانی بیناسازی لە ناوچەی (حارسیە)ی بەغداد کردووە و دووانیانی بریندار کردووە. جگە لەوەی ساڵی ڕابردوو پاسەوانەکانی لە کەرکووک بە چەک هێرشیان کردبووە سەر خێزانێک و دەستگیرکران.

ئەسڵی کێشەکە

چاودێران پێیان وایە کێشە سەرەکییەکە تەنها بڵاوبوونەوەی چەک نییە، بەڵکو پشتبەستنی ئەم بەرپرسانەیە بە نەبوونی لێپرسینەوەی توند. كاتێک لێپرسینەوە لە بەرامبەر خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات نەبێت، چەکی فەرمی لە ئامرازێکی پاراستنەوە دەبێتە ئامرازی هەڕەشە و فشار.

سکاڵای بەردەوامی هاوڵاتیان لە ڕەفتاری سەرەڕۆیانەی کاروان و پاسەوانانی چەکداری بەرپرسان لە شەقامەکاندا (وەک هێرشکردن، هەڕەشە و پێشێلکردنی یاساکانی هاتووچۆ) ئەم ڕاستییە دەسەلمێنێت. 
ئەم دۆخە وایکردووە جۆرێک لە "پارێزبەندیی نەنووسراو" بۆ چەکی بەرپرسان دروست ببێت، کە بە تەواوی پێچەوانەی بنەمای دەستوور و یاساکانی عێراقە کە جەخت لە یەکسانیی هەمووان لەبەردەم یاسادا دەکەنەوە.

دەرەنجام

کۆنترۆڵکردنی ڕاستەقینەی چەک دەبێت لە لوتکەی دەسەڵاتەوە دەست پێبکات. پێویستە چەکی مۆڵەتدراو، کاروان و پاسەوانانی بەرپرسان بخرێنە ژێر چاودێرییەکی توندی کارگێڕیی و دادوەرییەوە. یاسا دەبێت بەسەر هەموواندا جێبەجێ بکرێت، بەبێ ڕەچاوکردنی پێگەی وەزیفی یان پشتێنەی سیاسییان؛ بەتایبەت کە ئەم چەکانە لە جیاتی پاراستنی سەروەریی و سەقامگیری وڵات، زۆرجار لە ململانێی شەخسی و دژی هاوڵاتیان بەکارهاتوون.


دواین پێشهات

زۆرترین خوێنراو